کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم لە پیرانشار دەستیان بە سەر زیاتر لە ٣٠٠ ئەسپی کاسبکاراندا گرتووە و پێیان فرۆشتوونەتەوە

12:18 - 6 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی سیاسەتە داگیرکارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزەکانی ڕێژیم لە گوندی قەبری حوسێن سەر بە شاری پیرانشار دەستیان بە سەر زیاتر لە ٣٠٠ ئەسپی کاسبکاراندا گرتووە.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ هێزەکانی سپای پاسداران هاوکات لەگەڵ هێزەکانی سەر سنوور لە گوندی قەبری حوسێن هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک و زیاتر لە ٣٠٠ ئەسپی کاسبکارانیان بە تاڵان بردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزانە بەرەبەیانیی زوو و بەر لەوەی خەڵک لە خەو هەستن بە چەند ماشین و هێزێکی زۆرەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خەڵک و دەستیان بە سەر ئەسپەکاندا گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وتوویەتی: '' پاش دەسبەسەرداگرتنی ئەسپەکان، خەڵکی گوند بە شۆفێری بارهەڵگرەکانیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری بارکردنی ماڵی بەتاڵانچووان ئەوانیش لەو تاوانەدا بەشدارن و بەرپرسیار دەبن.''

لە ئاکامدا هێزە داگیرکەرەکان چون نەیانتوانیوە ئەسپەکان بار بکەن بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە هەر یەک لە ئەسپەکان بە نرخی ١٧ میلیۆن تمەن بە خاوەنەکانی خۆیان دەفرۆشنەوە.

دزین و بە تاڵانبردنی ماڵ و حاڵی خەڵکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە دیاردەیەکی نوێ نییە و پێشتریش لە ڕێگەی پاساو و تۆمەتی بێبنەماوە دەست بە سەر سامان و ماڵ و دەستمایەی خەڵکی کورد لە کوردستاندا گیراوە.