کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەوانییەکان، لە گەندەڵیی سیستماتیک هەتا "شارفرۆشتن"

01:06 - 16 بەفرانبار 2723

ڕەزا دانشجوو

گەندەڵی و دزی وشەگەلێکن ئاوەڵدوانەی ژیانی شەرمەزاریی کۆماری ئیسلامیین. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێراندا کەم ڕێکخراو و دەزگایەک دەدۆزیتەوە کە تێکڵاوی ئەو گەندەڵییە بەربڵاو و سیستماتیکە نەبووبێت. ئێستا بابەتی گەندەڵی پەیوەندیی تەنیا بە چەند کەس یا ڕێکخراوەی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکوو باس لە گەندەڵیی سیستەمی لەنێو حوکمڕانی دەکرێت، برینێکی قووڵ کە هەر جار لە شوێنێکی ترەوە سەرهەڵدەداتەوە.

شارەوانییەکان لەو بەشانەن کە زۆر بەدەست ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە دەناڵێنن، نەخۆشییەک کە تەنانەت گۆڕانکارییەکانی زۆر لە شوڕای شارەکان و سەرۆک شارەوانییەکان هەرگیز نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ ئەم نەخۆشییە کوشندەیە بدۆزنەوە. هەرچەند زۆرینەی ئەوانەی لەم چوارچێوە بەسراوە چ وەکوو شارەوانی یان وەک شوڕای شار کار دەکەن خۆیان بەشێکن لە جەستەی نەخۆش و لاوازی ڕێژیم و لە بنەڕەتدا خۆیان هەڵگری ئەو نەخۆشییەن، بەڵام هەندێک جار کەسانی لێهاتوو و شارەزاش لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت توانیویانە بچنە نێو ئەم خولە خراپ و داخراوە، نەیتوانیوە ببنەوە هۆکاری هیچ گۆڕانکارییەکیی باش و درەنگ یان زوو یان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، یان ناچار کراون دەست لە کار بکێشنەوە. بۆیە پێ‌دەچێت ئەو شێرپەنجەیەی ساڵانێکە لە شارەوانییەکاندا ڕەگی داکوتاوە، تەنیا بە لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکرێت.

هەواڵی دەستبەسەرکردنی دوو شارەداری پێشووی مەهاباد لەلایەن سیستمی قەزایی ڕێژیمەوە ، لە کاتێکدا زانراوە کە هەردووکیان ماوەیەکی زۆرە هەڵاتوون. تازەترین هەواڵ سەبارەت بە گەندەڵیی بەربڵاو لە شارەوانییەکان بوو. شارەداری و شوڕاکانی شار بە هۆی یاسا هەڵەکان و سیستەمی حوکمڕانی گەندەڵ بوونەتە یەکێک لە گەردەنەکانی دزی و بەرتیل‌وەرگرتن لە کۆماری ئیسلامیدا. هەواڵی دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لە سیستەمی بەرفراوان و درێژخایەنی شارەوانییەکان و شوڕاکانی شارەکان لەم ساڵانەی دواییدا تەنیا بەشێکی بچوکی گەندەڵی سیستماتیک لەم ڕێکخراوەیەدایە. هەرچەندە کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیم  هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ بچووک نیشاندانی گەورەیی گەندەڵییەکانیان و لە چوارچێوەی چەند کەس و کەیسی تایبەتدا قەتیسی بکەن، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە چووەتە قۆناغی گەندەڵیی سیستماتیکەوە.

بەڵام هۆکار و ڕیشەی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە لە شارەوانییەکان چییە وە بۆچی تا ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم نەخۆشییە نەکراوە؟ هەرچەند شارەوانییەکان بەپێی یاسا لەژێر چاودێری وەزارەتی نێوخۆدان، بەڵام لە زۆر ڕووەوە سەربەخۆ دەجووڵێنەوە. ڕەنگە گرنگترین هۆکاری ئەم سەربەخۆییەش شوێنی داهاتی شارەوانییەکان بێت کە کەمترین پشتبەستنیان بە بودجەی حکوومەت هەیە و شارەوانییەکان دەبێت خەرجیەکانیان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی داهاتەکانیان لە هاووڵاتیان کە بە یاسا دیاری کراوە، دابین بکەن.

