کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە (ئەرک و ڕەسالەتەکانی)

22:43 - 16 بەفرانبار 2723

 

پژمان شەریعەتی

بۆ ڕوونتربوونی پێوەرەکانی بوون بە پێشمەرگە یان توانایی پێشمەرگەبوون دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کاتێک دەڵێین ئامادەیی هزری هەبێت، بەو واتایە نییە کارناسێکی سیاسی یان بیرمەند بێت و هەموو مەکتەبە فکری و فەلسەفییەکان بزانێت، بەڵکوو دەبێ تێگەیشتنی لە فەلسەفەی ژیان هەبێت و دەرکی پرسی نیشتمانی بکا. بەو مانایە کە کوردستان، ئاڵا و کەرامەتی تاکی کورد بۆ ئەو لە سەرەوەی هەموو شتێک بێت. سەرەڕای ئەوە، لەپێناوی ئەو تێگەیشتنە هزرییە و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەکەی ئامادە بێت لە هەموو مەیدانێکدا چ سیاسی، نیزامی، هزری و شەڕی نەرم و وێژمانی، بەرگری و هێرش، تەنانەت گیانیشی فیدا بکات. ئەمە یەکێکی دیکە لە جەوهەرە سەرەکییەکانە کە پێشمەرگە ئەو ڕەساڵەتەی لەسەر شانە و بە هەموو تاکێک ناکرێت. زۆرن ئەو کەسانەی بە ئەندازەی پێشمەرگە نیشتمانیان خۆش دەوێ، بەڵام ناتوانن وەکوو پێشمەرگە مەیدانی و پێشەنگ بن. بەدڵنیاییەوە زۆرن ئەو کەسانەی لە ڕووی خوێندنەوەی ئاکادمیک و سیاسی پلەی بەرزی زانستییان هەیە و بە ئوسوولی و بەپێی فەکت، سەرچاوە و بەڵگە بەشێوەی زانستیانە و تیوریک پرسی کورد چ لە بواری گرفتەکانی بەردەمی چ وەکوو خاڵە بەهێزەکان دەتوانن شەن‌وکەو بکەن، بەڵام لە ڕووی پڕاکتیکی توانایی جێبەجێکردنیان نییە.

ئەمە بەو واتایە نییە کە هەر کەسێک نەبوو بە پێشمەرگە، لە مەیداندا نییە و بوونی ناتوانێ کاریگەر بێت. لێرەدا مەبەست ئەوەیە لە کۆبەندی بیرکردنەوە و خواستەکانی نەتەوەدا لە کۆتایی پێشمەرگایەتییە کە دەمانگەینێت بە ئامانج. واتە پێشمەرگە توانایی خۆی لە دڵ و خواستە ڕەواکانی کۆمەڵگەی وشیاری کوردستان وەردەگرێت و هەر کەسێک لە هەر ڕێگایەک کە لە توانای‌دایە بۆ گەیشتن بە ئامانج تێ‌دەکۆشێت و پێشمەرگە دەبێتە هێمای ڕاستەقینەی ئیرادەی گشتی بۆ دەستەبەربوونی ماف.

بە شێوازێکی دیکە دەتوانین لە پێناسەی بوون و داخوازییە نەتەوایەتییەکان، ئیرادە، ویست، شعووری نەتەوایەتی، خەمی هاوبەش، سەرکەوتن، مانەوە، شکۆی نیشتمانی و بەردەوام‌بوون پێشمەرگە وەکوو کۆکراوە و کورتکراو و شیرازەی هەمووی دیاری بکەین. هەروەها زۆربەی نەتەوەکانی جیهان، خۆیان بە خاک، ئاڵا، مێژوو و کولتوور پێناسە دەکەن و ئێمەی کورد خاڵێکی دیکەمان بە ناوی پێشمەرگە بۆ پێناسە هەیە کە هاوسەنگە لەگەڵ هەموو ئەوانە. یانی لە ڕووی شوناسەوە باشتر خۆمانمان ناسیوە و لە پێناسەی مان و بوونی خۆمان، واتای زۆرترمان پێ بەخشیوە.

