کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابی لە هێڵی پێشەوەی شۆڕشی ژینادا

12:47 - 18 بەفرانبار 2723

ناسر ساڵحی ئەسڵ

لە سەردەمی شۆڕشی زانیاریدا قوتابی وەک نەوەی نوێی گەلانی ئێران و كوردستان، ڕۆژبەڕۆژ لە بنەماكانی فیكری چەقبەستووی ڕێژیمی كۆماری ئیسلاشمی نەک هەر دوور كەوتووتەوە و لێ تێپەڕیوە، بەڵكوو هاوڕاش نییە. چونكە ئەو نەوەیە كە ئیستا قوتابی یا خوێندكارە كە چاوی هەڵێناوە، دنیایەكی دیجیتالی دیتوە و ئینتێرنێت و ماهوارە و موبایل بۆ ئەو بابەتێكی ڕۆژانە بووە و لەگەڵی گەورە بووە. هەربۆیە نەوەی نوێ خۆی لە دنیایەک زانیارییدا دیتووتەوە كە بەهیچ شێوەیەک هاوشێوەی ئەوە نییە كە ڕێژیمی دواكەوتووی كۆماری ئیسلامی بانگەشەی بۆ دەكا و هەوڵ دەدا بە زۆرەملی بەسەر نەوەی نوێدا بی‌سەپێنیت.

ئەگەر لە دەیەی شەستی هەتاویدا ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە قوتابیانی قوتابخانەكانی ئیران و كوردستانی بە زۆرەملی ڕاكێشی سەر شەقامی دەكرد و بە مەبەستی بەلاڕێبردنی بیر و هزری قوتابیان و بە دروشم گەلێكی بێ مانا و شەڕخوازانە بیروڕای گەلانی ئێران و گەلانی چەوساوەی جیهانی پێی ڕەنگرێژ دەكرد، بەڵام لە ئیستادا قوتابی نەوەی نوێ تەواوییەتی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەتی دەكاتەوە و خوازیاری ڕووخانیەتی. ئەزموونی چوار دەیە لە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لە ئیران و كوردستان پیشانی داوە كە زۆربەی بەرنامە، پلان و سەرچاوەی كتێبە دەرسییەكانی لەگەڵ زاتی فیربوون و بارهێنانی قوتابی، نامۆ و ناتەبان و ئەو بابەت و نێوەرۆكانە ناتوانن بۆ درێژەدان بە خوێندن قوتابیان دڵخۆش یان هاندەرێكی گونجاو بێت. هەربۆیە ڕادە و ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن بەهۆی نەبوونی پەروەردەی سالم، شوێنی پێویست بۆ خوێندن، بەئەمنیەتی‌کردن و پادگانی‌كردنی قوتابخانەكان، بوونی دیاردە دزێوەكانی وەک ماددەی هۆشبەر لە قوتابخانەكان، ڕادەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێران و بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەكانی نەتەوەكانی ئێران لە هەڵكشاندا بووە. هەروەها ڕۆڵی مامۆستایان لە بزوتنەوەی مامۆستایان لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە كوردستان، بە بەردەوامی لە ڕیزی پێشەوەی نارەزایەتییەكان لە ئاستی كوردستان و ئێراندا بوون و هێندیک جار دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی لە ئاستی قوتابخانەكانی كوردستان و ئێراندا و دەنگدانەوەی نێوخۆیی و جهانی بووە و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەست و جووڵەی قوتابی بووە. ئەگەرچی بزووتنەوەی مامۆستایان زۆرجار نەیتوانیوە وەک بزووتنەوەكانی دیكە گشتگیرتر بێ و بە شێوەیەک كە ببێتە هۆی داخرانی قوتابخانەكان، بەڵام وەک بزووتنەوەیەكی پیشەیی داواكاریی هەبووە و كاریگەریی ئەرێنی و هاندەرانەی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكانی شۆڕشی ژینا و هاندانی قوتابیان لە كوردستان و ئیراندا هەبووە.

لەلایەكی دیكەوە نێوەرۆكی وانەی كتێبە دەرسییەكان بۆ قوتابی، نازانستی، دواكەوتوویی و داپڵوسێنەر بووە. چونكە نێوەرۆكی كتێبە دەرسییەكان لە ڕوانگەی قوتابییەوە لەمپەر و ئاڵنگاری سەرەكی ژیانێكی ئازاد و سەردەمیانەیە. هەروەها مانای ژیان و ئازادی لە زەینی نەوەی نوێ قوتابیدا ئیدی نیوەرۆكی چیرۆكی كتێبەكانی كە لە سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا دەكوترێتەوە نییە. بەڵكوو مانای ژیان و ئازادی ئەو لە دنیای دیجیتالییە كە دوورە لە زەینییەتێكی دواكەوتوو و سەدەی نێوەڕاستەكان كە حكوومەتی ئیسلامی دەیەوێ، وەک خۆراک دەرخواردی قوتابی نەوەی نوێی بدات. هەر بۆیە كەلێنی قوتابی نەوەی نوێ لەگەڵ بنەماكانی ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بەرهەمی چوار دەیە سەركوت، خەفەقان و هەڵەكانی سیستەمی پەروەردەی نادادپەروەرانەی ڕێژیمە. لە سیستەمی دواكەوتوو پەروەردە و بارهێنانی نادادپەروەرانەی ڕێژیمدا، كەلێن لەنێوان ناوچە پەراوێزخراوەكانی نەتەوەكانی ئیران لەگەڵ ناوەندە، ئەو كەلێنە پەروەردەییە بۆتە نەهامەتی و دواكەوتوویی بەر هەرێمەكانی نەتەوەكانی دیكەی ئێران. چونكە قوتابخانەكانی ناوەند بە كەلک‌وەرگرتن لە ڕانتی حكوومەتی لەچاو قوتابخانەكانی ناوچە پەراوێز خراوەكان، هەموو ئیمكاناتێكی بینا و پەروردەییان هەیە. ئەوە لە كاتێک‌دایە سەرمایە، سامان و داهاتی نەوت لە ئیران بۆ سپای پاسداران و بنكە ئەتۆمییەكانی تەرخان كراوە. وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا، هیچ‌كات هەوڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی قوتابی و قوتابخانەی نەداوە و تەنانەت زۆرجار یاسا و ڕێساكانی خۆشی لەمەڕ پەروەردە و بارهێنان ڕەچاو ناكات و بگرە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی خۆی ڕێخۆشكەر و هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی پەروەردە و بارهێنانە و بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەكانی وەک ڕۆژهەلاتی كوردستان و بەلووچستان. ئەوە لە كاتێک‌دایە لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییدا هاتووە "دەوڵەت ئەركدارە پێداویستییەكانی پەروەردە و بارهێنان، بێ‌بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا كۆتایی قوناغی دواناوەندەی دابین بكات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆشبژێوی وڵات بەشێوەی بێ ‌بەرانبەر پەرە پێ بدات."