داهاتەکان بە گشتی لە دوو سەرچاوەی نێوخۆیی و دەرەکییەوە دابین دەکرێن، کە داهاتی نێوخۆ لە پسوڵەی ڕاستەوخۆی شارەوانی لە بەکرێدانی موڵک و خانووبەرە و فرۆشتنی موڵک و سامانی گشتی بەدەست دێت و وەک سەرچاوە دەرەکییەکانی داهاتیش دەتوانرێت ئاماژە بکرێت بە وەرگرتنی پارە بۆ دەرکردنی مۆڵەتی بازرگانی و پیشە و هتد.

پشتبەستنی شارەوانییەکان بە داهاتی نێوخۆ بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنووردارکردنی یاسایی بووەتە هۆی ئەوەی شارەوانییەکان و شوڕای شارەکان لە کێبڕکێی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر هیچ ئاستەنگێک لەبەردەمیاندا نەبینن و هیچ سنوورێک نەناسن. دەرئەنجامی ئەم ئازادییە کردارییە دەکرێ لە چەند بەشدا کورت بکرێتەوە:

- گوشاری زیاتر لەسەر هاووڵاتیان بەتایبەت چینی هەژاری کۆمەڵگە کە ناتوانن پارەی سەپێنراو لەلایەن شارەدارییەکان بدەن و هەندێک‌جار خۆیان لە نێو یاساکانی بێ‌بنەمای شارەوانیدا بێکەس دەبینین. ئاشکرایە کە ئەم چینە بەپێی ئەوەی دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ کەسانی خاوەن پلەی نییە زۆر زیاتر دەکەوێتە بەر زۆڵم و کاریگەری ئەم سیستمە گەندەڵە.

- بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ بڵێین زۆربەی ئەو داهاتانەی لە شارەوانیدا پێناسە کراون خاوەنی تلۆرانسێکی تایبەتن. بەو واتایەی دەتوانن کەم بکرێنەوە و ئەمەش بەو مانایەیە بەرپرسی پەیوەندیدار بە ئارەزووی خۆی ئازادیی دەبێت دەستوەردان لەم داهاتانەدا بکات. ئاشکرایە هەرچی پێگەی ئەم کاربەدەستە بەرزتر بێت زۆر ڕاحەتتر دەتوانێت دەستێوەردان لەم پروسەیەدا بکات. ئەمە ئەو شوێنەیە کە بە هۆی نەبوونی سیستەمێکی چاودێری یان هەندێک جار بە هۆی هاوڕێی سیستەمی چاودێری گەندەڵ بۆتە شۆنێکی تایبەت بۆ بەرتیلخۆران و گەندەڵکاران. لەگەڵ دەستبەکاربوونی شوڕاکان، چاوەڕوان دەکرا سیستمی چاودێری شارەوانییەکان باشتر ببێت، بەڵام بەهۆی سیستمی گەندەڵ و یاسای هەڵە نەک هەر باشتربوونێک بەدی نەهات، بەڵکوو پڕۆسەی گەندەڵی و بەرتیلدان کەوتە قۆناغێکی نوێ. ئێستا پەردەلادان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە شارەوانییەکان بۆتە باسی ڕۆژانەی خەڵک و هەواڵی هەمیشەیی میدیاکان.

- دەرئەنجامی کۆتایی و بێگومان خراپترین دەرئەنجامی ئەم بێ‌یاسایییە، دەرئەنجامە قەرەبوونەکراوەکانی زۆرینەی بڕیارە هەڵە و ناشارەزاییەکانە لە شارەوانیدا، بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی شوڕاکان، کە بەداخەوە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و زۆرجار قەرەبووکردنەوەیان مەحاڵە یان تەنها بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر دەکرێت. هەروەک پێشتر ئاماژە کرا شوڕاکان لە کێبڕکێیەکی بەردەوامدا بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر و تا ڕادەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەوڵی ئەوەدان کە لە ڕێگەی شارەوانیەکانەوە پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن. بێگومان شارەوانییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە پێویستیان بە داهاتی زیاترە. بەداخەوە سەرچاوەی سەرەکی ئەو داهاتانە لە بڕیارە بەپەلە و هەڵەکانی شوڕاکان و شارەوانییەکان دابین دەکرێت، لە ڕێگەی فرۆشتنی موڵکی شارەوانی یان فرۆشتنی" قەرەباڵغی". لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان کەیسی گۆڕینی شێوەی کەلک‌وەرگرتن لە سەوزایی بۆ شوێنی نیشتەجێ بوون لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە. فرۆشتنی "قەرەباڵغی" ڕێگەیەکی تری مەترسیدارە بۆ بەدەستهێنانی داهات. ئەم بڕیارە هەڵانە کە تەنها بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر دەدرێن دەبنە هۆی گۆرێنی پێکهاتەی شار و ئەوەی لە درێژخایەندا شار بەرەوڕووی کێشە و قەیرانی زۆر بێتەوە. ئەوەی ئێستاش بە ناوی "شارفرۆشتن" ناودەبرێت، دەرئەنجامی ئەم بڕیارە هەڵانەیە.

