کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانی خەیاڵیی بایدن

17:57 - 3 رێبەندان 2723

نەیشناڵ ریڤیو – ڕیچارد گۆلدبرگ

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

چەند سەعات پێش کۆبوونەوەی ٣٠٠ هەزار کەسی لە نەیشناڵ ماڵ بۆ دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ ئیسڕائیل و سەرکۆنەکردنی تێرۆریزمی حەماس، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن یادداشتێکی ناردە کۆنگرە تا ئیزن بە ئێران، پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزم و بکەری ڕاستەقینەی کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەر بدا، تا دەستی بە ١٠ میلیارد دۆڵار ڕابگات.

ئێسڕائیل بە هەڕەشەی تێرۆریستی، ئەوەی مەلاکان پێی دەڵێن "ئاڵقەی ئاگر"، گەمارۆ دراوە کە لەلایەن تارانەوە هاوئاهەنگ و پشتگیریی دارایی دەکرێ. بەکرێگیراوی ئێران واتە حیزبوڵڵا، بە ١۵٠ هەزار هاژەک لە لوبنانەوە، ڕۆژانە بە هاژەکی دژی تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانەوە هێرش دەکات. خانە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە جودیە و ساماریە ڕۆژانە هێرش دەکەن و هێزی بەرگریی ئیسڕائیل ناچار بە دەستێوەردان دەکەن. حوسییەکانی یەمەن، کە خاوەن و دنەدەرەکەیان سوپای پاسدارانە، هاژەکی بالیستیکی، هاژەکی دەریایی و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بە ئیسڕائیل و هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە دەنێن و، لەو دواییانەدا لە دەریای سوور دەستیان بە سەر پاپۆڕێکی پەیوەندیدار بە ئیسڕائیلەوە داگرت. تاقمێکی سەر بە ئێران لە سووریە بەردەوام هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکەنە سەر ئەیلات لە باشووری ئیسڕائیل.  

لە هەماند کاتدا، تاقمە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریە، ڕۆژانە خەریکی شەڕ دژی هێزەکانی ئەمریکایی لەو دوو وڵاتانەدان و دەیان ئەندامی هێزی سەربازیی ئەمریکایان بریندار کردوە. لە هێرشێکی ئەو دواییانەدا بەڵێندەرێکیش کوژرا.

چۆن سەرکۆمارێکی ئەمریکایی پێی وایە ئاقڵانەیە، دروست لەو ساتەوەختەدا، سەری هەمبانە شل بکاتەوە بۆ یاریدەدەری دارایی و بەرپرسی ئەو هەموو وێرانکارییە؟ وەڵامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١۵، کاتێک سەرکۆمار باراک ئۆباما هەوڵی دا پارادایمی ستراتیژیکی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە دانی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگۆڕێ.

بۆ زۆربەی ئەمریکاییەکان ئەوە تەنیا "مامەڵەیەکی ناوکی" بوو (کە بەفەرمی نێوی نرا بەرجام) لەگەڵ شەڕێکی سیاسی لەسەر ئەو بابەتە کە ئاخۆ سیاسەتی سازان یان بەرەوڕووبوونەوە باشترین ڕێگایە بۆ پێشگرتن بە پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزم لە دنیادا کە دەستی بە وێرانکارترین چەکی دنیا ڕا بگات. بۆ ئۆباما و نزیکترین یاریدەدەرانی، ئەوە دەرفەتێک بوو تا ئەوەی لە ڕوانگەی ئەوانەوە نادادپەروەرییە کۆنەکانی ئەمریکا بوو، قەرەبوو بکەنەوە. ئەوان پێیان وابوو ئێران نەفرەتی لە ئەمریکا هەیە، پشتگیری لە تێرۆریزم دەکات و بەشێکی بەو هۆیەوە هاژەکەکانی بڵاو دەکاتەوە، چونکە ئەمریکا خراپەی لەگەڵ خەڵکی ئێران کردوە.

ئۆباما لە ٢٠١۵ بە توماس فریدمەنی نیویۆرک تایمزی گوت، "من پێم‌وایە دەبێ ئەو تواناییەت هەبێ کە هێندێک جار خۆت لە جێگای ئەوان دانێی و، کاتێک دەڕوانیە مێژووی ئێران، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە دەستمان لە ڕووخاندنی ڕێژیمێکی بە دێموکڕاتیک هەڵبژێردراو لە ئێراندا هەبووە. ئێمە لە ڕابردوودا پشتیوانی سەددام حوسێن بووین، کاتێک دەزانین کە ئەو لە کاتی جەنگی ئێران-عێراق کەڵکی لە چەکی شیمیایی وەرگرتبوو، کەوابوو، لە ئاکامدا، ئەوان نیگەرانیی ئەمنیەتی و بۆچوونی خۆیان هەیە."

بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما پێی وابوو بە پێشکەشکردنی چڵی زەیتون و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەتوانن ڕێژیم میانڕەو بکەن و بە ئاواڵەکردنی دەستی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە سامانەکانی و پەرەپێدانی دەسەڵاتی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، هاوسەنگی لە نێوان لایەنە ڕکەبەرەکانی شیعە و سوننی دەبێتە هۆی سەقامگیریی ناوچە و کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە.

هەڵبەت ئەوە نیشانی دا کە ستراتیژییەکی کارەساتبارە و لە جیات کەمکردنەوەی هەڕەشە، کێشەی سەربازیی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوی زیاتر کرد. هەڵگرتنی گەمارۆکان، داخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی داد و ڕازیکردنی وەزارەتی بەرگریی بۆ خۆبەستنەوەی زیاتر بە دوژمنی سوێندخواردووی ئەمریکا، کە پشتگیریی لە تێرۆریزم دەکات و هەوڵ دەدا چەکی ناوکی وەدەست بینێ، دەبێتە ئەو شتەی کە چاوەڕوان کراوە، واتە تێرۆریزمی زیاتر، گەشەکردنی بەرنامەی ناوکی و دۆخێکی لاوازی هێزی سەربازیی .

بەر لە ڕێککەوتنی ناوکی، ئێران پرسێکی نێوان هەر دوو حیزبی کۆنگرە بوو. لە ٢٠١١ پێشنیاری گەمارۆخستنە سەر بانکی ناوەندیی ئێران لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هەموو ١٠٠ دەنگەکەی پێ درا. لە کاتێکدا لە ٢٠١۵ لە باسێک لەسەر ڕێککەوتنەکە بووە هۆی هاودەنگیی ڕێژەیەکی زۆر لە نوێنەرانی دێموکڕاتی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرە لەگەڵ نوێنەرانی کۆماریخوازی ئۆپۆزیسیۆن، کاتێک ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرا، کە بووە هۆی پتەوکردنی بناغەکانی سیاسەتی دەرەوەی سەرکۆماری خۆشەویستی دەنگدەرە لیبڕاڵەکانی، ئەو ڕێککەوتنە بووە هۆی مشتومڕی سیاسیی ئەو دوو حیزبە.

بەڵێنی دۆناڵد ترامپ بۆ هەڵوەشاندنی ڕێککەوتنەکە و لە کۆتاییدا بردنەسەری ئەو بەڵێنە، باسی سیاسی لەبارەی ئێرانی هێندەی دیکەش کردە پرسێکی سیاسی. سیاسەتێک کە تەنیا هەشت ساڵ پێشتر دەنگی هەمووانی پێ درابوو، لەلایەن دێموکڕاتەکانەوە سەرکۆنە دەکرا، چونکە ترامپ باوەشی بۆ کردبۆوە.

بۆ هێندێک کاربەدەستی هەڵبژێردراو گرینگ نەبوو کە ئێران کەڵکی لە ڕێککەوتنەکە وەرگرتبوو تا زۆر زیاتر لە پێشوو هاژەک بهاوێ، بوونی تێرۆریستی خۆی لە سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن، کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە پەرە پێ بدا و، سانتریفیۆژی پێشکەوتووی دروست کردن بە جۆرێک کە تەنیا ڕۆژێکی کات پێویست بێ بۆ تێپەڕ بوون لە بەربەستی بوون بە هێزی خاوەن چەکی ناوکی. بۆ پشتیوانانی ڕێککەوتنی ناوکی گرینگ نەبوو کە موسادی ئیسڕائیل ئارشیوی بەڵگەی نهێنی لەمەڕ چەکی ناوکی، شاردراوە لە تاران، دیتبۆوە، دیتنەوەیەک کە چەند بنکەی ناوکی نەزانراوی ئاشکرا دەکردن و دەیسەلماند کە ئێران چەند ساڵ دانوستانکاران و  پشکێنەرانی فریو داوە. ئەوەشیان بۆ گرینگ نەبوو کە سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی ترامپ ئاکامی هەبوون: کەمترکردنەوەی پشتگیریی دارایی لە تێرۆریزم، ناسەقامگیریی ئابووری لە ئێران و جەماوەری لایەنگری ڕۆژاوا کە لە ٢٠١٩ لە دژی دیکتاتۆڕەکەیان ڕاپەڕیبوون. تەنیا شتێک کە گرینگ بوو، پاراستنی ڕێککەوتنی ئۆباما و بەراوەژووکردنەوەی هەموو سیاسەتەکانی ترامپ بوو.