 هەنووكە لە ئێران و كوردستاندا سیاسەتێكی ئەمنیەتی و مێتۆدیكی سەدەكانی نێوەڕاست بەسەر كەشوهەوای قوتابخانەكاندا زاڵە. ئامانجداركردنی نێوەرۆكی كتێبە دەرسییەكان بە بیرۆكەی دوگمی ئیدئۆلۆژی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهینانەوە، تەنیا بە مەبەستی خزمەت بە بەهێزكردنی دوگم و بەرتەسكی دەسەڵاتی داسەپاو و دوورخستنەوەی قوتابیان لە گەیشتن بە ئامانجە سەردەمییەكانە. هەروەها ڕاكێشانی زۆرەملی قوتابیان بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی بەسیجی قوتابی لە قوتابخانەكاندا و بڵاوكردنەوەی هەموو جۆرە ماددەییەكی هۆشبەر لەلایەن دەستوپێوەندییەكانی ڕێژیمەوە لە قوتابخانە و زانستگەكاندا لە كردەوە دزێوەكانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییە، بۆ ئەوەی لەلایەک بیر و هەستی قوتابیان لە بیر و هەستی نیشتمانپەروەری و ڕزگاریخوازیی و مافویستی بەتاڵ بكات و لەلایەكی دیكەوە قوتابیان گوێڕایەڵی سیاسەتەكانی خۆی بكا، تا هەردەم لە چالاكییەكانی ڕێژیمدا وەک ڕێپێوانە حكوومەتییەكان و دەنگدان لە هەڵبژاردنەكاندا كەلكیان لێ وەرگرێ یان بیری سەدەی نێوەڕاستی خۆی لەنێو ئەو توێژە ڕوو لە گەشەیەدا بڵاو بكاتەوە.

هەروەها لە قوتابخانە و زانستگەكاندا سەرەڕای هەموو ئەو كارانەی كە ئاماژەمان پێدان بە وەڕێخستنی گەشتیی مەزهەبی بە ناو "ڕاهیانی نوور" بیری مەرگ، شەڕ و قین و مردووپەرەستتیان لەنێودا پەرە پێ‌ دەدات. هەر بۆیە ساڵانە بە دەیان قوتابی و خوێندكار لەم ڕیگایەدا بەهۆی پێکدادان ماشین یان وەرگەڕان، گیانیان لە دەست دەدەن. كەوابوو بەپیی ئەو داتایانەی باس كران، لە ئیستادا قوتابی و قوتابخانە وەک مەكتەبی هزری شۆڕشی ژینا، هەر لە ساڵەكانی دەیەی هەشتاوە كەلێن و جیاوازییەكانی لەگەڵ بنەماكانی پەروەردەیی و ئیدئۆلۆژیی ڕەهای ویلایەتی فەقیهی زیاتری كردووە. چونكە جیاوازی خۆپیشاندان و ویست و داخوازییەكانی لەگەڵ خۆپیشاندان و ویستەكانی پیش ڕاپەرینی ژینا، دەگەرێتەوە بۆ نەوەی نوێ كە هەمێشە لەگەڵ فیكری دواكەوتووی حكوومەتی ئیسلامی لە ململانیدا بووە. هەر بۆیە لە كاتی ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینادا نەوەی نوێ بە جیاوازی بنەڕەتییەوە لەگەل كۆی تەواوییەتی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە دژایەتیی و بەربەرەكانیدا بووە و ئێستا لە سەر شەقامە. لە ئێستادا كەلێن و جیاوازییەكان لەنێوان نەوەی نوێ و ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی قووڵتر بووتەوە. هەر بۆیە خەباتی شەقامی نەوەی نوێ لە سەركەوتن نیزیكترە. هەروەها لە ئێستای ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، بنەماكانی ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، نە تەنیا لە فیكر و زەینی قوتابی نەوەی نوێدا هیچ جێگە و پێگەیەكی نییە، بەڵكوو قوتابی پێی‌وایە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بەها و چەمكە جیهانگیرانە بكەوێت، پێویستە لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی تێ پەڕێت. تێپەڕێنیک كە پێویستی گەیشتن بە خولیاكانی لەپێناو ژیانیكی ئازاد و سەردەمیانە و ئەمڕۆیی بە هەموو تایبەتمەندییەكانیەوە.