کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چەندین ڕێوڕەسمی جیاواز بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

17:41 - 5 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمە، ڕێوەرەسمێکی تایبەت لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان بە بۆنەی ٢ی‌ ڕەشەمە لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە کورتە باسێک لەسەر گرینگیی زمانی دایکی لەلایەن مامۆستا هێمن ئیسماعیلپوورەوە  دەستی پێ کرد.

لە بڕگەیەکی ئەم ڕێوڕەسمەدا دەرچووانی خولی نوێی ڕێنووسی ئەم فێرگەیە بڕوانامەیان پێ درا و چەند کتێبێکیان پێشکەش کرا.

لەو ڕێوەڕسمەدا بە هۆی چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی خاتوو سوێسنە ئیسماعیلنژادەوە، ڕێز لە ناوبراو گیرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ۲ی ڕەشەمە، ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک ڕیزیان لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی گرت.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە سنە، ئەم ڕێوڕەسمەیان بە مەبەستی پاراستن و بەرزڕاگرتنی زمانی دایکی و هەروەها گرینگیپێدان و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی بەڕێوە برد و بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی، پێشوازییان لەم ڕۆژە کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵدا، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری سەقز بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی فێرخوازانی ڕێنووسی زمانی کوردی و مامۆستایان و ئەویندارانی زمانی کوردی لە ناوەندی خانەنشینکراوانی شاری سەقز بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا خاتوو فاتمە حیجازی، مامۆستای فێرکاریی زمانی کوردیی فیرگەی بەیان، لقی شاری سەقز، بە هۆی هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لەم بوارەدا ڕێزی لێ گیرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ٢١ی فێوریە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لقی پاوەی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، ڕێوڕەسمێکیان بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە، بەڕێوە برد.

 

هەر لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵدا، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە  ناوچەی گەورکایەتی و لە گوندی سڵامەت سەر بە شاری بۆکان و بە هاوکاریی کتێبخانەی "تیشک" ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو و لەم ڕێوڕەسمەدا کۆمەڵێک کتێبی کوردی بە سەر فێرخوازاندا دابەش کرا.