کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێک بۆ پێشکەشکردنی بڕوانامە بە فێرخوازانی زمانی کوردی

18:17 - 21 رەشەمه 2723

ڕێکخراوەی فەرهەنگیی هیوای زانست ٨٥ بڕوانامەی کۆتاییهێنانی خولی ڕێنووسی زمانی کوردیی پێشکەش بە فێرخوازانی ئەم ڕێکخراوە فەرهەنگییە کرد.

ڕێکخراوەی فەرهەنگیی هیوای زانست لە درێژەی چالاکییە فێرکارییەکانی خۆیدا بە کردنەوەی خولی ڕێنووسی زمانی کوردی، لە وەرزی زستاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازانی فێری ڕێنووسی زمانی کوردی کرد.

ڕێکخراوەی فەرهەنگیی هیوای زانست لە زستانی ئەم ساڵدا لە کتێبخانەی ژیلا حسەینی و لە دوو خولی جیاوازدا ٢٠ کەس، لە کتێبخانەی نەشمیلان لە سێ خولدا ٣٠ کەس، لە کتێبخانەی کانی عاشقان و لە دوو خولدا ١٥ کەس و هەروەها لە کتێبخانەی موفیدە مەزهەر لە سێ خولدا، ٢٠ کەسی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کرد.

لە کۆتاییدا و لە دوای تاقیکردنەوە، فێرخوازەکان لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا بڕوانامەی تێپەڕاندنی خولی ڕێنووسی کوردییان لە دەستی مامۆستایانی خۆیان وەرگرت.

لەم ڕێوڕەسمەدا جگە لە وتاری ڕێزدار دوکتور فاتێح سەعیدی مامۆستای زانکۆ، هەموو وتار و بەرنامەکان لەلایەن فێرخوازانەوە بەڕێوە چوو.

ئەنجومەنی زانست بە بەردەوامی هەوڵی داوە لە ڕێگەی چالاکییەکانی خۆی و بەتایبەت فێرکاریی زمانی کوردییەوە خزمەت بە نەتەوەکەی بکات.