پێشمەرگە خوڵقاوی فەرهەنگێکی تایبەت لە فەرهەنگی کوردەواری لە ڕابردووە هەتا ئیستا بە هەموو ئاڵوگۆرەکانیەوە. خەبات و تێکۆشانیش بەشێکی جیانەکراوەی دۆخی سیاسی، هەڵکەوتەی جوغرافیایی، دەسەڵات و کۆمەڵگەیە و کاریگەریی زۆریان هەبووە و بەدرێژایی مێژوو گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و دێت. بەڵام ئەوەی کە نەگۆڕە پێشمەرگەیە و ئەو کەسەی کە دەتوانێت لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە بەردەوام بێت و بێ ئەوەی ماهییەتی خۆی بگۆڕێت و خۆی لەگەڵ بگونجێنێ، تەنیا و تەنیا پێشمەرگەیە. واتە کاتێک دۆخی خەبات و تێکۆشان لە گۆڕان‌‌دایە، دەبینین لە هەلومەرجێکی زەمەنیدا شێوازی خەبات بەپێی پێویستییەکان، خواستەکان و هەروەها داسەپاو و نەخوازراو، دەگۆڕدرێ و ستراتیژی و تاکتیک فۆڕمێکی دیکەی بە خۆیەوە دەگرێت. لەم کاتە ایە کە پێشمەرگە لە هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە زووتر خۆی لەگەڵ دۆخی تازە دەگونجێنێت، بێ‌ئەوەی ماهییەتی خۆی لەدەست بدا و وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆ نموونە لە خەباتی مەدەنی بەرەو خەباتی چڕی چەکدارانە پێشمەرگە ئەو تواناییەی هەیە، هاوکات چەکەکەی بە شانەوە بێ و قەڵەمەکەی لە گیرفانی دەربێنێت و لە تێکۆشان چ بە شێوەی جیا و چ هاوکات بتوانێت هێزی خۆی بەو کەرەستانە پیشان بدات و بەردەوام بێت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە پێشمەرگە خۆی فەرهەنگێکی خەباتگێڕانەیە و خوڵقێنەری فەرهەنگێکە لە خەبات و دیکتەی دەکات بە کۆمەڵگە و وەکوو مەکتەبێکی فەرهەنگی فۆڕم بە خەبات دەدا.

لە کولتوور و ئەدەبیاتی کوردیدا بەشێوەی جۆرواجۆر باس لە پێشمەرگە دەکرێت کە زۆربەیان سەرچاوە لە هەست و خۆشەویستی دەگرن و وەسفێکی شاعیرانەن بۆ نموونە: "ڕۆڵە ئازا و نەترسەکان"، "هەڵۆ چنگ بەگڕەکان"، "تەوارە بەرزە فڕەکان" و زۆرجار شاعیر بۆنی عارەقی نێوچاوانی پێشمەرگە بە خۆشتر دەزانێت لە بۆنی هەموو گوڵەکانی جیهان. ئەم هەست و دەربڕینانە جوان و پێویستن و بەشێکە لە فەرهەنگی ئەدەبی کۆمەڵگەی کوردستان کە وەکوو ئوستوورەی ڕۆڵەکانی خۆیان دەبینن.

لێرەدایە پێشمەرگە دەبێتە مەکتەبێکی فەرهەنگی و بۆ ئەوەی باشتر بچینە ناخی ئەم بابەتە دەبێ ئەمە بکەین بە فەرهەنگی هەموو چین و توێژەکان. لە فەرهەنگدا جیا لە واتا گشتییەکەی، هەر چین و توێژیک فەرهەنگی تایبەت بە خۆی هەیە کە دۆخی ژیان، هەڵسوکەوت، پیشە و کەرەستەکان پێی دەبەخشن. ئەمەش وا دەکات بێ‌ئەوەی خۆی بناسنێت لە ڕووی کرداری، سیما و وێژمانییەوە بیانناسین. وەک نموونە زۆرمان دیوە بێ ئەوەی کە تاکێک پیشەی خۆی باس بکات ئێمە بزانین پزیشکە و لە پێوەندی ڕۆژانەماندا لێکی بدینەوە کە ئەو تاکە خاون چ کەسایەتی و پلەی کۆمەڵایەتی و پیشەیەکە.  

