کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران/ نیۆیۆرک تایمز: ئیسرائیل سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی تێکشکاند

12:52 - 1 بانەمەڕ 2724

هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئێران لە ئێسفەهان کاردانەوەی لایەنە جیاجیاکانی لێکەوتەوە.

کاناڵی ئەلمەیادین سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە ڕایگەیاند کە هیچ هێرشێکی دەرەکی بە دژی ئێران ئەنجام نەدراوە و دامەزراوە ناوکییەکان لە ئێسفەهان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا یەک لە دوای یەک هێرشەکەیان تەنیا بە ٣ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان گرێ داوەتەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، هەر سێکیانی خستووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان بە بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران نەگەیاندووە.

لە سەرەتادا و تەنیا چەند کاتژمێرێک پاش هێرشەکە، میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان هەوڵیان دا کە تەقینەوەکانی ئێسفەهان بە ڕاهێنانی سەربازی لە قەڵەم بدەن بەڵام دواتر ناچار بوون کە دان بە سەر هێرشەکەدا بنێن.
کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەیان کردبوو کە لە ئەگەری کەمترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران وڵامێکی قورستر لە جاری پێشوویان دەبێت بەڵام پاش هێرشەکەی دوێنێ جەختیان کردووەتەوە کە هێرشەکە لە نێوخۆی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

جێی ئاماژەیە کە بەپێی زانیاریی زۆربەی سەرچاوە جیهانییەکان و لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلییەوە هێرشەکە دەرەکی بووە و لە ڕێگەی مووشەکە دوورمەوداکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.

کەم‌بایەخ نیشاندانی هێرشەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و میدیاکانییەوە لەحاڵێکدایە کە هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر گرینگترین بنکە سەربازی و ئەتەمۆییەکانی ئێران دروست کردووە.

ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی کە لە نزیکی بنکەی ئەتۆمی ئێسفەهاندا بووە و ئەوە پەیامێکی ڕوون بۆ ئێرانە کە ئیسرائیل دەتوانێت بنکە ئەتۆمییەکان بکاتە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بەم ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەک لە ئێسفەهان دەریدەخات کە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە مەترسیدان.

لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆڕتێکدا و بە پشتبەستن بە وێنە ئاسمانییەکان لە شوێنی هێرشەکە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە هێرشکەیدا بەشێکی گرینگ لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بنکەکەی کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێ گەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە وێڕای لێدوانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بە هێرشەکە، ئەرتەش و دەوڵەتی ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی هێرشەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.

شایانی باسە کە بنکەی ئاسمانیی عەباس بابایی ئێسفەهان یەکێکە لە ١٧ بنکە ئاسمانییەکەی ئێران و بە هۆی گرینگی ئەم بنکەیەوە، بە دڵی بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەناسرێت.
گرینگییەکی دیکەی ئەم بنکەیە ئەوەیە کە لە نزیکی دوو ناوەندی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێران لە ئیسفەهانە.

ئیسرائیل پێشتر بە دەیان جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی بگات و هەروەها هەڕەشەی کردنە ئامانجی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشی کردووە.