کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرفەتە زێڕێنەکە

17:36 - 3 رێبەندان 2723

ئاسۆ مێنبەری

لە ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەینەوە، کۆمارێک کە سەرەڕای کەمبوونی تەمەن و جوانەمەرگ‌کرانی لەلایەن دەسەڵاتی پاڵەوییەوە بەڵام پڕ لە نوێگەری و داهێنان و ئەزموون بۆ داهاتوو بوو.

زۆرجار باس لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان کراوە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە ئەم دەسکەوتانە بەرز نرخێندراون، چونکە بێگومان توانیویانە وەکوو بناغەیەک بۆ بنیاتنانی داهاتوو لە کوردستاندا کەڵکیان لێ وەربگیرێ. وردبوونەوە لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان، سەرەڕای کەم ئەزموونیی خودی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە دەری دەخات کە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە سیاسییە لە کوردستان بەردەوام بایە و بەو شێوازە نەکەوتبایەتە بەر تەوری نەیارانی و زیاتر تەمەنی بکردبایە، بێگومان دۆخی ئێمە وەکوو کورد، ئێستا زۆر باشتر بوو!

یەکێک لەو خاڵە گرینگانە کە زۆر جار باسی لەسەر کراوە، کردنەوەی دەلاقە بۆ بەشداریی ژنان لە کاروباری سیاسی لە چوارچێوەی کۆماری کوردستاندا بووە. کۆماری کوردستان وەکوو دەسەڵاتێکی سیاسی لە کوردستان، بەفەرمی ژنی هێنایە نێو گۆڕەپانی سیاسەتەوە. بێگومان چەندە دامەزرانی خودی کۆماری کوردستان وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ توانیبێتی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی ئەوکاتی کوردستان و پرسی کورد  لە کوردستان هەبێ، ئەوەندەش توانیویەتی کاریگەریی لەسەر ژن و پرسەکانی ژنان هەبێ.

زۆر جار باس لەوە کراوە کە پێشەوا قازی محەممەد وەکوو سەرۆک‌کۆماری کوردستان، بە هێنانی هاوسەرەکەی خۆی بۆ نێو بازنەی سیاسەت و سپاردنی ئەرک بە مینا خانمی هاوسەری وەکوو یەکەم سکرتێری ئەم ڕێکخراوە یەکەم هەنگاو و دەکرێ بڵێین پتەوترین هەنگاوی لەو کاتەدا بۆ بەشداری‌پێکردنی ژنان لە کاروباری سیاسیدا هەڵگرت. ڕەنگە ئەمە لای زۆر کەس وەکوو شتێکی ئاسایی چاوی لێ بکرێ، بەڵام بە لێکدانەوەیەک بۆ دۆخی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی خەڵکەکەی نەخوێندەوار بوون و ئاستی خوێندەواریی ژنانیش بە هۆکارگەلی جیاواز زۆر زۆر کەمتر بوو، دروستکردنی ئەو متمانە و باوەڕبەخۆبوونە لە ژناندا کە ئەتوانن لە کاروباری سیاسی و ڕێکخراوەییدا بەشدار بن، بابەتێکی زۆر گرینگە.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژن وەکوو ڕەگەزی لاواز چاوی لێ کراوە و تەنانەت لە مافی خوێندنیش بێبەری بووە، ئەم چەشنە لە گرینگیدان و دەرفەت خولقاندنە بۆ ژن، کردەوەیەکی زۆر گرینگ و جێی بایەخە. لەلایەکی تریشەوە، ئەو بوێرییەی ژنان کە سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، توانیویانە خۆیان لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەییدا ببیننەوە و کەڵک لەو دەرفەتە زێڕینە وەربگرن، پتر لەوەش جێ بایەخە.

جیا لەوەی لەدایکبوونی کۆماری کوردستان تا چەند توانیی لەسەر هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەدۆستیی خەڵکی کوردستان کاریگەر بێت و ئەم خۆشەویستییە نەوە دوای نەوە تا ئەمڕۆ بگوازرێتەوە، دەرس‌وەرگرتن لە ئەزموونەکانی کۆمار دەبێ چەند قات زیاتر گرینگیی پێ بدرێت، ژنان ئەوکات هاتنە مەیدانێکەوە کە نوێ و نەناسراو بوو، بەڵام یەکەم هەنگاویان بە سەرکەوتوویی هەڵ گرت و بەردی بناغەی کاری ڕێکخراوەیی و بەشداریی ژنانی کوردستانیان بۆ داهاتوو دانا، بوێرییەکەی ئەوان گوازرایەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو و وای لێ هات کە جیا لەوەی کە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات وەکوو دەسکەوتێکی بەنرخی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە چاوی لێ بکرێت و بایەخی پێ بدرێت، هەبوونی ژنان لە چوارچێوەی کاروباری سیاسی و ڕێکخراوەیشدا بایەخێکی دوو چەندانی لەخۆ گرت.

