کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد لە سێ دەیەی ڕابردوودا و ئاسۆکانی بەردەمی

23:07 - 4 بانەمەڕ 2724

زانیار حوسێنی

نەتەوەی کورد تەنیا نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینە کە لە گۆڕانکارییەکانی دوای شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی هیچی پێ نەبڕا و بچووکترین دەسکەوتی لەدوای ئەو شەڕانە دەست نەکەوت؛ بەپێچەوانەی گەلانی دیکەی ئەو ناوچەیە کە زۆریان بوون بە خاوەن خاک و وڵات و دەوڵەت.

هەوڵەکانی کورد لە باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵات بەر لە شەڕی جیهانیی دووهەمیش و لەدوای ئەو شەڕەش، بەداخەوە بە ئاکام نەگەیشت و بڕیارە نەنووسراوەکان وەها داڕێژرابوون کە کورد هەر بە زۆرلێکراوی و لەژێر سێبەری نەگریسی زوڵم و زۆریدا بمێنێتەوە. بەڵام کورد هیچ کات تەنانەت بۆ یەک قۆناغی دیاریکراو و بەرچاویش وازی لە هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانج و ئاواتە ڕاستەقینەکانی خۆی نەهێنا و بە هەر شێوەیەک بووە و هەر چۆنێک بۆی لوابێ، نەیهێشتوە قەتاری ویستەکانی لە ئاهەنگی ڕۆیشتن بکەوێ؛ هەرچەندە تووشی هەوراز و نشێویش بووبێ یان لەم ڕێیەدا لە کەمی و زۆریی دابێ؛ خەباتی بێوچان لە کوردستانی چوار پارچەکراو، ئەگەر بخرێتە تای کێشی تەمەنی تێکۆشانەوە، زیاتر لە سەدەیەک لە خۆ دەگرێ و هاوشێوەی ئەمجۆرە لە خەبات و تێکۆشانە لە مێژووی هیچ چوارگۆشەیەکی ئەو گۆی زەوییەدا بەدی ناکرێ و نابیندرێتەوە.

سێ دەیەی ڕابردوو بۆ کورد، خاڵی وەرچەرخانی چارەنووسی ئەو نەتەوەیە بووە لە ململانە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا؛ دوور لە ڕاستی نییە ئەگەر بڵێین کورد بە دەستی بەتاڵ و ئامراز و کەرەستەیەکی زۆر کەم و تەنیا بە یەکگرتوویی و پێداگری لەسەر ئامانج و خەونەکانی و هەوڵدانی بە بێوچان، توانیویەتی لەدوای چەند دەیە سەرکوت، قەڵتوبڕ و قڕکردن و ژێنۆساید و کاولکاری، سەر هەڵێنێ و بە دەنگی بەرز و پڕ لە شانازییەوە بڵێ "هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ"!

لەو سێ دەیەی ڕابردوودا، ڕووخانی سەدام لە باشووری کوردستان دەسەڵاتی فیدڕاڵیی بۆ کورد ڕەخساند؛ ئاکامی ئاڵۆزی و بشێوی جوغرافیای ژێردەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، بە لەسەرخەتبوون و تێگەیشتوویی سیاسی کورد و قۆستنەوەی هەلەکان، هەتا ئێستا بۆ کورد لە ڕۆژاوا ئاکامی دەسەڵاتێکی خۆجێیی و کانتۆنی بەدواوە بووە. کێشەکانی نێوان کورد و تورکەکان لە باکووری کوردستان، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە و نیزیک سەد ساڵ جینایەت و کارەسات و سەرکوتی دڕەندانە نەبۆتە هۆی کپبوونی ویستی کوردەکان لەم بەشەی کوردستان؛ بەتایبەتی دواهەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ئەمدواییانە لە باکووری کوردستان زۆر بەڕوونی دەرکەوت کە کورد پێچەوانەی دەزگای پڕۆپاگەندەی دوژمنان، بەباشی لە هەوڵی تێکۆشان و لەسەرپێ مانەوە بووە.

