کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکان بەرەوڕووی بەکرێگیراوانی ئێران دەبێتەوە، بایدێن لەژێر گوشاردایە

01:17 - 16 بەفرانبار 2723

دێهیڵ – برەد درێس

وەرگێڕان لە ئینلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لەسەر مافی بەپەرچدانەوەی توندتر بەهۆی هێرشی بەردەوام بۆ سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، شوێنێک کە بنکەکانی ئەمریکایی نیزیکەی ١٠٠ جار هێرشیان کراوەتە سەر و پاپۆڕە بازرگانییەکان لە دەریای سوور هەراسان دەکرێن، سەرۆک‌کۆمار بایدێن بەرەوڕووی زەختی پەرەئەستێن دەبێتەوە.

لافاوی هێرشی تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێرانی لە سەرانسەری ناوچە، کە نیزیکەی دوو مانگ لەوە پێش، لە ١٧ی ئۆکتۆبر هاوکات لەگەڵ شەڕی ئیسڕائیل - حەماس لە غەززە دەستی پێ کرد، نایشارێتەوە و بۆتە هۆی تووڕەیی پەرەئەستێن لە کاپیتۆل هیڵ.

کۆماریخوازەکان زەخت دەخەنە سەر بەڕیوەبەرایەتی بایدێن تا بەهێزتر بەرپەرچی تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێران بداتەوە. ڕێبەری کەمینەی ئەنجوومەنی پیران، میچ مەک‌‌کانێڵ (کۆماریخواز لە ویلایەتی کێنتاکی)، ڕۆژی چوارشەممە گوتی بایدێن دەبێ جەخت لەسەر "ئەرکی هەنووکەیی" واتە چاوترسێنکردنی ئێران بکاتەوە. مەک‌کانێڵ گوتی: "بێتوو ئەو تاقمە بەکرێگیراوانەی ئێران چاوترسێن نەکرێن، وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانن بێ لێپرسینەوە ئەمریکاییان بکوژن" و داوای لە بایدێن کرد "لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە جیددی بێ."

بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییش لەسەر شانۆی مشتومڕی هەڵبژاردن ئەو داوایەیان ئاراستەی بایدێن کرد. فەرمانداری فلۆریدا، ڕان دێسانتیس، کۆنە جەنگاوەرێکی هێزی دەریایی، گوتی: "هێزە ئەمریکاییەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێی  "کێلی نیشانەن" و فەرمانداری پێشووی کارۆلاینای باشوور، نیکی هێلی، نێردەی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان، بایدێنی بە پاشەکشە لە بەرانبەر ئێراندا تۆمەتبار کردوە. هێڵی لە بارەی ئێران گوتی:" ئەوان تەنیا لە بەرانبەر هێزدا وڵام دەدەنەوە، تۆ دەبێ لێیان بدەی، دەبێ زۆر بەتوندی لێیان بدەی و ئیزنیان پێ بدەی لەوە تێ‌بگەن."

بەگوێرەی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی پێنتاگۆن، لە ١٧ی ئۆکتۆبر بەولاوە تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراق و سووریە، ٩٢ جار هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکایی. وڵاتە یەکگرتووەکان بە هەمان شێوە چەند جار بەرپەرچی چەکدارە حوسییەکانی یەمەنی داوەتەوە. حوسییەکان، کە ئەوانیش لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێن، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بە پاپۆڕەکانی ئەمریکاییەوە ناوە و هەروەها توانیویانە پاپۆڕێک لە مانگی ڕابردوودا بە بارمتە بگرن.

ئەو هێرشانە کە لە دەریای سوور دەکرێن، ساڵانە نیزیکەی دە لە سەدی هاتوچۆی دەریایی بازرگانیی جیهانی بەوێدا تێپەڕ دەبێ. لەگەڵ زیاد بوونی هێرشەکان و پەرەگرتنی ڕەخنەکان، کاربەدەستانی بەرگریی دەڵێن ئامانجی سەرەکی ئەوان سنووردارکردنی شەڕی ئیسڕائیل – حەماس پێشگرتن بە کێشەیەکی بەربڵاوتر لە ناوچەیە، بۆ ئەو مەبەستە واشینگتۆن هەنگاوی ڕێژەیی دژی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران دەگرێتە بەر.

کایەی مەترسیداری تۆڵە بە تۆڵە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو نیگەرانییە کە وڵاتە یەکگرتوەکانی کایە بە ئاگر دەکات و بۆتە هۆی ئەو ترسە هەنگاوێکی هەڵە دەتوانێ ببێتە هۆی تەشەنەکردنێکی بەربڵاوتری توندوتیژی. تاناسیس کامبانیس، سەرۆکی تینک تانکی پێشکەوتنخوازی سێنچری ئینترنشناڵ دەڵێ: "تەنانەت بێتوو ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان شەڕێکی بەربڵاوتریشیان نەوێ، لێکدانەوەی هەڵە بەئاسانی دەتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکردنی شەڕێکی ئەوتۆ."