لە ژیانی ڕۆژانەماندا لە بەرەوڕووبوونەکاندا گۆمانمان کردوە یا گەیشتووین بە یەقین کە تاکی بەرامبەرمان وەرزشکارە، ئیستدلالیشمان بۆ سەلماندنی لە ڕووی سیما و جەستەی ئەو تاکەیە کە پێمان دەڵێت لە ڕووی فیزیۆلۆژیک بەدڵنیایەوە وەرزشڤانە یان جلی تایبەت بە وەرزشی لەبەرە، لە قسەکردنی ڕا دیارە تەنانەت ڕێگە ڕۆیشتنی دەری دەخات کە یاریزانە و ئێمە بێ‌ئەوەی لێی بپرسین یان ئەو خۆی بناسێنێ دەزانین کە وەرزشڤانە. ئەمە فەرهەنگی تایبەت بە هەر چین و توێژیکە وەکوو پزیشک، کرێکار، ڕۆژنامەڤان و...هتد. خاونی فەرهەنگی خۆیانن و ئەگەر هەر تاکێک بیەوێ ببێت بە بەشێک لەو چینە دەبێ ببێتە هەڵگر و خاونی ئەو فەرهەنگە. بیهێنە بەرچاوتان لە سمینارێکی پزیشکی، ئەندازیارێکی میکانیک بەشدار بێت، دەستبەجی بێ‌ئەوەی قسە بکات لە ڕووی جلوبەرگەکانی دەزانین کە ئەوە پزیشک نییە و کە قسەش بکات باشتر بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو لە پزیشکەکان نییە و تەنانەت شێوازی دانیشتنیشی ڕەنگە جیاواز بێت.

پێشمەرگەش بە سیمای، هەڵسوکەوت، قسە و ڕەفتاری، جلوبەرگ، بیرکردنەوەی و بگرە هەتا ڕێگا ڕۆیشتنی، جیاوازیی خۆی لەگەڵ تاک، چین و توێژەکانی دیاری دەکات و بە گشتی و تایبەتی‌تر شێوازی ژیانی پێمان دەسەلمێنێت کە پێشمەرگەیە. ژیانێک کە زەمان، شوێن و دۆخ تێدا بەردەوام لە گۆڕان‌دایە، ژیانێک کە تاب و تەوان بە واتای تاقەت و بەرگەگرتن تێیدا زۆر گرینگە، پێشمەرگە بەرگەی دژواریگەلێک دەگرێت کە جیا لە خۆی نەبێت کەس ناتوانێت تەحەموولیان بکات. ڕەنگە لە کەشێکی سەخت بۆ نموونە سەرمادا باس لەوە بکەن کە شاخەوانێک دەتوانێت وەکوو پێشمەرگە بەرگەی سەرما بگرێت. بەڵام تا کەی دەتوانێت ئەو شاخەوانە لەو سەرمایەدا خۆی ڕابگرێت، تەنانەت لە ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکەی شاخ، شاخەوانەکە لە تەحەموول‌نەکردنی سەرما لە نیوەی ڕێگا بگەڕێتەوە و پلانی سەرکەوتنی بۆ سەر لووتکە بخاتە ڕۆژێکی دیکە. لەلایەکی دیکەشەوە بگات بە لووتکە و پاش کۆتایی‌هاتنی سەفەرە وەرزشیەکەی بگەڕێتەوە سەر ژیانی پڕاوپڕ لە بژێوی خۆی. بەڵام پێشمەرگە لەپێناو ئەرکەکەیدا ئەگەر گیانیشی لەدەست بدا، ئامادە نییە بگەڕێتەوە و ڕەساڵەتەکەی بخاتە کاتێکی تر کە کەشوهەوا خۆشتر بێت. ئەم نموونە سادەیە لەمەڕ سەرما، ئیرادەییەکی بەهێز لە پشتییەتی کە لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیان لەگەڵ دۆخی ئەستەم چەندە بەرەوڕوو بێت و لە ماهییەتی خۆی دەست نەکێشێتەوە.

