کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نێوان چاوەڕوانی و دروستکردنی دەرفەتدا

23:12 - 4 بانەمەڕ 2724

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

لە گەرمەی ئەگەری دروستبوونی شەڕی گەورەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا پێویستە دان بە هەندێک ڕاستیدا بنێین و لە پەنجەرەیەکی دیکەوە بڕوانینە ئەو دۆخەی کە هەیە.

بەر لە هەموو شتێک ئێران ناتوانێ بچێتە شەڕی تەواوعەیار لەگەڵ ئیسرائیل کە لە زۆر ڕووە بەهێزترە لە ئێران، چونکە هەر جورە شەڕ و تێکهەڵچوونێک دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی بەرانبەر، لە کاتی وەڵامدانەوەدا ئێران لە نێوخۆ بەرەو داڕووخانێکی بێوێنە دەڕوا، چونکە ئێران لە نێوخۆدا کڵول بووە.

یەکێک لە بنەمایترین فاکتەری بەهێزی هەبوونی ئابورییەکی بەهێزە کە لە ئێران نەک وجوودی نیە بەڵکوو یەکێک لە لاوازترین خاڵەکانی ئێرانە، بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە نرخی دراوی ئێران لە بەرانبەر دۆلار بکەین کە ئێستا لە ٦٦۰۰۰ تمەنی تێپەڕ کردوە و بەگوێرەی بۆچوونی کارناسانی ئابووری نرخی ڕاستیی دولار زیادتر لە سەد و بیست هەزار تمەنە. واتە هەر جورە شەڕێک وا دەکات نرخی دۆلار بەرەو دووسەد هەزار بڕوات، لە کاتی وادا ئیتر پێویست بە هێرشی بیانی ناکات، بەڵکوو ئێران بەسەر خۆی و دەوروبەریدا دەڕووخێ. ئەوە تەنیا یەکێک لەو هەزاران قەیرانەیە ئێرانی تێ‌کەوتوە.

ئەوەی تا ئێستا ئێران بە ناوی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل کردوویەتی سیناریویەکی لە پێش دیاریکراوە و تەنانەت ئیسرائیل و ئەمریکای لێ ئاگادار کردۆتەوە. وتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل لە کاتێکدا هێشتا مووشەک و درۆنەکان نیزیکی ئیسرائیل نەبوونەوە بە کەناڵی ئەڵعەرەبیەی ڕاگەیاند کە ناتوانم ڕابگەیەنم لە پێشدا ئاگاداری بەناو هێڕشەکە نەبووین.

پێشتریش ئەو بابەتەمان لە هێڕش بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا -عەینولئەسەد- دوای کوشتنی قاسم سلێمانی بە ناوی توڵی سەخت بینی. دوناڵد ترامپ سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا دواتر ئاشکرای کرد کە چۆن ئێرانییەکان ئەوانیان پێشتر ئاگادار کردۆتەوە کە بۆ پرۆپاگەندە پێویستیان بە بابەتێکی وەها هەیە بۆیە ئاگادار بن کە شتێکی وا ڕوو دەدات.

لێرەدا پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە ئەدی چۆن ئێران هەڕەشە دەکات؟

یەکەم ئەوەی هەڕەشە و پڕوپاگەندە چەکی دیکتاتورەکانە و ئەگەر ئەوە نەکەن هەر نامێنن. بۆیە پێویستە ئەو چەکە بە باشترین شێوە بەکار بێنێن. دووەم ئەوەی ئێران هیچ کات بەرنامەی شەڕی نەبووە و تەنانەت بەردەوامیش خۆی لێ دەپارێزێت، ئەگەر ڕووش بدات بە هەڵە و بە ناچاری دەیکات نەک لەسەر ویستی خۆی، چونکە ئێران تەنیا بە پشتیوانیی میلیشیا و گرووپە تێروریستەکانە دەیهەوێ نائارامی دروست بکات. تەنانەت ئەگەر ئەو پشتیوانییە بە هەر نرخێک بێ، چونکە تەنیا چەکی کاریگەری ئەوە و هەر لەو ڕێگەیەشەوە بەردەوام دەبێت.

یەکێک لە گەورەترین هۆکاری سەرکەوتنی ئێران لەو بوارەدا گرتنەبەری سیاسەتی هەڵەی ئیسرائیل و ئەوروپا و ئەمریکایە. چونکە ئەوان بەگوێرەی ئەو یارییەی ئێران دەجووڵێنەوە و شەڕ لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە ئێران دەکەن و ئێرانیش ئەوەی دەوێ، هەر بۆیە بە هەمان ئەندازەی ئێران بەرپرسیارە لە نائارامی و تێرۆر و جینایەت ڕۆژئاواش بەرپرسە کە بە سیاسەتی هەڵە  لە جیاتی پاراستی ئیسرائیل و ئارامیی ناوچە و جیهان بوونە بەشێک لە یاری و بە قازانجی ئێران تەواو دەبێت. تا ئەوکاتەی ئەوان سیاسەتی خۆیان نەگۆڕن بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.

ئەو دۆخە بە جورێک لە ڕووی دەرونییەوە هەستی چاوەڕوانی لەنێو گەلانی ئێران و بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆن دروست دەکات و تەنانەت کاریگەریی لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی چالاکی کوردیش هەبووە. واتە بزانین چی ڕوو دەدات و ئایا شەڕ دەبێ یا نابێ؟ لە کاتێکی وەهادا پێویستە لەجیاتی چاوەڕوانی بەرەو دروستکردنی دەرفەت هەنگاو هەڵگرین، چونکە تەنیا بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەرفەتە کە دەتوانین هەنگاوەکانی سەرکەوتن هەڵگرین. هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەرفەت بە هەموو سەختیەکانەوە مومکینە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە پوتانسیلێکی گەورەی تێدایە و دەبێ میکانیزمی کەلک‌وەرگرتن هەر ببینینەوە.

بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەرفەت ئامادەتر دەبین لەوەی کە چاوەڕوانی بکەین، یەکێک لە گەورەترین وانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەوە بوو کە لە هەر چرکەیەکدا ئەگەری دروستبوونی گەورەترین ڕووداو هەیە، ئێمە چەند ئامادە بین ئەوەندە باشتر دەتوانین لە کاتی ڕوودانی ئەو گۆڕانکاری و دەرفەتانەدا بزووتنەوەکەمان ببەینە پێشێ.

لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ڕێژیم بە هەموو هێزی سەرکوتی نێوخۆی کە هەیەتی، خاڵی لاوازی زۆر گەورەشی هەیە. بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەرفەت کەلک لەو خاڵە لاوازانەیە کە دەتوانێ کوردستان بەرەو ئازادی ببات، نموونەی هەرە گەورەی خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوو بە چوکداهاتنی لە بەرانبەر شۆڕشی شەقامە و هەڵگریساندنی شۆڕشی شەقام کۆتایی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە لە دۆخی وەهادا لە جیاتی پەرەپێدان بە هەستی چاوەڕوانی بە دوای دروستکردنی دەرفەت بین، چونکە ئەگەر ئەوەی چاوەڕوانیمان دەکرد ڕووی نەدا، ئەوا ئێمە دەستەوەستان نین بەردەوام دەبین، ئەگەر ڕووشیان دا ئەوە ئێمە ئامادەین.