کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ دیدار و چاوپێکەوتنی نوێنەرایەتیی حیزب لەگەڵ ئەندریاز شیدەر ئەندام پارلمانی ئووروپا

01:29 - 6 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەشەمە (٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٤)، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش لەگەڵ خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش چاویان بە ئەندریاز شیدەر، ئەندام پارلمانی پارلمانی یەکیەتیی ئووروپا لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئەو وڵاتە کەوت.

محەممەد فەقێ‌عەلی لەم دیدارەدا پێداگریی لەسەر ڕۆڵی ئەرێنیی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا کرد و ئەو دەورگێڕانەی کوردستانی بە هۆی ئەو هەموو  ترس و خۆفەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و هێزە سیاسییەکانی زانی کە بەداخەوە لە زۆر کاری دژەمرۆڤانەدا و هەر ڕۆژە بە شێوەیەک خۆی دەنوێنێ.

نوێنەری حیزب داوای لە شیدەر کرد، کە هێرشە ناڕەوا و دژەمرۆییەکان بۆ سەر کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات بگەیەنێتە پارلمانی ئووروپا و هەرچی زووتر لەم ڕاستایەدا دژکردەوەیەک نیشان بدەن بۆ ئەوەی ترۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروا لە گرتن کوشتن و بیسەروشوێنکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و هێرش بۆ سەر شۆڕشگێڕانی دیمۆکرات دەستئاوەڵا نەبن.

محەممەد فەقێ‌عەلی لە درێژە باسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە جێگای متمانەبوونی کورد و باوەڕی قووڵی بە بنەما دیمۆکراتیکەکان و بەیەکەوە ژیانی هاوبەشی گەڵان و مافی مرۆڤ داوای لە شیدەر کرد، کە کورد وەک خۆی لەسەر ئاستی ئووروپا بناسێنن .

لەبەشێکی ئەم دانیشتنەدا خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش ئاماژەی بە هەموو ئەو هێرشە دڕۆنی و مووشەکییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاگانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی کرد و داوای کرد کە پارلمانی ئووروپا هەوڵ بۆ پیشگرتن لە دووپاتبوونەوەی ئەم سەرەڕۆییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێت.

ئەندریاز شێدەر لە کۆتاییدا نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی دڵنیا کردەوە، کە دەنگێک لەو دەنگانە دەبێ کە لە پارلمانی ئووروپا دەنگی کوردن و ئەو نیگەرانییانەی نوێنەرایەتیی حیزبیش دەگەیەنێتە شوێنی پێوەندیدار.