کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو ئەندامی حیزب لە وڵاتی سوید

15:04 - 31 خاکەلێوه 2724

  ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، دایە ئامینە کەسیلی، دایکی هاوڕێیانی تێکۆشەر کاک حاتەم و عەزەم کەسیلی، خەڵکی ناوچەی "قادریی" سەراوزەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی پیری و نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە شاری ئێسکیلستوونای وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ی خاکەلێوە(١٨ی ئاوریل) تەرمی خوالێخۆشبوو بە بەشداریی سەدان کوردی نیشتمانپەروەر و نیشتەجێ لە وڵاتی سوید و وڵاتانی دەورووبەری لە گۆڕستانی گەورەی شاری ئێسکیلستوونا بە خاک سپێردرا.

دایە ئامینە و بنەماڵەکەی وێرای سەدان بنەماڵەی دیکە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستداگرتنی ڕێژیم بەسەر دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە و جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات، ئاوارەی باشووری کوردستان دەبن و دواتر بە زۆرەملێ دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی " ئەلتاش" لە ڕۆمادی.‌

دایە ئامینە پاش دوو دەیە ژیانی سەخت و دژوار، وێڕای بنەماڵەکەی وەک پەنابەر لە وڵاتی سوید دەگیرسێتەوە.

ناوبراو وەک زۆربەی ئاوارەکانی دیکەی دەستی داگیرکەران ئاوات و ئارەزووە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بردە ژێر گڵ و لە دووری نیشتمانەکەی بە خاک سپێردرا.

هەر دوای ئەسپەردەکردنی دایە ئامینە پرسەکەشی لە هۆڵی پارادیس بەڕێوە چوو، کە لەوێدا چەند پەیام و شێعر و پەخشان، هەروەها کورتەیەک لە ژیاننامەی دایە ئامینە خوێندرانەوە.

ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.