کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی دۆخی ئەمنی لە زاهیدان سەرەڕای بەردەوامیی لافاو لەو ناوچەیە

11:23 - 1 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەليوە وەکوو هەموو هەینییەک، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دانانی خاڵی پشکنین لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی لە زاهیدان و ئەو شەقامانەی کە بەرەو ئەو مزگەوتە دەچن خەڵکیان کۆنترۆڵ دەکرد.

کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ" و تۆڕی هەواڵی "حاڵ وەش" ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی ڕێژیم ڕێگەیان نەداوە ڕۆژی هەینی خه‌ڵک بچنە ناوچەی دەوروبەری مزگەوتی مەکی.

هەروەها حاڵ وەش بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانی ڕێژیم ڕێگەی هاتوچۆیان بەو ماشینانه‌ی کە بڕیار بوو تێبپەڕن نەداوە و تەنها کەسانێک کە بە پێ دەڕۆیشتن دوای پشکنین ڕێگەیان پێ دەدرا.

بەردەوامیی ئەم گوشارانە بۆ سەر خەڵکی بەلووچ لەحاڵێکدایە کە لافاو لە پارێزگای بەلووچستان هەروا بەردەوامە و زەرەر و زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.

تۆڕە هەواڵییەکانی بەلووچ باسیان لە زیانی گیانی و مرۆڤی ئەو لافاوە کردووە و کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ دۆزینەوەی تەرمی سێ گەنجی بەلووچیان لە شارەکانی نەیشکەر و مێهرستان ڕاگەیاندووە.

لەگەڵ گیانلەدەستدانی ئەو سێ گەنجە بە هۆی لافاوەوە، ژمارەی قوربانییانی لافاو لە بەلووچستان بوو بە ١٤ کەس و تا ئێستاش چەندین ژمارەیەک هاووڵاتی کە چه‌ند کەسیان منداڵن بێسەروشوێنن.