کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێبڕکێیەکی سەیر

22:50 - 16 بەفرانبار 2723

ئاسۆ مێنبەری

لەو کاتەوە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لەنێو کۆمەڵگەدا پەرەی سەندووە، کێبڕکێیەکی سەیروسەمەرەش هاتووەتە ئاراوە کە زۆر جار ئەم کێبڕکێیە وا دەکات کە مرۆڤەکان بەبێ هیچ بیرکردنەوە و لێکدانەوەیەک بکەونە گێژاوی نەزانییەوە و تەنیا بەمەبەستی بەجێ‌نەمان لە قافڵەکە پێ لەسەر باوەڕەکانیشیان دابنێن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر وەک ساڵانی ڕابردوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە گۆڕەپانی کێبڕکێ بۆ پیرۆزبایی لە ژنان، ئەویش بۆ بۆنەیەک کە ڕەنگە زۆربەی هەرەزۆری بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ‌میدیا، هۆکاری دیاریکردنەکەشی هەر نەزانن.

لە ڕۆژژمێری ڕێژیمی ئێراندا، کۆمەڵێک بۆنە دیاری کراون کە هیچ تەباییەکیان لەگەڵ فەرهەنگ و دابونەریتی لانیکەم زۆرینەی دانیشتووانی ئەو جوغرافیا دەسکردە نییە، بەڵام بە هۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی شیعەی ویلایەتی فەقیهی، بەسەر هەموو کۆمەڵگەکەدا سەپاون و خەڵک ناچارن لەو ڕۆژانەدا بە خواستی دەسەڵات شین یان شایی بگێڕن.

نموونەی لەم جۆرە بۆنانە زۆرن، هەر لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕەوە کە وەکوو ڕۆژی مامۆستا دیاری کراوە هەتا دەگاتە ڕۆژی دایک و باوک و کچ و خوێندکار و بە دەیان بۆنەی دیکە.

بە درێژایی ساڵ و هاوکات لەگەڵ هەموو ئەم بۆنانە، بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە کوردستان دەبنە سێ دەستەوە، دەستەیەک ئەوانەن کە نێوندیان گرتووە وهیچ ڕایەکیان لەسەر پرسەکە نییە، دەستەی دووەم ئەوانەن کە زوو سواری شەپۆلەکە دەبن و بۆ بەجێ‌نەمان لە قافڵەکە پەیتا پەیتا بە دانانی پۆست و ستۆری پیرۆزبایی لە دایک و هاوسەرەکانیان دەکەن و بێگومان لە ڕۆژی ٨ی مارسیشدا دیسان هەر یەکەمی بێ ڕکابەرن و لە هەموو کەسیش زیاتر لایەنگری مافی ژن و دژی چەوساندنەوەی ژنانن! بەڵام دەستەی سێهەم کە بەداخەوە هیچ‌کات هەوڵەکانیشیان بە ئاکام نەگەیشتووە ئەو کەسانەن کە هەوڵی ڕۆشنگەری دەدەن و بە نووسینی ستاتووسی جیاواز و زۆر جاریش بە ڕەخنەی توند و بێبەزەییانە هەوڵی تێگەیاندنی خەڵک لە بابەتەکە دەدەن.

ئێمە وەکوو تاک لە کام دەستەدا جێمان دەبێتەوە؟

لە دەستەی یەکەمدا کە هەر ئەو بێلایەنبوونە خۆی زۆر مەترسیدارترە، چونکە نابێ تۆ لە کۆمەڵگەیەکدا بەو هەموو کێشە و ئاریشەوە بژیت و هیچ شتێکت بەلاوە گرینگ نەبێ! لە دەستەی دووهەمدا، بابەتەکە جێی تێڕامانە؛ لە هەموو ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمی ئێراندا، کورد وەکوو نەتەوەیەکی بەشخوراو و داگیرکراو، هیچ‌کات هیچ بۆنەیەکی فەرمیی ئەم ڕێژیمەی بە فەرمی نەناسیوە، لای کورد ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ بە نیشانەی ڕێزگرتن لە خەباتی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی وەکوو ڕۆژی خوێندکار ناودێر کراوە، ڕۆژی لەسێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر ڕۆژی مامۆستایە، ڕۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژی جێهانیی ژن ڕێزی لێ دەگیرێت چونکە لە ڕاستیدا کورد و دەسەڵاتی زاڵ، باوەڕ و بیرکردنەوەیان هاوتەریب نییە!

