کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسۆشەیتێدپرێس هێرش بۆ سەر پەدافەندی ئاسمانی لە ئێسفەهانی پشتڕاست کردەوە

11:41 - 4 بانەمەڕ 2724

هەواڵدەریی '' ئاسۆشەیتێدپرێس" لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییدا بە پشتبەستن بە وێنە ماهوارییەکان پشتڕاستی کردەوە کە پەدافەندی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی هێرشی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێسفەهان کەوتووەتە بەر لێدان.

ئەو هەواڵدەرییە نووسیویەتی، وێنە ماهوارییەکان کە ڕۆژی دووشەممە ٣ی بانەمەڕ گیراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل کە ناوەندی ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەر سیستمی ڕاداری پەدافەندی ئاسمانیی دروستکراوی ڕووسیە کەوتووە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەیە کە تاران هەر چەشنە زیانێک ڕەت دەکاتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، "هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پەدافەندی ئێس ٣٠٠ کە پێدەچێت هێرشێکی زۆر سنووردار بووبێت، بە باراورد لەگەڵ هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی زیانێکی زۆر زیاتری هەبووە و ڕەنگە هەر ئەمە هۆکارێک بێت کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت عەلی خامنەیی هەوڵی ڕەتکردنەوەی وردەکاری و کاریگەریی ئەم هێرشە بۆ سەر خاکی ئێران دەدەن.

ئاسۆشەیتێدپرێس لە ڕاپۆرتەکەیدا لە زاری نیکۆڵ گراجوسکی ئەندامی بەرنامەی سیاسەتی ناوکیی دامەزراوەی کارێنگییەوە نووسیویەتی: ئەم هێرشە نیشان دەدات کە ئیسرائیل توانای چوونە نێو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی هەیە و دوایین هێرشیش سەلماندی کە ئیسرائیل لەمبارەوە وردبینە."