کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی ڕێژیم لە وەرگرتنی کچە قوتابییەکی کورد لە زانکۆی فەرهەنگییانی سنە

14:52 - 23 رەشەمه 2723

ئارینا ئەداوی، کچە قوتابیی خەڵکی گوندی سلێن سەر بە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای سنە، سەرەڕای بەدەستهێنانی پلەی ٢٣٩ لە ئاستی ئێراندا، لە زانکۆی فەرهەنگییانی کوردستان وەرنەگیرا.

ئارینا ئەداوی وێڕای باوکی بە ناوی قاسم، بۆ جاری دووەم ڤیدیۆیەکی لەسەر نادادپەروەری و هەڵاواردنی سیستمی پەروەردە لە ئێران بڵاو کردەوە و وتی؛ سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سێ جار پلەی سێ ڕەقمیی بەدەست هێناوە، بەڵام بەهۆی دانانی کەسانی دیکە لە شوێنی ئەو، لە زانکۆی فەرهەنگییان وەرنەگیراوە.

هەروەها ئارینا دەڵێت، دروشمی دادپەروەری پەروەردەیی دروشمێکی درۆیینەیە کە هەرگیز بەدی نەهاتووە.

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا باوکی ئارینا باس لەوە دەکات کە ماوەی پێنج مانگە بەردەوام بۆ شاری سنە لە هاتوچۆداین، نەک هەر وڵامی دروستمان پێنەدراوەتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی هەزاران سووکایەتیی بوینەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵدەریی ''کوردپا''ی ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ئارینا و باوکی دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم گرتەی ڤیدیۆیی لە میدیاکانەوە بانگهێشت کراون و بەڵێنیان پێ دراوە، ئەگەر لە میدیاکان ڕووماڵی ئەم بابەتە نەکەن، هەتا ٤٠ ڕۆژ کارەکانیان جێبەجێ دەکەن. بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ، هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شۆرای هاوئاهەنگیی مامۆستایان دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دووهەمی ئارینا و باوکی نووسیبووی؛ ئەو قوتابییە سەرەڕای تێپەڕاندنی هەموو لایەنەکانی نادادپەروەری پەروەردەیی توانیویەتی پلەی سێ ڕەقەمی بەدەست بهێنێت، تۆماری خوێندنی ئاریناش دەری دەخات کە ناوبراو هەموو فاکتەرەکان بۆ مامۆستابوونی هەیە.