پاش ٧٨ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، ژنان و کچان بە کەلک‌وەرگرتن لەو ئەزموونە، توانیویانە سەرکەوتنێکی ئێجگار زۆر لە کاروباری ڕێکخراوەیی و سیاسییدا بەدەست بێنن و لە زۆر بواریشدا خاوەن پێگە و خاوەن قسەی خۆیان بن.

بێگومان پاش ٧٨ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، ناتوانین باس لە گرینگیی بەشداریی ژنان لە کاروباری سیاسیدا بکەین، بەڵام ڕۆڵ و کارتێکەریی کۆماری کوردستان و دامەزرانی یەکیەتی ژنان لە دڵی ئەم کۆمارەدا، لەبەرچاو نەگرین.

ئەزموونی خەباتی ژنان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێمان دەڵێ کە تا چەند خودی کۆماری کوردستان توانیویەتی دەرفەتێکی زێڕێن بۆ ژنان بێ.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کاری ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵگەی کوردستان، ڕەنگ و بۆنێکی دیکەی بە خۆیەوە گرت، لە ڕاستیدا لە قۆناغێکدا، سەرهەڵدانی NGO و ڕێکخراوەکان، وەکوو دووپاتبوونەوەی مێژوو بوو؛ چونکە ڕێک لە دوای ڕووخانی کۆمار و دواتریش بە هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی هەموو دەرفەتەکان بۆ بەشداری لەم کایەدا، لێیان ئەستێندران، بەڵام باکگراوندی خەڵکی کوردستان لە سەربەخۆیی و دەست‌ئاوەڵایی سەردەمی کۆماری کوردستان وای کرد کە لە کوردستاندا، بە پێچەوانەی شوێنەکانی دیکە، بایەخ بە کاری ڕێکخراوەیی لەژێر سێبەری حیزبە سیاسییەکاندا بدرێت و لەم چوارچێوەیەشدا ڕۆڵی ژنان لە گەشە و سەرکەوتنی کۆمەڵگەدا، بەرز بنرخێندرێ، کەوابوو سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوەکان و بەتایبەتیش ئەو ڕۆڵ و ئەرکەی کە ژنان لەم چوارچێوەیەدا لە ئەستۆیان گرت، پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو ڕابردووە چارەنووسسازە هەیە کە کۆماری کوردستان خوڵقاندی.

گرینگیدان بە ژن و ئەرک خستنە سەر شانی لە پرسە گرینگەکاندا، وای کرد کە درێژەی تێکۆشانی ژنان، قۆناغی شۆڕشی ژینا بە خۆیەوە ببینێ و ژنان نەک تەنیا ئەکتەر بەڵکوو کاتالیزۆرێکی سەرەکی بۆ ئەم شۆڕشە بن و بە پشتبەستن بە ئەزموون و دەسکەوتەکانی کۆمار بەتایبەت بۆ ژنان، خۆیان لەم چوارچێوەیەدا ببیننەوە.

ئەرک‌وەخۆگریی ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، گرینگ بوو، بەڵام پاراستنی ئەو دەسکەوتانە بۆ بونیاتنانەوەی داهاتوویەکی گەش گرینگترە، بێگومان لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسیی دواڕۆژی کوردستاندا، بوونی ژنان و بەشداریی چالاکانەیانە کە زیاتر لە ئێستا بایەخی کۆماری کوردستان و کارتێکەریی ئەم کۆمارە لەسەر پرسەکانی ژنان دەر دەخات، بۆیە پێویستە ژنان هەنگاوەکانیان لەپێناو گەیشتن بە پێگەیەکی بەهێز چر بکەنەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، لە بونیاتنانەوەی داهاتووی کوردستاندا ئەرک لە ئەستۆ بگرن و دەرفەتە زێڕینەکانی ئێستایان لەدەست نەدەن.