کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ڕۆژی دووهەمی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست "لەژێر دروشمی سۆسیالیزمێکی سەرکەوتوو" دەستی بەکارەکانی کرد

00:12 - 7 رەشەمه 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە(٢٥ی فێوریەی ٢٠٢٤)، کوبونەوەکەی شۆرای ئێس ئای بە وتاری نوێنەر و ئەندامانی سەرەکی دەستی پێکرد.

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە سەرۆک و نوێنەری حیزبەکانی ئەندام دیدار و چاوپێکەوتنی هەبوو.

لە هه‌مان ڕۆژدا کۆبوونەوەیێک له نێوان شانده‌کانی حیزب و لایەنە کوردستانییه‌کانی به‌شدار پێکهات کە کۆبوونەوه‌که بو باسکردن لهسه‌ر  سه‌رله‌نوێ کاراکردنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی کاری کوردان بوو. لەم کۆوبونەوەیەدا بەرپرسی هەموو لایەنەکان زۆر چالاکانە لە باسەکاندا بەشدار بوون و بەدەنگی هەمووان بریار درا کە هه‌وڵ بو چالاککردنه‌‌وی ئه‌م کۆمیتە‌یه بدرێت.

له کۆتایی کۆبوونەوەکەی "ئێس ئای"دا بریارنامەکان بەکۆی دەنگ پەسند کران.

دەقی بڕیارنامه‌ی پێشنیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که په‌سه‌ند کرا بەم چەشنە بوو:

بڕیارنامەی پەسەندکراو لەلایەن کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست لە مادرید

١- دوابەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەکاتێکدا کە لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرابوو، جووڵانەوەیەکی ناڕەزایەتیی سەرانسەری بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکرد. کوردستان لانکەی بزوتنەوەکە و دروشمەکەی بوو کە بووە هۆی پشتیوانیی جیهانی و سەرسامیی بۆ ژن و پیاوە بوێرەکانی ئێرانی کە تەنیا داوای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیان دەکرد. ئێمە پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بۆ مافە دێموکراتیکەکانیان دەکەین.

٢- دوای سەرکوتکردنی جووڵانەوەی ژینا، ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی، سەرکوتەکەی توندتر و هەزاران کەسی دەسبەسەر کرد کە ئەمە بووەتە هۆی شەپۆلێکی بەرینی کۆچکردن کە بەشێکی زۆریان ئەو کەسانەن کە لە سەرهەڵدانەکەدا بەشدار بوون. ئێمە داوا لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کە پەنابەرانی ئێرانی ڕوویان تێکردوون دەکەین کە دۆخی ئێران لەبەر چاو بگرن و جێگا و ڕێگا بەو کەسانە بدەن و داڵدەیان بدەن.

٣- ئێمە پێشێلکاریی بەربەرینی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم دەکەین و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا دەکەین چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.

٤- خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە کڵپەی ئاگردایە و جێپەنجەی کۆماری ئیسلامی و باسکە سەربازییەکەی، واتە سپای پاسداران، لە هەموو ئەو ڕووداوانەدا بەدی دەکرێ. ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکان بۆ ناساندنی سپای پاسداران وەک یەکەیەکی تێرۆریستی دەکەین.

٥- ئێمە داوای کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی بۆ پرسی کورد بەگشتی و دۆخی خەڵکی کورد لە ئێران بە تایبەتی دەکەین.

٦- ئێمە داوای بووژاندنەوەی کۆمیتەی تایبەتی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بۆ پرسی کورد دەکەین.