کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یارییەکی فووتباڵی دۆستانە و تەرخانکردنی داهاتەکەی بۆ خەڵکی بەلووچستان

11:19 - 23 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٤ی ڕه‌شه‌مه‌‌، یارییەکی دۆستانەی فووتباڵ لە نێوان تیمەکانی هەڵبژاردەی پارێزگای سنە و هەڵبژاردەی ساری سەقز لە هۆڵی ئابدەرمی ئەم شارە بەڕێوە دەچێت.

هەر دوو تیمەکە لە باشترین و ناسراوترین تیمەکانی پارێزگای سنە بە ئەژەمار دێن و بڕیارە داهاتی ئەم یارییە دۆستانەیە، بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵكی لافاولێدراوی بەلووچستان تەرخان بکرێت.

لە دوای هاتنی لافاو لە باشووری بەلووچستان، ئەمە یەکەمین یاریی خێرخوازییە کە بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی ئەم ناوچەيە بەڕێوە دەچێت.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە درێژەی چالاکییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی بەلووچستان، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەقزیش بە مەبەستی گەیاندنی هاوکارییەکای خۆیان بە خەڵكی لێقەوماوی بەلووچستان، بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی کەمپەینی خەڵکی بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بەلووچستان، دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان کرد.

دوابەدوای هاتنی لافاو لە بەلووچستان، خەڵکی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە یارمەتییەکانی خۆیان بە خەڵكی لێقەوماوی ئەم پارێزگایە بگەیێنن.