شەڕەنگێزییەکانی میلیشیا بەکرێگیراوەکان دژی وڵاتە یەکگرتووەکان چەند ساڵە درێژەی هەیە. لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢١ تا سەرەتای ٢٠٢٣، حەفتا هێرش لەلایەن تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێرانی لە عێراق و شوێنی دیکە ڕوویان داوە. بەڵام دەستپێکی شەڕی ئیسڕائیل – حەماس بووە هۆی ڕێژەیەکی پێوانەیی هێرش لە ماوەیەکی کورتدا. لێکۆلەران دەڵێن میلیشیا بەکرێگیراوەکان و ئێران دەیانەوێ پەیامی هاوپشتی بۆ گەلی فەلەستین بنێرن، هاوکات دژی حزووری سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکانن. بوونی سەربازیی، لەناویاندا پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکایی و ژێردەریایی ناوەکی لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە.

بەگوتەی لێکۆڵەران ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی پێویستیانە لە جەنگەی شەڕی ماڵوێکرانکەری غەززەدا  پیشان بدەن دژی ئەمریکان، بەڵام تاران وەکوو واشینگتۆن، نایەوێ لە ڕادەبەدەر بچێتە پێش. وڵاتە یەکگرتووەکان بەرەوڕووی دوو شەڕی مەزنی غەززە و ئۆکراین بۆتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئەو دوو کێشەیە زەخت دەخەنە سەر واشینگتۆن، ئامانجی سەرەکی بەڕیوەبەرایەتیی بایدێن دڵنیابوون لەوەیە کە ئاگری شەڕێکی بەربەرینی ناوچەیی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەڵنایسێ. وتەبێژی ڕۆژنامەوانیی پێنتاگۆن، ژەنڕاڵ پەت ڕایدەر، ڕۆژی پێنجشەممە بە هەواڵنێرانی گوت وڵاتە یەکگرتووەکان لە چاوترسێنکردنی تاقمە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران سەرکەوتوو بووە. ڕایدەر گوتی: "ئەوە بەو مانایە نییە کە ئاڵنگارییەکانی پێوەندیدار بە هێرشی بەکرێگیراوانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق و سووریە و ئەو چەکدارانەی هاژەک بە پاپۆڕانەوە دەنێن، شتێکن کە نابێ بە جیددی وەرگیرێن."

مایکڵ نایت، پسپۆڕێکی ئێران و عێراق لە ئەنستیتۆی سیاسەتی خۆرهەڵاتی نیزیک، گوتی وڵاتە یەکگرتووەکان توانیویەتی تێکهەڵچوونەکان لە ئاستێکی ڕێژەییدا ڕاگرێ و لە کاتێکدا کە "لە مانشێتەکاندا جوان نایەتە بەرچاو،" لەڕاستیدا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە نییە. نایت ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ ئەندامێکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هێرشەکانی ئەو دواییانەدا نەکوژراوە و تاقمە میلیشیاکان وێدەچێ هێرەشە هاژەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بە شێوەیەک جێبەجێ بکەن کە پێش بە کوژرانی هێزەکان بگرن. نایت گوتی: "ئەوان ئەگەرێکی کەمیان هەیە بەر هێزە ئەمریکاییەکان بکەون و هێندێک جار بەئانقەست بە شوێنی دیکەوە دەنرێن، چونکە هاژەکی مەزن تەنانەت پێگەکانیان نەگرتوونەوە. تەقەی زۆر بیستراوە، بەڵام ئەوان وەکوو دەڵێن لە ئاستێکی ماقووڵ دابوون، واتە هێرشی تاقە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە کە بۆ هێزەکانی ئەمریکایی شتێکی ئاساییە."

بەڵام نایت دەڵێ: "چاوترسێنکردنی حوسییەکان لە نیزیک یەمەن شکستی هێناوە و وێدەچێ هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەئانقەست خۆ لە جێبەجێکردنی هێرشی وێرانکەرتر ببوێرێ. هۆیەک بۆ ئەو ددان بە جەرگ داگرتنە دەتوانێ پێشگرتن بە شکستی وتووێژی ئاشتی بێ کە ساڵێکە لەنێوان چەکدارانی حوسی و دەوڵەتی یەمەن کە هەر دوو لا لە ئاگربڕێکی لەرزۆک دان، لە ئارادایە. نایت گوتی: "وڵاتە یەکگرتووەکان نایەوێ پرۆسەی ئاشتی تێک بچێ و حوسییەکانیش بەتەواوی کەلک لەوە وەردەگرن. چونکە دەزانن ئێستا ئەوان دەتوانن ئەوەی پێیان خۆشە بیکەن. ئەوانە بەشێک لە پازێڵی چاوترسێن‌ کردنن کە وڵاتە یەکگرتووەکان تێیدا کەمترین سەرکەوتنی هەبووە."

