کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی نووسەرانی ئێران: زمانی دایکی بەشێکی گرینگ و گرێدراو بە ئازادی ڕادەربڕینە

12:18 - 3 رەشەمه 2723

کانوونی نووسەرانی ئێران لە ساڵڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی واتە ٢ی ڕەشەمە ڕاگەیندراوێکیان بڵاو کردەوە و لەو ڕاگەیندراوەدا باسیان لە ڕۆلی گرینگیی زمانی دایکی کردووە.

لەو ڕاگەیندراوە دا باس لەوە کراوە کە لە سەرهەڵدانی ساڵی ڕابردووەدا هاوار و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستانەوە بەرز بووە و ئەو دروشمە تەنیا ڕەمزێک بۆ شۆڕشی ئازادیخوازانە نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی گرینگی ڕاگەیاند و نیشانی دا کە جیاوازیی زمان دەتوانێ پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان بەهێزتر بکات، لێرەدا دەسەڵاتداران، هزرەکۆنەکانی دژی ئازادی و یەکگرتوویی مرۆڤەکانن کە دەیانهەوێ لە جیاوازیی زمانەکان ناکۆکیی قەومی ساز بکەن و مرۆڤەکان لەیەک دوور بخەنەوە.

ناوەندی نووسەرانی ئێران ڕایانگەیاند کە جیاوازیی زمان و کلتوورەکان لە تەنیشت یەکتردا جوانییەکانی بەرابەری مرۆڤەکان بۆ کەڵکوەرگرتن لە مافی زمانی دایکی نیشان دەدات و مرۆڤەکان بە زمانی دایکی خۆیان باشتر و بەهێزتر و ڕوونتر دەتوانن هەست و هزری خۆیان دەرببڕن و لێرەدایە دەردەکەوێت کە زمانی دایکی بەشێکی گرینگ و گرێدراوە بە ئازادی ڕادەربڕین، و دەبێ کە هەموو زمانەکانی دایکی لە ئێران ئازاد بن و هەروەها هەموو ئەو مامۆستا و چالاکوانانەی بواری پاراستنی زمان دەبێ ئازاد بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی پێشێلکاری بەشێکی گرینگی مافی مرۆڤی و هاووڵاتی بوونە.