کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ۲ی ڕێبەندان

21:02 - 2 رێبەندان 2723

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار (۲۰ی ژانویەی ۲۰۲٤) ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگران و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، کە لەلایەن لاوانی کۆمیتەی حیزبەوە ئامادەکرابوو و ڕاگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

محەممەد فەقێ‌عەلی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند.

پەیامی کۆمیتە لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوتریش، خاتوو مونیرە نیگەهدارەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، دوکتور جەواد دانش پەژوو باسێکی یاسایی لەسەر کوشتار و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ڕێکارە یاساییەکان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو جینایەتانە لە دەزگایەکی نێونەتەوەییدا کرد و هەروەها کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای بۆ بەشداران ڕوون کردەوە.

چەند حیزب و لایەنی سیاسی لەوانە: پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق، پارتی دیمۆکراتی کوردستانی سووریە و کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا پەیامی پیرۆزباییان بۆ کۆمیتەی حیزب ناردبوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکەوە سپاسیان کرا و  پەیامی پارتی پێشڤەڕۆی کوردی سووریە لەلایەن محەممەئەمین یووسفەوە خوێندرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان کۆتایی پێ هات.