کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاونیووز: لە ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٩٦٠ چالاکی بوارە جیاجیاکان لە کوردستان دەسبەسەر کراون

13:32 - 5 خاکەلێوه 2724

ناوەندی ئاماری چاونیووز، بە بڵاوکردنەوەی ئامارگەلێکی جیاواز باسی لە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە درێژەی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە لانیکەم ٤١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بەربوونەوە لە بەرزایی، سەرماردوویی و تەقینەوەی مین، کوژراون و بریندار کراون.

لەم ڕێژەیە ٤٦ کەسیان کوژراون و ٣٦٤ کۆڵبەر کاسبکاریش بریندار بوون.

هەر بەپێی ئاماری چاونیوز، لانیکەم ٩٦٠ هاووڵاتیی لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، زمانی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی، سیاسی، وەرزشی، هونەری و مەزهەبی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا و ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامییەوە دەسبەسەر کراون.

چاونیووز سەبارەت بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بڵاوی کردووەتەوە کە لانیکەم ١٣٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی سیاسی_عەقیدەتی، کوشتن و تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر لە سێدارە دراون کە ١٢ کەس لەم ڕێژەیە چالاکانی سیاسی و عەقیدەتیی کورد بوون.