تێکۆشان لە پێناو بەرزڕاگرتنی مەشخەڵی مافویستی و ڕزگاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، زیاتر لە هەموو کاتەکان لە لووتکەدایە و زیاتر لە چوار دەیەیە سەرەڕای کوشت و کوشتار و زەبروزەنگی بێبڕانەوە خۆڕاگر لەدژی دەسەڵاتدارانی تاران لە سەنگەری خەباتخوازیدا ماوەتەوە. شەڕی داعش لە باشوور و رۆژاوای کوردستان، گوشارە سیاسی-ئابووری و سیاسی-ئەمنی داگیرکەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان و هەرێمی ڕۆژاوای کوردستان لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە گوشاری بەغدا و هێندێک جار ئی دەمیشق لە درێژەی گوشارەکانی ئەو دوو داگیرکەرەی دیکەدا، زەختێکی زۆری خستۆتە سەر دەسەڵاتی ناوچەیی کورد لەو دوو بەشەدا بە گشتی و لە باشووری کوردستان بەتایبەتی. پێکانی ژێرخانە ئابوورییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە و هێرشی ئاسمانیی نێوە نێوەی مەلاکانی تاران و کراواتییەکانی ئانکارا بۆ سەر باشووری کوردستان و بەردەوامبوون لە پیلان و دروستکردنی بەربەست بۆ دوو ناوچەی نیوەڕزگارکراو لە کوردستان، هەروەها دەیان و سەدان هەوڵی ناحەز و دژەمرۆیی بە شێوەی ئاشکرا یان نادیار بۆ لاواز و کزکردنی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و لەهەمان کاتدا هەوڵدان بۆ ڕاگرتن یان پاسیڤکردنی ڕەوتی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان، تەنیا چەند نموونەی زەق و بەرچاوی پیلان و سیاسەتە داگیرکارانەکەی داگیرکەرانی کوردە لە چوارگۆشەی کوردستاندا. کۆی ئەوانەش لە کاتێک‌دایە کە کورد وەک سەد یان پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە و لەهەمان کاتدا، دوژمنانی کوردیش وەکوو پێشوو توانایی و دەرفەتی خوڵقاندنی کارەسات و جینایەت لە ئاست و شێوەی بەرچاو و بەربەرینی وەکوو پێشوویان نەماوە کە بەشێکی هەر بەرچاوی ئەو مەسەلەیە، ئاکامی تێکۆشان و تێچووی بێوچانی گەلی کوردە لە بەرامبەر ئەو داگیرکەرانەدا؛ بەشێوەیەک کە ئیتر هیچ یەک لە داگیرکەرەکانی کوردستان، ناتوانن بەئاشکرا ئیدیعا بکەن گەلێک بە ناوی کورد بوونی نییە یان بە بەڵگەی ساختە و هاوشێوەی ئیدیعاکانیان، یادگەی بەکۆمەڵی کورد بشێوێنن.

لە کەس شاراوە نییە هەتا کورد ئامانجەکانی بەتەواوی مسۆگەر نەکات، داگیرکەرانی کورد دەست ناگێڕنەوە لە وەسەریەکخستن و بەڕێوەبردنی هەموو چەشنە پیلانێک بۆ وەدواخستن یان ڕاگرتنی وزەی سەرکەوتن و بە ئاکامگەیشتنی نەتەوەکەمان لە مەڕ ویستە ڕەواکانی.

پێشهاتەنەخوازراوەکان ئەگەر چی بۆ داگیرکەرانی کورد زۆر جاران سەرسووڕهێنەرە، بەڵام بۆ کورد دەرفەتێکی خوازراو و گونجاوە بۆ بڕینی قۆناغە نوێیەکانی سەر ڕێی تێکۆشان. ڕاپەڕینی ژینا و نەورۆزی کوردەواری وەک ئاوردووی ئاگری بەتینی شۆڕشی کوردی، ئەو نەتەوەیەی خستۆتە قۆناغ و دۆخێکی نوێ لە ژیانی سیاسیدا. کوشتنی بەئانقەستی ژینا بوو بە هێمای ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوی گەلەکەی و سەرلەنوێ ئەو باوەڕەی هێنا ئاراوە کە ڕاستی ئەگەر بە دەیان و سەدان ساڵ لەژێر ژیلەمۆی ئاگری درۆیینی داگیرکەر حەشار بدرێ یان هەوڵی سڕینەوە و لەنێوبردنی بدرێ، لەکۆتاییدا هەموو کۆت و بەند و زنجیرەکان لا دەدات و بەربەستەکان تێک‌دەشکێنێ و بەتەواوی هێزەوە خۆی دەردەخات. ژینا تەواوکەری مۆرکی ژن، ژیان، ئازادییە لە چوار گۆشەی کوردستانی چوارپارچەکراو کە نیشاندەری هەژمۆنی ئەو دروشمەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ناخی لەمێژینەی کولتوور و نەریتی کوردەواری.

لەدوای ڕاپەڕینی ژینا، هاتنی نەورۆزی کوردان و کۆڕبەندی سەما و هەڵپەڕکێی ئازادی و یەکگرتووانەی ئەمساڵ بوو کە وەک کۆتا بزماری دارەمەیتی داگیرکەری کوردستان دەقەبڵێندرێ و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان ڕاگەیاندەوە کە کورد پارچە پارچە کراوە و هیچ جیاوازییەکی مێژوویی، نەتەوەیی، کولتووری و نیشتمانی لە نێوان کرماشان و ئاکرێ و دیاربەکر و قامیشلووی نییە و ئەو نەتەوەیە بە مێژوو و کولتوور و زمان و داهێنان و ویست و تاریفی خۆی کوردە، نەک بە مێژوو و کولتوور و تاریفە ساختەکانی نێو کتێب و بەناو لێکۆلینەوەی زانکۆکانی تاران کە لەسەر دەستی شیکارانی داگیرکەر ئەنجام دراوە و دەدرێ؛ ڕاپەرینی مەزنی ژینا و شکۆی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری، دەمارەکانی ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر بناغەی ڕزگاری و مافویستی، پتەوتر لە جاران کردۆتەوە.

