کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پێش بە کەمپەینەکانی کوردستان بۆ یارمەتیی بەلووچستان دەگرێت

00:14 - 18 رەشەمه 2723

دوابەدوای هاتنی لافاو و ژێرئاوکەوتنی ماڵ و ژیانی خەڵکی بەلووچستان، خەڵکی کوردستان بە مەبەستی بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی بەلووچستان دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی و دامەزراندنی کەمپەین بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی بەلووچستان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕەشەمە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بانە و کاسبکاران و مامۆستایانی ئایینیی ئەم شارە لە هەوڵێکی مرۆڤدۆستانەدا، هەوڵیان داوە کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵكی بەلووچستان ڕابگەیێنن کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لێ کردوون.

بەپێی زانیارییەکان هەر لە دەسپێکی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە، هێزەکانی ڕێژیم پێشیان بە چالاکییەکە گرتووە و نەیانهێشتووە فیلم و وێنە و بانگەوازی تایبەت بە کەمپەینەکە بڵاو بکرێتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە خۆیان هیچ هەوڵێک بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی بەلووچستان نادەن، لە هەوڵدان پێش بە چالاکییە خەڵکییەکان بۆ بەلووچستان بەتایبەت لە کوردستان بگرن.

کورد و بەلووچ وەکوو دوو نەتەوەی پەراوێزخراو  لە جۆگرافیای ئێران، بە بەردەوامی لەلایەن دەسەڵاتەوە پەراوێز خراون و ڕێژیم سەرەڕای گرینگینەدان بە کێشەکانیان، زۆر جار بە خولقاندنی قەیران لەگەڵ کێشەگەلی جیددی بەرەوڕوویان دەکاتەوە.