نموونەیەک لەم ڕاستییە، ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوویە. هەموومان باش دەزانین کە شۆڕشی ژینا، چەندین ساڵ بوو بەستێنەکەی ئامادە ببوو، لانیکەم لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە باش دەزانین کە ڕێژیم تووشی چ داڕمانێک ببوو، بەڵام کوژرانی ژینا توانیی خاڵێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوەی ڕق و تووڕەیی خەڵک بێت، دەسپێكی شۆڕشەکە بە کوژرانی ژینا بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ بوو، بەڵام پەرەسەندنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی سەلماندی کە ئازادژیان و پرسی ژنان تا چەند گرێدراوی یەکن.

هەر لەو شۆڕشەدا بوو کە تاکەکانی کۆمەڵگە ڕەنگە بەهەڵەدا نەڕۆیشتبێتین ئەگەر بڵێین بۆ یەکەمجار بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، هاتنە سەر شەقام و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کە دژایەتیی لەگەڵ تەواویەتی ڕێژیمێکی سەرەڕۆ بوو، کۆ بوونەوە. ئەو خەڵکەی کە هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی ژن، ژیان، ئازدییان وتەوە، دەیانزانی کە ژن چۆن لەو کۆمەڵگەیەدا دەچەوسێتەوە. بەپێچەوانەی دەسەڵاتی زاڵ کە کچی تەمەن ٩ ساڵ، بە شوو دەدات و لای ئاساییە کە هەر ئەو منداڵە لە تەمەنی ١٠ ساڵاندا ببێ بە دایک و لە کتێبە دەرسییەکاندا بە باسکردن لە ئەرک و ڕۆڵی ژنی گوێرایەڵ، ئەرکی بۆ پێناسە دەکات و لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەخلاقیشەوە، چوارچێوەی بۆ دادەنێ و ئەگەر لێی لابدات بەردبارانی دەکات و زۆر بە ئاسانی ئیزنی کوشتنی بە پیاوەکانی بنەماڵەکەی دەدات، ئەو خەڵکە کە هاتنە سەر شەقام، بەشێک لە داواکارییەکانیان، نەهێشتنی ئەم ستەمە ڕەگەزییە بوو، بەتایبەت خودی ژنان کە هاتنە سەر شەقامەکان و سەرپۆشەکانیان فڕێ دا، کە دژی ڕێژیم دروشمیان دا و لە بەرەی بەرانبەری دەسەڵاتدا بوێرانە ڕاوەستان و داوای مافەکانی خۆیان کرد، باش دەزانن کە هیچکات فاتمە و مەعسوومە ناتوانن هێمایەکی ڕاستەقینە لە باوەڕەکانی ئەوان بن.

ئاخۆ چۆن ئەبێ، کەسێک بکرێتە هێما کە لە تەمەنی منداڵیدا بە شوو دراوە و هەر لە منداڵیدا بووەتە دایک و هەتا ئەوکاتەی ماوە کۆیلەی باوەڕ و نەریتەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئایین بووە؟ چۆن ئەبێ ژنێکی ئازا و وشیاری کوردستان کە دەزانێ سەربەخۆیی ئابووری و پێگەیشتن و خوێندەوار بوون و هاوتەریب‌کردنی ژیانی لەگەڵ پێوەرە زانستی و جیهانییەکان چەندە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر بەختەوەری خۆی و نەوەی دوای خۆی هەبێ، ڕۆژی لەدایکبوونی فاتمەی زەهرا بە ڕۆژی خۆی بزانێ؟ خۆ هەموو پێوەرەکانیان جیاوازن، ئەی کوا خاڵی هاوبەشیان؟

دەسەڵات لە ڕێگەی ئەم هێماسازییەوە زۆر بە ئاسانی توانیویەتی کاریگەری لەسەر تاک دابنێت و لانیکەم ئامرازەکانی بەردەستی توانیویانە یارمەتیدەرێکی باش بن. ئێمە ناتوانین باس لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بکەین و بە پێچەوانەکەی گوێڕایەڵی ئەو یاسا و نەریتانە بین کە دوژمن بەسەرمانیدا سەپاندووە. پێویستە قووڵتر بیر بکەینەوە و دوژمنەکەمان باشتر بناسین!