لەبەر ئەو هۆیە، بەربژێر جۆ بایدن بەڵێنی دا خێرا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و کۆتایی بە سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بێنی. لە کاتی گواستنەوەی دەسەلات بۆ بایدن، ئیران ئیرادەی سەرۆکی نوێی بە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی ٪٢٠، کارێک کە تاران لە کاتی دەسەڵاتی ترامپدا خۆی لێ بواردبوو، تاقی کردەوە.

سەرەڕای ئەو هەنگاوە، کاتێک سەرکۆمار دەستبەکار بوو، سیاسەتی ئەمریکای لە زەختەوە بۆ ڕازیکردن گۆڕی، بەو هیوایە بتوانێ بوار بۆ چالاککردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام خۆش بکات. بایدن حوسییەکانی یەمەنی -کە ئێران پشتگیرییان دەکات- لە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکان هێنایە دەر، خۆی لە چالاککردنی بڕیاری پەلەپیتکە ل لایەن ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوارد، گەمارۆکانی شل کردنەوە ئێران دەستی بە دراو ڕابگا تا هێندێک قەرز بداتەوە و هەناردەی نەوتەکەی بۆ چین زیاد بکات، پێشی بە هاوپەیمانە ئورووپاییەکان گرت تا ئێران ل لایەن ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ڤییەن لێپێچینەوەی لێ بکرێ و، ئێزن درا بە بەکرێگیراوانی ئێران لە سووریە و عێراق بێ سزادان هێرش بکەنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا. بە هیوای گەیشتنی خێرا بە ڕێککەوتن، بایدن، ڕابێرت ماڵی (کە لەو کاتییەوە نردێدراوەتە پشووی بێسنووری بێ مووچە لە چاوەڕوانیی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی بۆ هەڵسوکەتی نەشیاو لەگەڵ زانیاریی نهێنی) وەک نێردەی تایبەتی خۆی، سەرەڕای دەستەمۆ بوونی ماڵی لەلایەن ئێران و بەکرێگیراوەکانیەوە. ئەوپەڕی زەخت جێگای دابوو بە خۆ بەدەستەوە دان.

وەڵامی ئێران بۆ شلکردنەوەی زەختی گەمارۆکان، قووڵکردنەوەی کێشەکان لە سەرجەم بەرەکان بوو. ئەوەی لە جانیوەری ٢٠٢١ وەک ٪٢٠ پیتاندنی ئۆرانیۆم لە بنکەی ژێر زەویی فۆردۆ دەستی پێ کردبوو، لە ئاپریل بوو بە بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ پلەی ٪٦٠، بەرزترین ئاستی پیتاندنی ئێران. لە ئاگوستی ٢٠٢١، ئێران کانزای ئۆرانیۆمی بەرهەم هێنا، ماددەیەک کە بۆ چەکی ناوکی پێویستە. لە ماوەی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢، ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو سانتریفیۆژی پێشکەوتووی دامەزراندن تا توانایی پیتاندنی ئۆرنیۆم پەرە پێ بدا، لە کاتێکدا کە توانایی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران لە ناوەندی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژ سنووردار کرا. ئێران لە دروستکردنی بنکەیەکی ناوکی لە نزیک نەتەنز پەلەی کرد کە گوایە ١٠٠ میتر لە ژێر زەوی دایە، کە لە هێرشی بۆمبی ئیسڕائیلی و تەنانەت ئەمریکایی پارێزراوە. هێرشەرکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایی لە عێراق و سووریە لە هەموو ئەو ماوەیەدا پەرەیان گرتوە، بە شایەتیی ژەنڕاڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا لە مانگی مارس، بەکرێگیراوانی ئێران لە جانیوەری ٢٠٢١ بەولاوە ٧٨ جار بە هاژەک و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا، تیمی بایدن جارێک نەیگوت "نا". لە جیاتی پەنابردن بۆ سیاسەتی زەخت و چاوترسێن‌کردن، کۆشکی سپی بێ‌هیواتر بوو، تەنانەت پەنای بۆ یارمەتی وەرگرتن لە ڕووسیە برد. لە جانیوەری ٢٠٢٢، گۆڤاری فارین پاڵیسی هاواری کرد: "یاریزانی بەتوانای دانوستانەکانی ناوکی: خوشت بوێ یان لێی بێزار بی، پیاوی ڕووسیە لە ڤییەن بۆتە وتەبێژی نافەرمیی ڕێککەوتنی ئێران." بەڕاستی، باڵوێزی ڕووسیە، میخایل ئولیانۆڤ فیلمی لێ گیرا کە بە خۆی و ئێرانییەکانی هەڵدەگوت کە لە وتووێژەکاندا چەندە پاشەکشەیان بە ماڵی کردوە.

