کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندوتیژیی سیستماتیک و ڕووبەڕووبوونەوەی

23:37 - 17 بەفرانبار 2723

(‌لە پەراوێزی جێبەجێ‌کردنی سزای ٧٤ قامچی لەسەر ڕۆیا حیشمەتی)

شەونم هەمزەیی

جێبەجێ‌کردنی سزای لێدانی ٧٤ زەربەی قامچیی ڕۆیا حیشمەتی لە لقی یەکی خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران کە بەهاری ئەمساڵ لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بێ‌ حیجابی زۆرەملێ لە جووتسایدی کشاوەرزی تاران سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ زەربەی قامچی و سێ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لەوڵاتی بەسەردا سەپێندرا، بۆ جارێکی دیکە پرسی توندوتیژیی دژی ژنانی بە ڕۆژەڤ کردەوە و لەملا و ئەولا بە تایبەت سۆشیال میدیادا باسی زۆری لێ کەوتەوە.

هەروەک هەموومان ئاگادارین پێگەی ژنان لە کۆمەڵگە جیاوازە مرۆییەکاندا بە گشتی خوارتر و کەمتر لە پێگەی پیاوانە و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بۆ ژنان و پارێزەرانی مافی ئەم ڕەگەزە بابەتێکی جێی نیگەرانییە. بەڵام هەر ئەم هەڵاواردنانەش ڕێژەییە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. توندوتیژییەکان زۆرن بەڵام ئەوەی من زیاترە مەبەستمە تیشکی بخەمە سەر توندوتیژیی سیستماتیکە.

توندوتیژیی سیستماتیک جۆرێک لە توندوتیژییە کە بکەری ئەم جۆرە لە توندوتیژی لە، سیستم، پێکهاتە یان ناوەندێکی دەسەڵاتە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش یەک لەو وڵاتانەیە کە بە شێوەی سیستماتیک توندوتیژی دەنوێنێ. بۆ زیاتر نواندنی ئەم هەڵاواردنە سیستماتیکە –چونکە ئاگامەندانە بەڕێوە دەچێ- هەر قەناعەت دێنین بە ئاماژەدان بە بەشێکی بەرچاو لە پێشێلکردنی مافی ژنان لەچاو پیاوان لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییدا، کە یاسایەکی پێش‌مۆدێرنە و لەگەڵ سەرەکیترین بنەماکانی مافە مرۆییەکان وەک ئەسڵی بەرامبەری و یەکسانیی مرۆڤەکان لە دژایەتیی‌دایە.

مافە سزاییەکان کە بریتین لە: تەمەنی بەرپرسایەتیی سزایی (بۆ کچان/ژنان ٩ ساڵ)، دییە (نیوەی پیاوان)، پێگەی شایەدیی ژنان (لێرەشدا نیوەی پیاوانە)، حیجابی زۆرەملی (کە بۆ ژنان هەموو لەش بێجگە لە دەموچاو و دەست و پێ دەگرێتەوە و بەڕێوەنەبردنی سزای ٧٤ قامچیی لەسەرە) و …

مافە خێزانییەکان: پێکهێنانی ژیانی هاوبەش (بۆ کچان لە ٩ ساڵی کۆچی مانگی دەست پێ دەکا کە بەرامبەرە لەگەڵ ٨ ساڵ و ٩ مانگی هەتاوی)، ئازادی لە بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش (بەندە بە ڕەزایەتی باوک و سەرپەرستەوە)، فرەژنی، واجب‌بوونی فەرمانەکانی پیاو لەسەر ژن (لە بەرامبەر پێدانی مارەیی و دابینکردنی نەفەقەدا)، مافی چوونە دەرەوە لە وڵات (بەبێ ڕەزایەتی پیاو ناکرێ)، مافی کارکردن (هەر بەندە بە ویستی پیاوەوە)، مافی جیابوونەوە (لە چەند حاڵەتێکی تایبەتدا نەبێ ئەم مافە لەدەست پیاودایە)، مافی سەرپەرستیی منداڵ (سەرپەرستیی منداڵ لە ئەگەری جیا بوونەوەی ژن و مێرد دەدرێ بە پیاو)، میرات (نیوەی پیاوان داندراوە).

بێجگە لەمانەی کە باس کرا هەندێک لە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەیە کە تەنیا لە پاوانی پیاوان‌دایە و ژنان بۆیان نییە لەو بەشانەدا هیچ چالاکییەکیان هەبێ... .

دەسەڵات بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ژنان دەچەوسێنێتەوە، بەم شێوەیە وەک دەبینین و لە سەرتریشەوە گوترا، ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا سیستماتیک دەچەوسێنرێنەوە و وەک کاڵایەک لە ئیختیاری چێژ و حەسانەوەی پیاوان‌دان و، بەتەواوی یاسا لە پشت پیاو و لە دژایەتی لەگەڵ ژن‌دایە.

پرسی توندوتیژیی سیستماتیک، پرسێکی تازە نییە، بەڵام بە کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی ڕوژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانووی نەگونجاوی حیجابەکەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی کۆماری ئیسلامی و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان کەوتە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، گیانی لەدەست دا، زیاتر بۆتە پرسی ڕۆژ. لێکەوتەکانی کوشتنی حکوومەتی ژینا ئەمینی گەلێ پرس و بابەتی گرینگی بە شوێن خۆیدا هێنا و بوو بە شۆڕشێکی سەرتاسەری و بابەتێکی جیهانی. لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی ژینا گەلێ ڕەهەندی جیاوازیی هەبوو، بەڵام پرسی حیجاب و توندوتیژیی دژی ژنان بە بیانووی حیجاب زیاتر بوو بە پرسێکی جیهانی و دەنگدانەوەی جیهانیی لێ کەوتەوە.

