کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی پارێزەران لە ناڕەزایەتی بە گەڵاڵەی نوور و هەڵسوکەوت لەگەڵ ژنان

12:10 - 9 بانەمەڕ 2724

کۆمەڵێک لە پارێزەرانی دادگا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنان لە چوارچێوەی گەڵاڵەی نووردا، ناڕەزایەتییان نیشان دا.

ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ ٦١ پارێزەری دادگا بە ئاماژەدان بە نایاساییبوونی گەڵاڵەی نوور لە بەیاننامەیەکدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی وەها گەڵاڵەیەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پۆلیسدا نییە و لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتیشدا گیان، ماڵ، نامووس و کاری تاکەکان لە هەر چەشنە دەستدرێژییەک پارێزراوە.

بەیاننامەکە زیادی دەکات ئەم گەڵاڵانە دژ بە یاسا و ئازادییە گشتییەکانە و ڕاستەوخۆ لە دژایەتی لەگەڵ یاسای بنەڕەتی و بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤە.

ئەم کۆمەڵە پارێزەرەی کە ئەم بەیاننامەیان واژۆ کردووە لە کۆتاییدا بە مەحکوومکردنی هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی گەشتی ئێڕشاد داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە تاکوو کۆتایی بە سیاسەتە دژەژنەکانی بهێنێت.

ئەم گەڵاڵەیە کە لەلایەن فەرماندەیی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامییەوە داڕێژراوە و ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لێ کەوتووەتەوە.

پێشتر غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی بەرپرسی دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە بڕیاری هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی گەشتی ئێڕشاد پاش دانیشتن لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمار و لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابڕدوودا گیراوە.

لەلایەکی دیکەوە فەرماندەی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوە و تەنیا چەند کاتژمێرێک پاش قسەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم لە وتاری ڕۆژی جێژندا، باسی لە بەڕێوەچوونی گەڵاڵەییەک بە دژی پۆششی ژنان لە ٢٥ی خاکەلێوەدا کردبوو.

 خامنەیی لە وتارەکەیدا داوای لە "ئامرانی بە مەعرووف" کردبوو کە بەرەوڕووی "لادان لە ئایین" ببنەوە.

بەپێی چەند گرتەڤیدیۆیەک لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە لە شەقامەکانی ئێران دەردەکەوێت کە پۆلیسی گەشتی ئێرشاد بە هاوکاریی لیباس شەخسییەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکە، بە توندوتیژی و شێوازێکی نامرۆڤانە لەگەڵ ژنان و کچان لەسەر شەقامەکان هەڵسوکەوت دەکەن.