نموونەیەکی دیکە لە شەڕەکان‌دایە، داگیرکەرانی کوردستان بە هەزاران جار هێرشیان کردووەتە سەر خاکی کوردستان و پێشمەرگە لە سەنگەردا بەرەوڕووی بۆتەوە، دوژمنانێک کە بە چەکوچۆڵی قورس لە توپ، تانک، تەیارە تا هاژەک و دڕۆن پەلاماری پێشمەرگەیان داوە، بەڵام پێشمەرگە دەستی لە سەنگەر و بەرگری هەڵنەگرتووە. بیهێنە بەرچاوتان کە هاوڕێکەتان لە تەنیشتی خۆتان و لەبەرچاوتان بە گوللەی دوژمن شەهید بێت و توش لە شەڕ هەر بەردەوام بیت و ڕەنگە شەهیدەکەی دیکە بۆ خۆت بیت، بەڵام نەک پاشەکشە ناکەیت بەڵکوو بە ئیرادەتر لەپێناو خوێنی ئەو شەهیدەدا بەرەوڕووی دوژمن دەبیەوە. ئەگەر ئەو تاکە پێشمەرگە نەبێ بەدڵنیاییەوە ئەو شوێنە بەجێ دەهێڵێت و تەنیا ڕزگارکردنی گیانی خۆی بۆ گرینگ دەبێ.

زۆرن ئەو حەماسانەی کە پێشمەرگەی کوردستان خۆڵقاندوویەتی و مووچڕکە بە گیانی هەموو ئینسانێکی خاون هەست دێنێت و سەرچاوە و بیرەوەری و کتێب زۆر لەو بوارانەدا نووسراوە و لێرەدا ئاماژەیان پێ ناکەین. بەگشتی ئەوەی مرۆڤ لەمەڕ بژێوی ژیان بۆخۆی پێناسەی کردوە و بە دوایاندا دەگەڕێت، پێشمەرگە گرینگیان پێ نادات و لە ژیانی پێشمەرگانە کەرەستەکانی خۆشبژێوی واتایان نییە. ئەوەیش بەو واتایە نییە کە پێشمەرگە بە دوای ژیانێکی ئاسوودە ناگەڕێت، بەڵکوو بە واتای قوربانی‌دانە بۆ ژیانی خۆش. پێشمەرگە نەک بژێوی ژیان و کەرەستەکان لەبەرچاو ناگرێت، بەڵکوو ئامادەیە کەسوکار و بەشێکی زۆر لە هەستەکانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ گەیشتن بە سەرفرازیی نەتەوەکەی. ئەم شێوازە ژیانە یان فەرهەنگی ژیانی پێشمەرگە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان بۆتە سەرمەشق و چین و توێژەکانی دیکەش کە بە ئیلهام‌وەرگرتن لە پێشمەرگە بۆ وڵاتیان بەپێی توانایان تێ‌دەکۆشن و دەتوانین بڵێین پێشمەرگەئاسا چالاکی دەکەن. وەکوو نموونە پارێزەرانی ژینگەی کوردستان کە بە  ئیلهام‌وەرگرتن لە پێشمەرگە بە هەڵمەت لە خزمەتی ژینگەی وڵات دان و لە کوردستان بە دەیان شەهیدی ژینگەمان هەیە.  هەروەها لە هەموو سینف، ڕێکخراو و چینێک لە کۆمەڵگەی کوردستان چالاکانی ئەم بوارە پێشمەرگەئاسا لە مەیدان‌دان و بوونی پێشمەرگە ئەو ورەیەیان پێ‌دەدات تا بتوانن بەپێی توانای خۆیان بۆ نیشتانەکەیان تێچوو بدەن. تەنانەت بەشێکی دیکە لە کۆمەڵگەی کوردستان ئەگەر چالاکیش نەکەن، پێشمەرگە وەکوو هێمایەکە بۆیان وایە و هێماکانی پێشمەرگە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەکار دێنن. جلوبەرگی پێشمەرگانە دەپۆشن و هەوری، جامانە و ڕەشتی لە ملی خۆیان دەهاڵێنن و هەستێکی تایبەت بە خۆیان دەگرن کە بۆیان وەسف ناکرێت.

