کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە مەهاباد

17:04 - 28 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، دایە ڕۆقەیە ئەحمەد ڕەمەزانی، دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی دایە ڕۆقەیە بە ناوی ڕەزا نادری، لە ڕیزی پیشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بووە کە لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم، چووەتە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەوە.

شەهید ڕەزا نادری لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٠ بوو، ناوبراو وەکوو جێگرپەل ئەرکی لە ئەستۆ بووە و لە ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاویدا لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە پشتی مەحموودئاوا، شەهید بووە.

تەرمی شەهید ڕەزا نادری لە پشتی کانی ڕەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.

دایە ڕۆقەیە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، ئاواتی ڕزگاریی کوردستانی لە دڵدا بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم  و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.