کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و بریتانیا گەمارۆی نوێیان خستە سەر ڕێژیمی ئێران

22:51 - 30 خاکەلێوه 2724

ئەمریکا و بریتانیا لە کاردانەوە بە هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، گەمارۆی نوێیان خستە سەر ناوەندە پێوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەک لە ئێران.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە کە  ١٦ کەس و دوو دامەزراوەی کە بوار بۆ بەرهەمهێنانی مۆتۆری دڕۆنی شاهێد بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕەخسێنن، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

گەمارۆ نوێیەکانی  ئەمریکا پیشەسازی پۆڵا و بەرهەمهێنەرانی ماشین لە ئێرانی گرتووەتەوە کە لەم بوارەدا ڕۆڵیان هەیە.

جێنێت یێڵن، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند: ''بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بریتانیا و بە ڕاوێژ لەگەڵ شەریک و هاوپەیمانان هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە بێ وێنەیەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەگرینەبەر.''

هەروەها بریتانیا بە گشتی ١٣ دامودەزگا، لەوانە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان و هێزی دەریایی سپای پاسداران خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

جگە لەوە بریتانیا چەندین ڕێکخراوی نیزامی ، کەسانێک و دامەزراوەی پێوەندیدار بە پیشەسازییەکانی دڕۆن و مووشەکی بالیستیکی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانجی گەمارۆکان.

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە وتبووی گرووپی حەوت کار لەسەر کۆمەلێک لە ڕێوشوێنی هاوئاهەنگ دژی کۆماری ئیسلامی دەکات.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی چوارشەممەش وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا لە بروکسێل بڕیاریان دا کە گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن.