کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای لوفت هانزا بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گەشتەکانی بۆ تاران ڕاگرت

12:32 - 23 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە کۆمپانیای لوفت هانزای ئەڵمانی ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و دوای هەڵسەنگاندنی ورد، بڕیارمان دا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تاران و لە تارانەوە بۆ جێگایەکی دیکە تا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خاکەلێوە ڕابگرین.

وتەبێژی ئەو کۆمپانیایە بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند: ئێمە بەردەوام چاودێریی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین و لەگەڵ دەسەڵاتداران لە پەیوەندیداین چونکە گیانی گەشتیاران و تیمی فڕۆکەوانیمان بۆ گرینگە.

ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە کاردانەوەی بە هێرشی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دەمیشق وای کردووە وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا لە ئامادەباشیدا بن.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە هۆی هێرش بۆ سەر کونسولخانەی ئێران لە دەمیشق "سزا دەدرێت  و  دەبێ سزا بدرێت".

ئەو لێدوانە کاردانەوەی ئیسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی فارسی نووسیبووی: ئەگەر ئێران لە خاکەکەیەوە هێرش بکات، ئیسرائیل کاردانەوەی دەبێت و هێرش دەکاتە سەر ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی کاربەدەستانی هەواڵگریی ئەمریکا باس لەوە دەکرێ کە کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە دوو سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاند، پێدەچێت ئێران لە ڕێگەی بەشێک لە میلیشیا و هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەدا، هێرشی بەرفراوان لە دژی ئیسرائیل بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ڕێک بخات.