کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی باوکی شەهید ژینا ئەمینی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاخی جاقل

11:32 - 26 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی، ٢٥ی ڕەشەمە، خەڵکی نیشتمانپەروەری سەقز لە بۆنەیەکی نەورۆزیدا کە لە شاخی جاقل و لە هەوارگەی گەلاوێژ بەڕێوەیان برد، پێشوازییان لە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ کرد.

ئەمجەد ئەمینی، باوکی شەهید ژینا ئەمینی کە بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوو لەکاتی هەڵکردنی ئاگرەکەدا، چوار مەشخەڵی داگیرساند و هاوکات لەگەڵ داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، بەشداربووان سروودی شۆڕشگیڕانەیان وتەوە.

هەر لەم ڕێوڕەسمەدا، بەشداربووان هاوکات لەگەڵ بەرزڕاگرتنی یادی نەورۆز، بە بڵاوکردنەوەی نووسراوە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیان کردەوە.

قوتابییانی قوتابخانەی گەلاوێژ بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و هەوری و جامانە بەشدارییان لەم بۆنە پیرۆزەدا کرد.

خەڵكی تێکۆشەری سەقز، بە وتنەوەی دروشمەکانی ژن، ژیان، ئازادی، بژی کوردستان، بژی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێک دروشمی دیکە، هەروەها سروودی شۆڕشگێڕانە و سەمای جامانە، گوڕ و تینێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بە نیشانەی وەفاداربوون بە ڕێبازی شەهیدان گوڵی سوور پێشکەش بە بەشداربووان کرا.