کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی کۆڕێک لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

11:16 - 6 رەشەمه 2723

بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی کۆڕێک بە ناونیشانی ''مێژووی شێوە جیاوازەکانی نووسین لە زمانی کوردیدا'' لە کۆپێنھاگ پێتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەمە، لەلایەن مامۆستا یوسف ڕەشید پسپۆر لە زمانی کوردی و نووسەری فەرھەنگی ''ئاناھیتا'' کۆڕێک بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی بە ھاوکاریی چالاکوانانی زمانی کوردی لەم وڵاتە بەڕێوە چوو.

لەم کۆڕەدا ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک پێکھاتوو لە ئەحمەد ڕەحمانی بەرپرسی بەشی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان، جەلال قادری بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ئەلبوورز ڕوئین‌تەن ئەندامی ڕێبەریی حیزب لە وڵاتی دانمارک بەشدار بوون.

لە سەرەتادا کۆڕگێڕ مێژووی ڕۆژ جیهانیی زمانی دایکی کە لە بزاڤی خوێندکارانی بەنگلادێشەوە بۆ خوێندن بە زمانی بەنگالی بوو باس کرد. پاشان کۆڕگێڕ بەدرێژی قۆناغەکانی گەشەسەندنی زمانی کوردی و ئەو گۆڕانکاریانەی کە ھەتا ئەمڕۆکە بەسەر زماندا ھاتوون خستە بەرباس.

نووسەر کۆمەڵێک بەڵگە و فاکت و دیکۆمێتاری لە شێوەی وێنەدا لە سەر پەرەئەستاندنی زمانی کوردی خستە بەر دیدی بەشدارانی کۆڕەکە.

ھەر لە درێژەی ئە کۆڕەدا پەیامی نووسەری بەناوبانگی کورد بێھروز بووچانی بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاو کراوە.

جێگەی ئاماژەیە ھەیئەتی بەشداری کۆمیتەی حیزب لەلایەن کۆڕگێڕەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کراو ئەم ھەنگاوەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەرز نرخاند.

کۆتا بەشی ئەم کۆڕە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و سەرنجی بەشدارانی کۆڕەکە کە لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵامی پرسیارەکان درایەوە و سەرنجی بەشداران لە ڕاستای کۆڕەکە بەھەند وەرگیرا.