کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی دژی ئێرانی ناوکی: ڤیزا بە ئەمیرعەبدوڵلاهییان مەدەن

11:26 - 23 خاکەلێوه 2724

بەڕێوبەری ڕیکخراوی هاوپەیمانی دژی ئێرانی ناوکی، لە نامەیەکدا داوای لە ئانتۆنی بلینکێن کردووە تاکوو ئەمریکا ڤیزا بە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران نەدات.

مارک والاس لە نامەکەیدا بۆ بلینکێن رایگەیاندووە کە ئەمیرعەبدوڵڵاهییان لە وتارەکانیدا لە نیۆیۆرک هەڕەشەی لە ئەمریکا و یەهوودییەکان کردووە بەڵام وێڕای ئەمانە ئەمریکا هەموو جارێک ڤیزای پێ ئەدات.

بڕیارە کە لە حەفتەی داهاتوو ڕێکەوتی ١٨ی ئاوریل، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنێک سەبارەت بە پرسی ئیسرائیل و حەماس لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری بکات.

بەڕێوبەری ئەم ڕێکخراوە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیمی تاران سەرکوت و لەسێدارەدانەکانی لە ئێران زیاتر کردووە، نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی زۆر باشی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا لە هەمبەر ڤیزادان بە کاربەدەستانی ڕێژیمیک کە هاوبەشی تێرۆریسم لە جیهاندایە، دەربڕیوە.

مارک والاس زیادی کردووە کە بەپێی ئەم شتانەی کە باس کران و هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی تێرۆریسمی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا بۆ جارێکی تر داواتان لێ دەکەین کە ڤیزای حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان بۆ هاتنی بۆ ئەمریکا، لە ڕێکەوتی ١٨ی ئاوریل پووچەڵ بکەنەوە.

٤١ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٨ی ئاوریلی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران تەقینەوەیەکی لە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیرووتی لوبنان ئەنجام دا کە ٦٣ کەس کە زۆربەیان دیپلۆمات و مەئمووری ئەمریکایی بوون کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

والاس لە نامەکەیدا ئەمیرعەبدوڵڵاهییان وەزیری دەرەوەی ئێرانی وەک ئەندامێکی باڵای سپای پاسداران ناساندووە و بوونی ناوبراو لە نیۆیۆرکی بە بێڕێزیکردن بە قوربانییانی تەقینەوەی تێرۆریستیی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لوبنان زانیوە.