بابەتی گرینگی ئەم دیوی شۆڕشەکە، دژایەتیی لەگەڵ یاسا داسەپاوەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. هەر زۆر زوو بینیمان کە ژنان بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە و خۆڕاگرانە لە بەرامبەر هێزە سەرکوتەکانی ئەو ڕێژیمە وەستانەوە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ زیاتر سەپاندنی یاسا زۆرەملێیەکانی و ئەوەی توانای نەمابوو بە بڕیار و یاسا ڕووبەڕووی خەڵک ببێتەوە، هێزە سەرکوتەکانی لەم پێوەندییەدا زیاتر بکا.

ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی گەلاڵەیەکی نوێدا کە لەژێر ناوی پاراستنی کولتووری عیفاف و حیجاب ئامادە کراوە، باسی لەوە کردوە کە ڕەچاونەکردنی حیجاب لەلایەن ئەو کارمەندە ژنانەوە کە لە ناوەندە ئیدارییەکاندا کار دەکەن، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مووچەکانیان و لە ئەگەری بەردەوامبووندا، جیا لە بڕینی مووچە، دەبێتە هۆی دەرکرانیشیان لە کارەکانیان.

هەر لەم پێوەندییەدا پارێزگاری قوم بە دەرکردنی بەخشنامەیەک داوای لە ژنان کردووە کە بە چارشێو و بە بێ جوانکاری بچنە سەر کارەکانیان. هەروەها ئەحمەد عەلەمولهودا، نوێنەری خامنەیی لە خوراسانی ڕەزەوی، ڕەچاونەکردنی حیجابی بە تاوانی سیاسی ناو بردووە و تەنانەت چەندین ناوەند و دووکانیش بە هۆی ڕەچاو نەکردنی  حیجابەوە بە یەکجاری داخراون. هەروەها لە لایکی دیکەوە "حەسەن بەهرام نیا" پارێزگاری ئیلام گوتی: "دەبێ لە بواری عیفاف و حیجابەوە فەرهەنگسازی بکرێت و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لەو پەیوەندییەدا ڕۆڵی بنەڕەتی و کاریگەر بگێڕێت. هەروەها حیجابی بە پارێزەری شەرەف و نامووس ناوبرد و وتی هەموو ژنان دەبێ حیجاب بپۆشن. هەروەها ئەرکی ئێمەیە وەکوو بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی ئیسلامی بە پەرۆشەوە گرینگی بەو بایەخە بدەین".

بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، لایەنی گرینگ و جێی باس، هەڵوێست و وەستانەوە دژی یاسا زۆرەملێکانی ئەم سیستمە بوو. جیا لە شۆڕشی ژینا کە نیشانەکانی لە دژایەتی لەگەڵ ئەم سیستمە باشتر خۆیان نیشان دا و کاریگەرییەکانی بە سەر کۆمەڵگەدا دەرکەوت. جێی خۆیەتی نموونەی چەند ژنێکی بوێر باس بکرێ کە بوونە بابەتی ڕۆژ و کاردانەوەی زۆریان بە دوای خۆیاندا هێنا، یەک لەوان نازیلا مەعرووفیان ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران کە بە بڕیاری دادسەرای ئیرشاد (ئەمنییەتی ئەخلاقی) بە تۆمەتی "پەرەدان بە گرینگینەدان بە ڕێوشوێنی ئایینی"، دەسبەسەر کرا و بە گوتەی ئەوان جلوبەرگی نازیلا لە شوێنی گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی بووە. بەڵام نازیلا چوار جار دوای ئازادیی کاتی، وێنەی خۆی بێ لەبەرچاوگرتنی حیجابی زۆرەملێ و بەرزکردنەوەی دەستی بە مانای سەرکەوتن"، بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند ئەگەر چەند جاری دیکەش دەسبەسەر بکرێمەوە ناچمە ژێر باری یاسا داسەپاوەکانەوە. هەروەها نێرگس محەممەدی ژنە چالاکوانێکی مافی مرۆڤ و زیندانیی سیاسی کە ماوەی چەند ساڵە لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی‌دایە و ئامادە نەبوو لە کاتی دادگاییکردنیدا لە بەردەم دادوەر و لە دادگا حیجاب بپۆشی.

تازەترین نموونەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو یاسا زۆرەملێ داسەپاوە، ڕۆیا حیشمەتییە کە وەک خۆی باسی کردووە، فەرمانبەری لقی جێبەجێکرانی سزاکان بەهۆی لابردنی لەچکە، هەڕەشەیان لێکردووە کە توندتر قامچی لێبدرێت و داوایان لێکردووە حیجابەکەی  بپۆشی، بەڵام  ئەو کە دژی حیجابی زۆرەملێیە، داواکەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێ " قامچییەکانم نەدەبژارد، لەژێر لێو دەمخوێند، بەناوی ژن بەناوی ئازادی، جلی کۆیلەیەتی دڕا، شەوی تاری ئێمە بەسەر دێت، هەموو قامچییەکان دەبن بە تەور."

لە کۆتاییدا خاڵێکی گرینگ کە پێویستە لەم پێوەندییەدا ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە، پێویستە کولتووری توندوتیژی بەتوندی مەحکووم بکرێ. کۆمەڵگەی تووڕە ئاکاری توندوتیژانە لە خۆی نیشان دەدا، پێویستە لەسەر تاک بە تاکی ئێمە لە پێشدا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین و کولتووری خۆمان لە توندوتیژی بسڕینەوە، بۆ پێشگرتن بەوەی کە وردە وردە ئەگەری ئەوەی هەیە ئاسایی ببێتەوە و لەگەڵ هەواڵێک هیچ جیاوازییەکی نەمێنێ.