بەڵام دروست لەو کاتەدا کە کاربەدەستانی ئەمریکایی و ڕووسیەیی پێشبینی ڕێککەوتنێک لە ماوەیەکی کورتیاندا دەکرد و ئەمریکا تەنانەت گەمارۆی سووک دەکردنەوە و ئیزنی بە ڕووسیە دەدا پشتیوانی لە بەرنامەی ناوکیی ئێران بکات، داگیرکاریی پوتین دژی ئوکراین ئەو ڕەوتەی پەک خست. مۆسکۆ پێداگر بوو کە نابێ هیچ ڕێککەوتنێک بێ‌ئەوەی ئیزن بە ڕووسیە بدرێ خۆی لە گەمارۆی ڕۆژاوا لە ڕێگای ئێرانەوە لادا، بکرێ. پوتین و خامنەیی ڕێککەوتنەکەیان پەک خست. بەڵام پاشەکشەکان بۆ بایدن قەت کۆتاییان نەهات. دوای ڕەتکردنەوەی سێ پێشنیار لە لایەن ئێرانەوە، وەڵامی کۆشکی سپی ئەوە بوو کە پێشنیاری پاشەکشەی دیکەش بکات، ئەو جار سووککردنی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر سوپای پاسداران.

لە سەرەتای ئاگوستی ٢٠٢٢، یەکیەتیی ئورووپا شتێکی پێشنیار کرد کە ناویان نابوو ڕەشنووسی کۆتایی پێشنیاری ڕێککەوتن کە ئێران یان دەبوو پەسەندی بکات یان ڕەتی بکاتەوە. هێندێک خەڵک ڕەنگبێ پێیان وابێ گواستنەوەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بۆ ڕووسیە دووهەمین بەربەستی ڕێککەتن بوو، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. وڵاتە یەکگرتووەکان دەستی کرد بە هۆشداریدان کە ڕەنگبێ ئێران لە جولای ٢٠٢٢ فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان ڕادەستی ڕووسیە بکات و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی دوو مانگ درێژەی بە وتووێژ بۆ ڕێککەوتنێک دا کە دەبووە هۆی پشتگیریی دارایی و ئەگەری ڕەواییدان بەو گواستنەوانە. ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان ناڕاستەوخۆ پەیامیان ئاڵووێر کردن تا وتووێژەکان لە سێپتەمبەر کۆتاییان هات.

پێش ئەوەی کۆشکی سپی دیسان ڕێگایەک بۆ پاشەکشە بدۆزێتەوە، گەشتی ئیرشادی ئێران مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی لەبەر ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی ڕێژیم کوشت کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بێوێنە دژی ڕێژیم لە سەرانسەری وڵات. کاتێک ئێلیتی هاڵیوود لە سۆشیال مێدیادا بە لێشاو پشتگیریی خۆیان بۆ ژنانی ئێران ڕاگەیاند و، هەڵبژاردنی نێوان مەودا نزیک ببۆوە، لە کۆتاییدا کۆشکی سپی تووشی بەربەستێکی یەکلاکەرەوەی سیاسی بۆ درێژەدان بە وتووێژەکان بوو. هەڵبژاردنەکانی نێوان مەودا کۆتاییان هات و زستان بوو بە بەهار و کۆماری ئیسلامی خۆی لە سەرهەڵدانەکە دەرباز کرد. برێت مەگورک، ڕێکخەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی کۆشکی سپی چوو بۆ عوممان تا پەیامێک بۆ ئێران بنێرێ: ئەمریکا هێشتا خوازیاری ڕێککەوتنی ناوکییە.