حوسییەکان وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان، لایەنی بەرچاوی تاقمەکانی سەر بە ئێرانن و لە شەڕەکەیان دژی دەوڵەتی یەمەن کارامەیی خۆیان وەدەست هێناوە. ئەو شەڕە ئەوانی، لە بەراورد لەگەڵ تاقمە میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران، کردۆتە هێزێکی شەڕکەری لێهاتوو. کۆماریخواز مایکڵ مەک‌کاڵ (لە ویلایەتی تێکزاس)، سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرە، بەهۆی شکستی بایدێن لە وەستاندنی هێرشەکانی حوسییەکان ڕەخنەی لە بایدێن گرت و داوای هەنگاوی مەزنتر دژی ئەو تاقمەیەی کرد، لە ناویاندا دەستنیشانکردنی وەکوو ڕێکخراوی تێرۆریستیی بیانییە.

مەک‌کاڵ لە لێدوانەکەیدا گوتی: "بە پێشتریەتیدان بە سیاسەت لە جیات ئەمنیەت، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بۆتە هۆی گەشەی بڕوابەخۆیی حوسییەکان و ئیزنی پێ داون گەشە بە چەکی پێشکەوتووتر بدەن. پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران پەرە پێ بدەن و کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر میلیۆنان هاووڵاتی بێتاوانی یەمەنیدا چڕتر بکەن."

ئەو گوتی "ئەوە ئاشکرایە کە حوسییەکان هەڕەشەیەکن بۆ یەمەن، بۆ هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، هێزی سەربازیی و شارۆمەندانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچە و ئازادیی دەریاوانیی بۆ بازرگانیی جیهانین. "

دەستنیشانکردنیان حوسییەکان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی دەتوانێ ڕێخۆشکەری چاوترسێنکردنی و هەروەها سنووردارکردنی ئابووریی ئەو تاقمە بێ

 "جەیسۆن بلازاکیس"، سەرۆکی ناوەندی تێرۆریزم، بنائاژۆخوازیی و دژە تێرۆر لە ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی میدڵبوری، گوتی: "دەستنیشانکردنی حوسییەکان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی، دەتوانێ یارمەتی بە وڵاتە یەکگرتوەکان بکات و وێناچێ وتووێژی ئاشتی لە نێوان حوسییەکان و دەوڵەتی یەمەن لە مەترسی هاوێ. هەروەها ئەو گوتی: "ئەوە نیشانەی ناڕەزایەتی وڵاتە یەکگرتوەکان بەرانبەر بە ئاکاری ئێران دەبێ. دەبێ وەڵامی حوسییەکان بەهۆی چالاکییە دەرەکییەکانیان بدرێتەوە. ئەوان بەشێوەیەکی پەرەئەستێن بوونە هێزێکی شەڕانشۆ ئەوە نابێ پاشگوێ بخرێ." وڵاتە یەکگرتوەکان هەروەها بیر لە هێزێکی بەرپەرچدانەوەی دەریایی دەکاتەوە کە لە پاپۆڕی هێرشبەری چەند وڵات پێک هاتووە تا بتوانێ لە بەرانبەر هەڕەشەکانی حوسییەکان، بەرگری لە پاپۆڕە بازرگانییەکانی دەریای سوور بکات.  

وێدەچی تا ئەوکاتەی شەڕی ئیسڕائیل بۆ تێکشکاندنی حەماس لە غەززە، کە ئاسەواری وێرانکەری بۆ خەڵکی مەدەنی ئەوێ هەبووە درێژەی هەبێ، گرژییەکان لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوام دەبن. ڕۆژی پێنجشەممە، وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل گوتی: "شەڕی غەززە دەتوانێ چەند مانگی دیکە درێژەی هەبێ. "لارێنس ویلکرسۆن، سەرهەنگێکی خانەنشینکراوی ئەمریکایی کە لە پێشدا لەژێر فەرماندەیی وەزیری کاروباری دەروەی پێشوو، کاڵین پاوێڵ، خزمەتی کردوە گوتی: "ئەگەر بایدێن دەیەوێ پێش بە چوونی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کێشەیەکی لە کۆنترۆڵ نەهاتوو بگرێ، دەبێ کۆتایی بە شەڕی غەززە بێنێ. ئەو گوتی: "تا ئەوکاتەی ئێمە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی هێزەکانمان نەدەین تا بهێڵین دۆخەکە سەقامگیر بێ، ئەوان ئەو کارە ناکەن."