پێشمەرگە لە دڵی خەڵکدا جێگای هەیە، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەلنەگرە و ئەدەبیاتی حەماسی ئێمە لەو بوارەدا زۆر توانیوییەتی گڕوتینێکی هەبێ و پێشمەرگە وەسف بکات. ئەو چەندین نموونەیشمان کە هێناوە و بە شێوازێک پێشمەرگە پێناسە دەکەن و هەموو سەرچاوەگرتوو لە هەستن. بەڵام بەپێی مەنتق، زانست و عەقڵانی کۆمەڵگە دەبێت چۆن پێشمەرگە بناسێت؟ پێشمەرگە ئەو تاکەیە کە هێز دەدات بە خەڵک و ڕۆڵی دینامیکی هەیە بۆ کۆمەڵگە، پێشمەرگە ڕەمزی مانەوەی کوردستانە، پێشمەرگە تاکێکی خاون لێکدانەوە و تێگەیشتنە کە توانای هەڵسەنگاندنی هەیە و بەرژەوەندییەکانی وڵات بۆی لە سەرووی هەموو شتێکە و ئامادەیە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەکەی هەموو تێچوویک بدا.

پێشمەرگە ئەو تاکەیە کە هەموو ئەرکەکانی کۆمەڵگە وەئەستۆ دەگرێت، هەروەک چۆن پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، پێشمەرگە بۆخۆی کۆمەڵگەیەکە. لێرەدا زۆرتر دەردەکەوێت کە جیا لەوەی کە چەکی شەڕەفی بەشانەوەیە و تێ‌دەکۆشێت تا داگیرکەر لە وڵاتەکەی وەدەرنێت، ناتوانێت لە بەرامبەر زۆڵم و ستەم بێدەنگ بێت. واتە خۆی لە ستەمەکانی سەر نەتەوەکەی بێبەری ناکات و تەنیا خۆی وەکوو هێزێکی بەرگریکار لە بەرامبەر هێرشی نیزامی داگیرکەر قەتیس بکاتەوە. بەڵکوو بەنیسبەت ستەمەکانی ژینگەیی، زمانی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ... هتد و بەگشتی هەموو شێوە ستەمێک و هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کورد خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و لەو پێناوەدا چالاکی دەکات، کەواتە پێشمەرگە تاکێکە بەتەنیایی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. بۆ نموونە نموونە لە سێنفەکاندا، پێشمەرگە ناتوانێت ستەم بۆ سەر کرێکاران قبووڵ بکات و بێدەنگ بێت و دەبێتە چالاکی کریکاری و بەرگرییان لێ دەکات. یان لەهەمبەر ستەمی ڕەگەزیدا، پێشمەرگە توندوتیژی بۆ سەر ژنان تەحەمووڵ ناکات و وەکوو پارێزەرێکی مافی ژنان دەردەکەوێت و بەرگرییان لێ دەکات، هیچ چین و توێژ و سینف و پلەبەندێکی کۆمەڵایەتی نییە کە پێشمەرگە وەکوو چێنیکی تایبەت لەو بوارانە چالاک نەبێت. بۆیە دەتوانین بەدڵنیاییەوە باس لەوە بکەین کە پێشمەرگە هێزێکە دەتوانێ بەتەنیایی ئەرکی کۆمەڵگەیەک وەئەستۆ بگرێت.

