کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەندەن/ دیداری نوێنەری حیزب لەگەڵ سکرتێری ئەنترناسیوناڵی سۆسیالیست

21:32 - 25 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێوریەی ٢٠٢٤)، بەڕێز مەلوود سوارە ئەندامی ڕێبەریی حیزب و نوێنەری حیزب لە ئێس ئای، لە دەفتەری ئەم ڕێکخراوەیە لە لەندەن، لەگەڵ خاتوو بێنێدیکتا لاسی سکرتێری سۆسیالیست ئەنترناسیوناڵ دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.

سەرەتا خاتوو لاسی لەسەر ئێس ئای و کۆبوونەوە و دەسپێکی کارەکانیان لە ئێس ئای و دوایین کار و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە قسەی کرد.

پاشان نوێنەری حیزب لەسەر دوایین ڕووداوەکانی ناوچە و بەتایبەت هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت بەشداربووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سەپاندنی سزا بەسەر بەشداربووانی ئەم شۆڕشە و سزادران و بەندکردنی کەسوکار و بنەماڵەی ژینا ئەمینی قسەی کرد.

 ئێعدامی ٤ لاوی کورد لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە بەندیخانەی قزلحساری شاری کەرەج بەشێکی تری باسەکانی ئەم دانیشتنە بوون. 

تەوەرێکی دیکەی باسەکان لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکە و هەروەها هەڵسوکەوتی ڕێژیم  و تێرۆر، تۆقاندن و گوشارهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورد لە باشووری کوردستان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەندامی تەواوەختی ئەم ڕێکخراوەیە و لەسەر داخوازییەکانی کورد بەگشتی و بەتایبەت کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ڕێکخراوەیەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە.