کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران

14:04 - 31 خاکەلێوه 2724

ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣١ی خاکەلێوە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئێرانی لە ئیسفەهان کردە ئامانج.
تاکوو ئیستا بە ڕوونی دیار نییە کە هێرشەکە لە چ ڕێگەیەک و چۆن ئەنجام دراوە بەڵام بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان لە ئێسفەهان دەردەکەوێت کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ئێسفەهان کەوتووەتە کار و پاشان تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەی ئاسمانیی ئەرتەش لە ئیسفەهان ڕوو دەدات.
ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست لە زاری سەرچاوەیکی ئاگاداری ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل وڵامی هێرشەکەی ئێرانی داوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئەم ڕۆژنامە، سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل بەرپرسی هێرشەکەی بەرەبەیانیی هەینی بۆ سەر ئێرانە، بەڵام بە هۆکارگەلێکی تایبەت ئەو بەرپرسایەتییە ناگرێتە ئەستۆ.

لەلایەکی دیکەوە و لەکاتێکدا کە زۆربەی سەرچاوە هەواڵدەرییە بەناوبانگەکانی جیهان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە ئێرانیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی ئێران ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕایگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوەکان لە ئیسفەهان بە هۆی کەوتنەکاری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بووە و هیچ هیرشێکی مووشەکی بۆ سەر خاکی ئێران ئەنجام نەدراوە.

هەروەها میدیاکانی کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک ڕەتیان کردووەتە کە بنکەی ئاسمانیی ئەرتەش لە ئیسفەهان زیانێکی بەرکەوتبێت و ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەنگی تەقینەوەکان بە هۆی خستنەخوارەوەی ٣ دڕۆن لەو ناوچەیەدا بووە.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی فاکس نیووز ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە.

شایانی باسە کە سەرچاوەکان هاوکات باسیان لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە سووریە و عێراق کردووە.