کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامران قاسمی بەندکراوی سیاسیی کورد مانی لە خواردن گرت

12:20 - 16 رەشەمه 2723

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە کامران قاسمی بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، دوای ڕێگریکردنی کاربەدەستانی بەندیخانەی ورمێ و بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی و ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرت.

کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە لە بەندی سەرووئەمنییەتیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە و زیاتر لە نیوەی سزا سەپێندراوەکەی تێپەڕاندووە، بەڵام کاربەدەستانی بەندیخانە و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دژایەتیان لەگەڵ پێدانی مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار بە ناوبراو کردووە.

کامران قاسمی دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی، لەلایەن کاربەدەستانی بەندیخانەی ورمێوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

کامران قاسمی هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێیە، کە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ کرابوو و دوای لێکۆلینەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

کامران قاسمی بۆ ماوەی یەک ساڵ بە بێ دیاربوونی چارەنووسی لەو زیندانەدا مایەوە، دواتر لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا لەلایەن لقی ٢ـی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسۆنی ڕێژیم، سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە بە ٧ساڵ و شەش مانگ گۆڕدرا.