کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسییەسازیی نوێی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سوعدا خەدیرزادە

11:51 - 16 رەشەمه 2723

سەرەڕای ئەوەی کە دیوانی باڵای ڕێژیم تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن" بۆ سوعدا خەدیرزادەی ڕەت کردووەتەوە، ڕێژیم لە پیلانێکی نوێدا دۆسییەیەکی نوێی بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەرەڕای ئەوەی کە سوعدا خەدیرزادە، ٢ ساڵ و ٤ مانگ و ٢٣ ڕۆژ بەندکرانی تێپەڕاندووە و هاوکات لەگەڵ ڕەتکرانەوەی تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن" بۆ ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ئیزنی وەرگرتنی مەرەخەسی یان ئازادیی مەرجداری هەیە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دۆسییەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و بنەماڵەی سکاڵاکەر بە فەرمانی ئیتلاعات، سەبارەت بە تۆمەتی "هاوکاری لە کڕێنی چەک"، دۆسییەیەکی نوێیان بۆ سوعدا خەدیرزادە لە دادگای ڕێژیم لە میاندواو کردووەتەوە و لە هەوڵدان ماوەی مانەوەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانە درێژ بکەنەوە.

یەکەمین داگای سوعدا خەدیرزادە بۆ تۆمەتی وەپاڵدراوی "هاوکاری لە کڕینی چەک"، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ و بە هەڕەشە و بێڕێزییەکانی بنەماڵەی سکاڵەکەر بەڕێوە چوو و چارەنووسی ناوبراو لەگەڵ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ناڕوونە.

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای ڕازیبوونی دادگا بە پێدانی مەرەخەسی و دابینکردنی بارمتەی قورس، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار پێشیان بە وەرگرتنی مەرەخەسی بۆ ناوبراو گرتووە.

بنەماڵەی سکاڵەکەر کە لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمن، داوای زۆرترین سزایان بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە کردووە و لە ئەگەری وەرگرتنی مەرەخەسی هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە.

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.

ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠، یەکێک لە مۆرەکانی سپای پاسداران بە ناوی "خزر پیرۆتی‌نیا"، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و بنەماڵەی ئەم کوژراوەی ڕێژیم، ڕایانگەیاند کە هاوسەری سوعدا خەدیرزادە یەکێک لە بکوژانی ئەم مۆرەیەی سپا بووە هەر بۆیە ناوەندەکانی ڕێژیم سوعدایان لە جیاتی هاوسەرەکەی دەسبەسەر کرد.