لێرەدا هێندێک جار تێگەیشتنێکی هەڵە لە کۆمەڵگەی کوردستان ڕوو دەدا، ئەویش ئەوەیە کاتێک دەبینی پێشمەرگە هەموو ئەرکەکان وەئەستۆ دەگرێت، تاکی کۆمەڵگە پەسیو دەبێت و وەکوو ڕزگاریدەر چاو لە پێشمەرگە دەکا و چاوەڕوانی هەیە هێزی پێشمەرگە بێت و ڕزگاری بکات. ئەم هەموو ئەرک وەئەستۆگرتنەی پێشمەرگە، بەو واتایە نییە کە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هیچ کردەوە و دژکردەوەیکیان نەبێت و دڵخۆش بن بەوەی پێشمەرگە هەیە و لە جیات ئەوان چالاکی دەکات و ڕۆژێک دێت و هەموویان ڕزگار دەکات، بەڵکوو پێشمەرگە وەک داینامۆی کۆمەڵگە و پێشەنگ دەکەوێتە پێش هەتا کۆمەڵگە بجوڵێتەوە و وەکوو ڕێپیشاندەر بیسەلمێنێت کە ئێوەش دەتوانن.

لەلایەکی دیکەشەوە، پێشمەرگە دەست بۆ هەر کردەوەیەک دەبات و لێکدانەوەی لەسەر دەبێت و چالاکی تێدا دەکات، مانا بەخۆیەوە دەگرێت. وەکوو نموونە دەتوانین بڵێین "شاخ" یان چیا و هەموو ناوەکانی لە کوردەواری بە واتای شاخ دێن، وەکوو پێناسە لە ڕووی جوغرافیاییەوە بە واتای هەموو ئەو بەرزاییانەیە لە ئاستی زەوی بەرزترن و بەرد و کانی و داریان هەیە، ئەمە پێناسەیەکی سەرەتایی و گشتییە لە شاخ. لە ڕووی خاکەوە بۆ ئێمەی کورد کە لە وڵاتێکی شاخاوی دەژین، هێمایەکی سەرەکییە، بەڵام لە ڕووی هزری و بیرکردنەوەی نەتەوەییدا واتایەکی دیکەی هەیە، ئەویش وەکوو قەڵایەکی مانەوەیە یان زۆرجار دەڵێن تەنیا دۆستی کورد چیاکانن. ئەوەیش لەبەر ئەوەیە پێشمەرگە کە هەنگاو دەنێتە سەر شاخەکان  کورد هەست بە ئاسوودەیی دەکات و دڵنیایە ئەو قەڵایە ناگیردرێت. بەشێکی سەرەکی لە سیما و هەیمەنەی پێشمەرگە، ئەوەیە کە سەربەرزانە لە شاخەکانی کوردستان هەنگاو هەڵدەگرێت و چیای کردووەتە سەنگەرێک کە هەر کاتێک بیەوێ لەسەر ئەو قەڵایە بە شانازییەوە پارێزگاری لە وڵاتەکەی بکا. لێرەدایە هەنگاو و هەیمەنەی پێشمەرگە واتا دەدات بە شاخ و بۆتە یەکێک لە ڕەمزەکانی مانەوەی کوردستان.

 بەگشتی هەرکام لەو باسانە کە لێرەدا تا ئیستا کراون لەسەر پێشمەرگە هەڵگری فەلسەفەیەکی تایبەتن و پێویست دەکات لەسەریان زۆرتر ورد بینەوە و خوێندنەوەمان هەبێت و بەشێوەی عەقڵانی و زانستی پێشمەرگە پێناسە بکەین و ئەم بابەتە تەنیا دەتوانێ وەکوو سەرتیترێک بۆ کرانەوەی ئەو دەروازەیە بەمەبەستی ناسینی پیشمەرگە بێت. بۆیە دەتوانین بڵێین، پێشمەرگە واتە مانەوە و بەردەوامی و سەرکەوتنی کوردە کە ئامادەیە گیانی ببەخشێت تا کوردستان هەر بمێنێت.