کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی بەرپرسانی ڕێژیم لەبارەی سەرکەوتووبوونی گەڵاڵەی نوور لە پارێزگای ورمێ

12:07 - 9 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ ئاژانسی هەواڵی سەر بە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ورمێ بڵاوی کردەوە کە فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامی ڕێژیم لەو پارێزگایە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەشەکان و چالاکانی پاراستنی گەڵاڵەی نوور لە پارێزگای ورمێ باسی لە سەرکوتووبوون و باش بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی نوور لەو پارێزگایە کردووە.

ناوبراو ئیدعای کردووە کە خەڵک و بەتایبەت ژنانی پارێزگاکە ئایینین و پابەندن بە ڕەچاوکردنی بەها ئیسلامییەکان و هاوکاریی خەڵک و کچان و ژنان بەرز دەنرخێنین کە لە جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە پشتیوانی هێزەکانمان بوون.

ئیدعا و چەواشەکاریی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەبارەی سەرکەوتووبوونی گەڵاڵەی نوور و هاوکاریی خەڵک لەگەڵ هێزی ئینتزامی لەکاتێکدایە کە حەفتەیەک پێش ئێستا بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم لە شاری ورمێ بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ و دیاربوونی بەشێک لە پرچی خاتوونێک لە ناو شەقامێکی سەرەکیی ئەو شارە هێرشیان کردبووە سەری و ئازار و ئەزیەتیان دابوو.

بەڵام هەر لەو کاتەدا هاووڵاتیان کە ئەو هێرش و ئازاردانەی هێزەکانی ڕێژیم دەبینن بەرەنگاریان دەبنەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی گەشتی ئێرشاد و بە لێدان لەوێ ڕاویان دەنێن و دەریان دەکەن.