کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەند ناوەندێکی چینی و ڕووسیی خستە لیستەی ڕەشه‌وه‌

11:47 - 23 خاکەلێوه 2724

ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە یازدە ناوەندی نوێ، لەوانە ٩ کۆمپانیای ڕووسی و چینیی بەهۆی پەیوەندییان بە بەرنامە پەهپادییەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە، و هەروەها دابینکردنی ئامێری تایبەت بە ژیری دەستکرد کە لە ئەرتەشی چین بەکار دەهێنرێن بە لیستی ڕەشی هەناردەکردنی وەزارەتی بازرگانیی وڵاتەکەی زیاد کردووە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز، بە پشتبەستن بە بڵاڤۆکی فەرمیی ئەمریکا، کۆمپانیایەکی چینی بەهۆی پاڵپشتیکردن لە ئەرتەشی ڕووسیە لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و کۆمپانیایەکی دیکەی چینیش وەک بەشێک لە تۆڕی دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کۆمپانیایەکی ئێرانی خراونەتە نێو لیستی ڕەشی هەناردەکردنی ئەمریکاوە.

ئەو بڵاڤۆکە ئامریکاییە لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو پارچانە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد، کە ڕێژیمی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە شەڕی ڕووسیه دژی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەردەگرێ بەکار دێن.

ئەو بڵاڤۆکە ئەمریکاییە لە بەشێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە کەسێک بە ناوی مێهدی خەلەج ئەمیرحوسێنی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کۆمپانیایەک بە ناوی خەلەج لەو وڵاتە بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران بە هۆی هەناردەکردن یان هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلی ئەمریکی لە ڕێگەی ئیماراتەوە بەو لیستە زیاد کراوە.