کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆ بایدێن: ئێمە بە هەموو هێزمانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین

12:24 - 23 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە جۆ بایدێن لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی، بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی ئیسرائیل وتی: ئەوان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێکی بەرچاو لە دژی ئیسرائیل دەکەن . وەک بە بێنیامین ناتانیاهۆم وت، پشتیوانی و پابەندبوونمان بە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی ئاسنینە.

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختیشی کردەوە و وتی با دیسانەوە بیڵێمەوە، ئاسنینە و هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەدەین.

جۆ بایدێن باڵاترین بەرپرسی ئەمریکایە کە بە ئاشکرا جەختی لەسەر پشتیوانیی واشنگتۆن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەگەری کردەوەی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ڕێژیمی ئێران دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی ئێران لە دەمیشق کردووەتەوە.

جەیک سالیوان ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی ئامریکاش لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە ئێمە چاودێری لێدوانی گشتیی بەرپرسانی ئێران و ڕاپۆرتە گشتییەکانی پلانەکانی ئێران بۆ ئەگەری کردەوەی تۆڵەسەندنەوە دەکەین و وەک سەرۆککۆمار بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیمان وتووە، پشتیوانی ئەمریکا لە بەرگریی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی ئاسنینە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە جان کێربی، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاندبوو کە ئێران هەڕەشەی زۆر ئاشکرا لە دژی ئیسرائیل دەکات و لە ئێستادا نەک هەر هێزەکانمان، بەڵکوو پێرسۆنێلە دیپلۆماسییەکانمان لە عێراق و سووریە بەردەوام لەژێر هەڕەشەدان و ئێمەش ئەم بابەتە بە جیددی وەردەگرین هەر بۆیە ڕێوشوێنی پاراستنی گونجاو دەگرینەبەر و بە پشتبەستن بە گۆڕانکارییەکان جۆری وڵامدانەوەی گونجاومان ئامادەیە و ئەمە هەڵوێستەی ئێمەیە و هەڵوێستێکی نەگۆڕە.