ڕێککەوتنێکی نهێنی بۆ یەکەمجار لە ٧ی جونی ٢٠٢٣ لە لایەن ڕۆژنامەی ئیسڕائیلی، هائارێتز پشتڕاست کرایەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێران لە بەرانبەر سووک‌کرانی گەمارۆکان، قبووڵی کردبوو "پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ئاستی بەرز ڕاگرێ". ڕاپۆرتەکە باسی لە ئازادکرانی ٢٠ میلیارد دۆڵار، لە عێراق، کۆرەی باشوور و سندووقی دراوی جیهانی، بۆ ئێران وەک "یەکەم قۆناغی" ئەو "لێک‌تێگەیشتنە"، کردبوو.

زۆری پێ نەچوو وڵاتە یەکگرتووەکان ئیزنی بە ئێران دا تا دەستی بە ٢،٧٦ میلیارد دۆڵار ڕابگا کە لە عێراق ڕاگیرابوو تا بتوانێ قەرزەکانی لە شوێنی دیکەی دنیا بداتەوە. کاربەدەستانی ئێران مەزەندەیان دەکرد کە ١٠ میلیارد دۆڵار دراوی سڕکراوی ڕێژیم لە عێراق هەیە و، لە مانگی جولای بەڕێوەبەرایەتی بایدن سووککردنێکی نوێی گەمارۆکانی ڕاگەیاند کە ئیزنی بە ئێران دەدا ١٠ میلیارد دۆڵار لە عێراقەوە بگوازێتەوە تا یارمەتیدەری بودجەکەی بێ.

ئەوسا نۆرەی سووککردنی هەناردەکردنی نەوت هات کە بووە هۆی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە دراوی زۆرتر. مانشێتێکی ڕۆیتەرز لە مانگی جوون بەو شێوەیە بوو، "لە کاتی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان،  ئاستی هەناردە کردنی نەوتی ئێران ڕێکۆردی پێنج ساڵە دەشکێنێ" لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتەکە دەیگوت لە مانگی مای ئێران ڕۆژانە زیاتر لە یەک و نیو میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات کە بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی مانگانە لە ٢٠١٨ بەولاوەیە. واڵ ستریت جورنال ڕایگەیاند مانگی دواتر هەناردە کردنی نەوتی ئێران دیسان ڕێکۆردی ۵ ساڵەی شکاند و گەیشتە ١،٦ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا، کە دوو هێندەی ڕێژەی ساڵی پێشوو بوو. لە مانگی ئاگوست بلومبرگ ڕاستییەکەی ئاشکرا کرد: "کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە نافەرمی دانیان بەوە داناوە کە ئەوان وردە وردە سەپاندنی هێندێک گەمارۆ بۆ سەر فرۆشتنی نەوتی ئێرانیان ڕاگرتوە." بەگوێرەی سەعید قاسمی‌نژاد لە دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان، ئەوە ٣٠ میلیارد دۆڵاری دیکەی پێشکەشی تاران کردوە.

دواتر، لە ساڵڕۆژی ١١ی سێپتەمبەر، بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕێگای دا ٦ میلیارد دۆڵار داهاتی نەوتی ئێران کە لە کۆرەی باشوور سڕ کرابوو، بکرێتە یورۆ و بدرێتە سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە دنیادا و لە حەوتووەکانی پێش کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە، ئێران خەریکی وتووێژ بۆ دەستڕاگەیشتن بە ٣ میلیارد دۆڵاری دیکە بوو کە لە ژاپۆن دەستی بەسەردا گیراوە.

پاش گەیشتنی هەواڵە ترسناکەکان لە ئیسڕائیلەوە، لەبارەی هێرشە ترسناکەکەی کە هەموو نیشانەکانی پشتیوانیی و ڕێکخستنی ئێرانی پێوە دیار بوو، مرۆڤ چاوەڕوان بوو سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتی بایدن ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا بێ. بەڵام وا نەبوو. هەشت حەوتوو دواتر و پاش زیاتر لە ٧٠ هێرش بۆ سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر لە عێراق و سووریە، ڕێککەوتنی ناوکیی بایدن لەگەڵ ئێران هەر درێژەی هەیە.

لە ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بایدن بە فڕۆکە سەردانی ئیسڕائیلی کرد تا هاوپشتیی خۆی بۆ دەوڵەتی جوولەکە ڕاگەیەنێ. ئەوەی کە زۆر کەس نایزانێ ئەوەیە کە لە کاتی فڕینەکەدا، بایدن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکان، ڕێگای دا گەمارۆی هاژەک بۆ سەر ئێران ماوەی تێپەڕ بێ. ئەو دیارییە لە ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١۵ پێشکەشی ئێران کرابوو و بایدن دەیتوانی ئەوە بە نووسینی نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشێنێ و گەمارۆکە بە سەر تاراندا بسەپێنێتەوە. بەڵام ئەو زیندوڕاگرتنی ڕێککەتنەکەی بەلاوە گرینگتر بوو.

ئەوسا مستی سەر دڵ هات، یەکەم درێژکردنەوەی سووککردنی گەمارۆی ئابووری دژی ئێران پاش ٧ی ئۆکتۆبەر، سووککردنێک کە ئیزن بە ئێران دەدا دەستی بە ١٠ میلیارد دۆڵار لە عێراق ڕابگات، ڕاگەیەنرا. دەستخۆشانەیەک کە سووتەمەنی بۆ "ئاڵقەی ئاگر" بە دەوری ئێسڕائیل دا زیاتر دەکات. هەر ئەو سەرکۆمارەی کە دوو پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگری وەک هۆشداریی بە تاران ناردنە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، هاوکات گیرفانی ئایەتوڵڵاکان پڕ دەکات. ئاخۆ جێگای سەرسوڕمانە کە حیزبوڵڵا و حوسییەکان هێشتا هاژەک دەهاوێن و میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان؟

ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنەکە هیچی دەست دەکەوێ؟ بە هەموو نیشانەکانەوە، پیتاندنی ئۆرانیۆم، دامەزراندنی سانتریفیوژان، دروستکردنی بنکەی ژێر زەوی، بەربەست خستنە سەر چاودێریی لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی، لێکۆڵینەوەی ئاژانس لە چالاکی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ڕانەگەیەنراو، هەڕەشەی ناوکی ئێران هەر دێتوو پەرە دەستێنێ.

وڵاتە یەکگرتووەکان گڵۆپی سەوزی بۆ پەرەگرتنی توانایی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بە مەرجی خۆبواردنی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا پلەی ٪٩٠ لە کاتێکدا کۆگای ئۆرانیۆمی پیتێندراو و تواناییەکانی دیکەی ناوکی زیاد دەکەن، هەڵکردوە. ئێمە بەکردەوە تێچووی هەڕەشەیەکی مزنتر و ئالنگاریی زیاتر دەدەین، لەجیات بەرەوڕووی مەترسییەکان و ئاکاری نایاسایی بینەوە و بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیریی دارایی پێشکەشی تێرۆریزم دەکەین.

لە هەمان کاتدا، هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو بڕوایە دایە کە ئێران خەریکی خۆ ئامادە کردن بۆ ناردنی هاژەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیە بە دژی ئوکراینە، کە ئاسەواری ڕاستەوخۆی ئیزندانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێپەڕبوونی ماوەی سەپاندنی گەمارۆی هەناردە کردنی هاژەک لە لایەن ئێرانەوەیە. هاوکات پیلانەکانی کوشتنی کاربەدەستانی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام ئاشکرا دەبن.

بەکورتی، سەرکۆمار ناتوانێ دەست لە پاشەکشە بەرانبەر بە کۆماری ئسیلامیی ئێران هەڵگرێ. لە دوای کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەوە دژی لۆژیک و ئەقڵی تەندروستە، ئەوە سیاسەتی خراپ و هەڵەیە. کوشتاری بە کۆمەڵی ١٢٠٠ جوولەکە، لە ناویاندا ٣٢ ئەمریکایی، بەس نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بەو پارادایمە ستراتێژیکییە هەڵەیە. ڕەنگبێ کردەوەیەکی کۆنگرە بە سنووردار کردنی دەسەڵاتی سووککردنی گەمارۆ لە لایەن سەرکۆمارەوە، سڕکردنی دارایی ئێران لە سەرانسەری دنیا و پەرەپێدانی گەمارۆ بۆ سەر چین بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران، بتوانێ ئەو کارە بکات.