خاڵێکی گرنگ کە نابێت بە ئاسانی چاوپۆشی لێ بکرێت. بە داخەوەتاقمێک لێکۆڵینەوەی نازانستی و هەڵە کە زۆربەیان بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن کەسانی بێ‌ئەزموونەوە ئەنجام دراون و زۆر جار هەر کۆپی لە لێکۆڵینەوەیەکی ترن و بە هیچ شێوە گوزارشت لە ڕاستییەکان ئەم شارە نادەن و هیچ هاوتایەکیان لەگەڵ جەستەی ئەو شارەی کە باسی لێوە دەکرێت نییە لەلایەک و دابەشکردنی نازانستییان زەوی لەلایەن شارەوانییەکان لەلایەکی تر ئەم دۆخەیان زۆر ئاڵۆزتر کردوە تا ئەو ڕادەیەی کە ئیستا لادان لە یاسا لە تاقمێک لە شارەکان بۆتە خواستێکی جەماوەری!

کۆمیسیۆنی مادەی ١٠٠ کە لە ساڵی ١٣٣٤ پەسەند کرا! ساڵانێکە بۆتە بەشێک لە پڕۆسەی داهاتی شارەوانییەکان، لە کاتێکدا مەبەست لەم یاسایە ڕێگریکردن بوو لە سەرپێچییەکان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، ئێستا بووەتە فاکتەری یارمەتیدانی سەرپێچیکاران. پێویست ناکات بڵێین بەهۆی ئازادیی کردەوەی ئەندامانی ئەم کۆمیسیۆنە لە بڕی غەرامەکردن، یەکێک لە شوێنەکانی گەندەڵی لە شارەوانییەکان هەر لێرەدایە!

پرسیار ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی هۆکاری ئەم پشێوییە لە شارەوانیدا بە تەواوی ڕوونە، بۆچی بەدرێژایی ساڵان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەگیراوەتەبەر؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە سیستەمی فەشەل و گەندەڵی شارەوانییەکان نەک هەر هیچ کێشەیەکی بۆ دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دروست ناکات، بەڵکوو لای کارتێلەکانی سوپای پاسداران و بەکرێگیراوی دز و قاچاخچیی کۆماری ئیسلامیی زۆر خوازراو و خۆشەویستە. لە نێوەڕاستی حەفتاکان و لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی هاشمی ڕەفسەنجانی، بیناسازی بوو بە پیشەی زۆرێک لە سەردارانی گەندەڵکاری سوپای پاسداران. بیناسازی شوێنێکی زۆر باش بوو هەم بۆ سڕینەوەی پارەی ڕەش و هەم دەکرا بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان وێرای دەربازبوون لە یاسا ڕێگرەکان بێ دانی پارە و بە وەرگرتنی مۆڵەت " قەرەباڵغی"  بە قازانجی زۆر گەیشت.

شارەوانی بەهۆی بوونی پارەی زۆر و ئازادیی ئاڵووگۆڕ لە دەرکردن و دامەزراندنەکاندا، چەندین ساڵە بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران. ئەم بابەتە لە شارە گەورەکاندا بۆ دەسەڵات گرنگی یەکجار زۆر هەیە.

بەراورد بە شارەکانی تر پێویستە ئەوە بڵێین کە بەداخەوە دۆخی شارەکانی کوردستان زۆر مەترسیدارترە. گەندەڵی بەربڵاو لە شارەوانییەکاندا چیتر نهێنی نییە و وەرگرتنی بەرتیل زۆر سووک و ساکارە. بەلام ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە بارودۆخی نالەباری زۆرێک لە شارەکانی کوردستانە کە لە سێبەری پشێویی بەربڵاو و بڕیارە ناپیشەییەکان، شارەکان وێنە و دیمەنی خۆیان بە تەواوی لەدەست داوە. گۆڕینی پێکهاتەی زۆرینەی شارەکانی کوردستان زیانێکی گەورەیە کە بەداخەوە قەرەبووکردنەوەیان مەحاڵە و تەنیا نەمانی کۆماری ئێسلامی دەتوانێت کۆتایی بەم چیرۆکە دڵتەزێنە بێنێت.