کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی قوورستر

12:16 - 17 رەشەمه 2723

ئاسۆ مینبەری

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن دەکەینەوە کە ژنانی کوردستان بەگوڕ و بەتینتر لە جاران کەوتوونەتە بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکەیەوە.

لە ڕاستیدا دیاریکردن و ناودێرکردنی ٨ی مارس، لە بنەڕەتدا نەک بۆ پیرۆزبایی لە ژنان بەڵکوو بۆ وەبیرهێنانەوەی ستەمەکانی دژبە ژنان و هاوکات هەڵسەنگاندن و نوێکردنەوەی مێتۆدەکانی خەباتی ئەو توێژە لە کۆمەڵگە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ جۆرەکانی هەڵاواردن و ستەمە. هەر بۆیە بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕووداوەکانی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو، بەباشی تێ‌دەگەین کە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانییان لەم پێناوەدا هەنگاوی کردەیی هەڵ بگرن.

لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، خەباتی ژنان لە کوردستان، چووە قۆناغێکی نوێوە و هاوتەریب لەگەڵ ئەم خەباتە نوێیە، شتی نوێشیان ئەزموون کرد.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە دەبێ بە بایەخەوە چاو لە ڕۆڵ و ئەرکی ژنان لە درێژەی شۆڕشی ژینادا بکەین، نابێ لە بیرمان بچێ کە پێش لە دەسپێكی ئەم شۆڕشەش، ژنان بەپێچەوانەی خواستی دەسەڵات بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردستان سەبارەت بەم ڕۆژە هەستیار بوون. لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار نەک تەنیا ژنان، بەڵکوو پیاوانی یەکسانیخوازیش ئەم ڕۆژەیان بەرز نرخاندووە و وەکوو دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە چاویان لێ کردوە.

ئەگەرچی ڕەوتی سەرکوت لەلایەن ڕێژیم و ناوەندەکانییەوە لەمبارەوە بەردەوام بووە بەڵام، هیچکات ژنان کۆڵیان نەداوە و لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان پاشگەز نەبوونەتەوە.

هەرچەند کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵی دا ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژێکی جیهانی لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێ‌بایەخ بکات و بە ناودێرکردنی ڕۆژی لەدایکبوونی فاتمەی زەهرا، بۆنەیەک هاوتەریب لەگەڵ ئەم بۆنە جیهانییە لە کۆمەڵگەدا جێگیر بکات، بەڵام ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی ژنان لە پیلان و ئامانجەکانی ڕێژیم تا ڕادەیەکی باش ئەم هەوڵانەی پووچەڵ کردنەوە.

پرسی ژنان کاری بەردەوام و هەوڵی شێلگیرانەی پێویستە، بەڵام ڕۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژێکی جیهانی، بایەخ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستە بەتایبەتی لەم ڕۆژەدا کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکرێت.

بەڕێوەبردنی سێمینار و ڕێکخستنی کەمپەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامادەکردنی بەرنامەی تلویزیۆنی و نووسینی وتار و بەگشتی ڕوونکردنەوەی بابەتەکە، دەبێ وەکوو ئەرکێکی گشتی بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەک وەکوو کۆمەڵگەی کوردستاندا چاوی لێ بکرێت. گرینگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی خەڵک بۆ ڕۆشنگەری سەبارەت بە پرسەکانی ژنان و هەوڵدان بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و بەتایبەت لە مافەکانی ئەم توێژە، هەوڵەکانی ڕێژیم و دامودەزگا زەبەلاحەکانیشی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم هەوڵانە بەردەوامە، بەو جیاوازییەوە کە تەنانەت ئیمکانات و دەرفەتی زیاتریشی بۆ سەرکوتی هەر چەشنە هەوڵێک لە بەردەست‌دایە.

ئەگەرچی خەباتی ژنان لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بووە بەڵام لانیکەم لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا، ئەم تێکۆشانە زیاتر و لە شێوازی جیاوازتردا خۆی دەرخست.

بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکەر، کردەوەی پێکهاتەشكێن، دژایەتیی ئاشکرا و هەنگاوی بەکردەوە لەم شۆڕشەدا لەو خاڵە گرینگانە بوون کە وەک ئەکتی کاریگەر لەلایەن ژنانەوە بینران. هاتنەدەر لە چوارچێوەی ماڵەکان و پەیوەستبوون بە ڕیزی خەڵکی خرۆشاوی سەر شەقام و زۆر جاریش پێشەنگایەتیی جەماوەر، نیشانی دا کە ژنان لەپێناو دابینکردنی مافەکانی خۆیاندا، تا چەند هەست بە بەرپرسایەتی ئەکەن و تا چ ڕادەیەکیش ئامادەن نرخ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن.

خوێندنەوە و ئانالیزی خەباتی ژنان لە چوارچێوەی شۆڕشی ژینادا دەتوانێ نیشاندەری گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ڕوانینی ژنان هەم سەبارەت بە خودی خۆیان، هەم ئەرک و ڕۆڵیان و هەم پۆتانسیێلی خۆیان لە کومەڵگەدا بێت؛ ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو شۆڕشە بەبێ بوونی ژنان نەیدەوانی تا ئێستا بخایەنێ! لە ڕاستیدا ژنان لەو بزووتنەوەیەدا جیا لەوەی کە هەندێ جار ئەرکی ڕێبەرایەتییان لەئەستۆ دەگرت، توانییان بزوێنەری باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ هاتنە مەیدان و شەڕ لەگەڵ داگیرکەر بن. هەر بۆیە دەتوانین ئاوا لە بابەتەکە بڕوانین کە خەباتی ژنان لە دوو بواری جیاوازی ڕەگەزی و نەتەوەیی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، خەباتێکی ڕەوا و لە هەمانکاتدا جێگای ڕێز و پێزانینە، بەرەوپێشبردنی هاوتەریبی ئەم دوو خەباتە، ئەرکی قورستری خستووەتە سەر شانی ژنان و بێگومان کاریگەریشی لەسەر بزووتنەوەی کوردستان، دیار و هەستپێکراو دەبێ.

لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا وێڕای پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی خەباتی ژنان لە کوردستان و ڕێزگرتن لە قوربانیدانیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێویستە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە خەباتی نەتەوایەتی بەبێ بوونی ژنان سەر ناکەوێ و ئەرکی ژنان لەم ببوارەدا زۆر قورسترە. هەروەها ٨ی مارس دەبێ لەلایەن ژنانەوە ببێتە دەرفەتێک بۆ لەئەستۆگرتنی ئەرکێکی قورستر، پێداگرتنەوە لەسەر مافەکانیان و هاوکات دیاریکردنی سنووری نێوان خۆیان و دەسەڵاتێکی خۆسەپێن کە ساڵانێکی زۆرە لە مافی ژیان بێبەشی کردوون.

 ٨ی مارس دەتوانێ لەمەبەدوا جیا لە ڕۆژێکی جیهانی، ڕۆژی وەبیرهێنانەوەی خەبات و شۆڕشی ژنانی کوردستان دژبە چەقبەستوویی و بێ‌مافی بێ.