کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە بەندکراوان داوای لابردنی بەرپرسی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دەکەن

12:11 - 5 رەشەمه 2723

زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە هۆی زۆربوونی حاڵەتی خۆکوژی لە ئاکامی ئازار و ئەشکەنجەی بەندکراوان، داوایان کردووە تاکوو بەرپرسی بەندیخانەکە لە سەر کار لاببرێت.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، کۆمەڵێک لە بەندکراوان لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بە ئاماژەدان بە ئەشکەنجە و ئازار لەلایەن پاسەوانەکان و بەرپرسەکەیانەوە، داوایان کردووە تاکوو پەیمان خانزادە بەرپرسی ئەم بەندیخانەیە لە سەر کار لاببرێت.

بەندکراوان بە وسفکردنی دۆخێکی سامناک و دڵهەژێن لە بەندە تاکەکەسییەکان و هەروەها بەندی "پاک" نووسیویانە: ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئەم دوو بەندە لە مانگەکانی ڕابردوودا خۆیان کوشتووە و لە ماوەی چەند مانگ جارێکدا تەرمی بەندکراوێک ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە.

دۆخی خراپ و کارەساتباری بەندکراوان و ئەشکەنجە و ئازاریان لەلایەن کاربەدەستان و مەئموورانی بەندیخانەکانەوە لە بەندیخانەکانی ڕێژیم ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت.

چالاکان و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان سەبارەت بەم پرسە بەردەوام هۆشدارییان داوە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەو حاڵەتانە لە بەندیخانەکانی پارێزگاکان لەچاو بەندیخانەکانی تاران بە ڕێژەیەکی بەرچاوتر و توندوتیژانەترە.