پیلانە هاوبەشەکانی داگیرکەرانی کورد لە کوردستانی چوار بەشکراو، بەتایبەتی پیلانی دوو ڕۆڵگێڕی سەرەکیی ئەو سەردەمە یانی تاران و ئانکارا، کوردی لە هەموو بەشەکان خستۆتە نێو زەخت و گوشارێکی لە ڕادەبەدەر و دۆخێکی هەستیار و ناسک؛ ئەوەش بۆتە هۆی بڕینی قۆناغێکی نوێی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەران کوردستان لە درێژەی ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی مێژوویی گەلەکەمان.

ئەگەر هەتا ماوەیەک لەمەوبەر، کورد بەتایبەتی ڕێکخراو و حیزبەکان لە هەر چوار بەشە دابڕاوەکەدا لە هەوڵی نیزیکبوونەوە لە یەکتر و ڕێکخستنی پێوەندی نێوان یەکدی دابوون بۆ دروستکردنی بەستێنێک لە مەڕ یەکگرتوویی زیاتری کورد، لە ئێستادا وردە وردە کورد گەیشتۆتە ئاستێکی هەستیارتر لە ڕابردوو کە بە لێکدانەوەی وشیارانە، هەستی بە پێوستیی بوونی دامودەزگایەکی پتەوتر لە یەکگرتوویی نێوەنێوەی سیاسی کردوە کە ئەمجارەیان پێویست دەکات لەسەر بنەمای ستراتیژیی نیشتمانی داڕێژرێ و قۆناغی پێشووی پڕ لە ئەزموونی خۆی کە هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی سیاسی-کۆمەڵایەتی بوو، ببڕێ و لە هەوڵی ئامادەکردنی بەستێن بۆ یەکگرتوویی ستراتیژی لە ئاستێکی سەرتر، بەرفراوانتر و گشتی تر دابێ.

 بۆ ئەوەی بە دیاریکردنی هێڵە سوور و کەسکەکان لە چوار دەورەی نیشتمانی کوردەواری، ئەزموونەکانی ڕابردوو بکات بە بنەما و کۆڵەکە بۆ سەرکەوتن لە بەشە دژوار و تازە خوڵقاوەکان؛ هەرچەند هزری یەکگرتوویی ستراتیژی و نیشتمانی دەمێک ساڵە لە یادگەی سیاسی نەتەوەی کورد چاندراوە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هزری کۆماری کوردستان کە لە ئێستادا ڕەگی داکوتاوە، بەشێوەیەک کە کوردایەتی مانایەکی زۆر بەربەرینتر و بەرفراوانتری بەخۆیەوە گرتوە. پەیامی نەورۆز لە چوارگۆشەی کوردستانی چوار پارچەکراو بە دەرخستن و نیشاندانی هێما نەتەوەییەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن و باشترین بەڵگەن!

بێ‌دەسکەوت مانەوەی کورد لە دابەشکارییە سیاسییەکانی ئەو ناوچەیە لەدوای شەڕی جیهانیی دووهەم، بەمانای پاشەکشەکردنی کورد لە خواست و مافە ڕەواکانی نەبووە و نییە. بەڵکوو بە هەوڵ و تێکۆشان و لەسەریەک دانانی خشت بە خشتی خەونەکانی لە هەر گۆشەیەکی ئەو وڵات و خاکە زەوتکراوە، بەو مانایەیە کە ئەو نەتەوەیە بە کۆی دەنگ عەوداڵی وەدیهێنانی خەونە مەزنەکانی خۆیەتی و وەک هەموو گەلانی جیهان و ئەو ناوچەیە بە مافی خۆی دەزانی لە مەڕ پاراستن و وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانی بە تەواوی تواناوە تێ بکۆشێ.

کورد بە ستراتیژی و تاکتیکی جیاوازی سیاسی لە هەر بەشێكی دابڕاوی نیشتمانەکەی، بەتەواوی هەستی بەم ڕاستییە کردوە کە پێویستە خۆی بۆ وەسەریەکخستنەوەی سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی لە بەشی ستراتیژیدا ئامادە بکات و بە کۆدی مافی چارەی خۆنووسین، ستراتیژییەکی یەکگرتووانە لە بەرامبەر دوژمنە یەکگرتووەکانی ڕەچاو بکات و بە ئامادەکاری تەواو بۆ یەکگرتوویەکی سیاسی لە بازنەی نیشتمانیدا، لەپێناو نیزیکتربوونەوە بە ئامانجەکانی هەوڵ بدات. یەکیەتیی ستراتیژیکی نیشتمانی لە کاتی گونجاوی خۆیدا پێویستییەکی ڕوون و بەرچاوە لە داهاتووی سیاسی کورد دا و قۆزتنەوەی هەلی دامەزراندنی یەکیەتییەکی نیشتمانی بۆ داڕشتنی چوارچێوەی تێکۆشانی هەمەڕەهەندی کورد بە شێوەی گشتگیر، وەها پێویستییەکی گرینگ و چارەنووسسازە کە ڕەنگە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەگەری بێ ماناکردنەوەی سنوورە دەسکردەکان بێنێتە ئاراوە!