کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سێ میلیارد یۆرۆ بۆ دروستکردنی دیوار و داخستنی سنوورەکان خەرج دەکات

12:28 - 9 بانەمەڕ 2724

جێگری وەزیری ئاسایشی سیاسیی نێوخۆی ئێران ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ماوەی پێنج ساڵدا بۆ ڕێگریکردن لە سنوورەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە، تێچووی سێ میلیارد یۆرۆیی لەبەرچاو گرتووە.

ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، مەجید میرئەحمەدی لە ڕاپۆرتەکدا باسی لەوە کرد، لەسەر بنەمای ئەم پلانە و بە ڕەزامەندیی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ماوەی پێنج ساڵدا بوودجەی سێ میلیارد یۆرۆیی بۆ هێزە چەکدارەکان دابین دەکرێت کە مەبەستمان پاراستنی ئەمنییەتی وڵاتە.

میرا ئەحمەدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم کارە بە شێوەی دیوار و لە شێوەی سیستەمی زیرەکی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هۆکاری ئەو پلانەی بە زیادکردنی ئاسایشی وڵات و ڕێگریکردن لە قاچاخی مرۆیی و چەک ڕاگەیاند.

داخستنی سنوورەکانی ئێران بابەتێکی نوێ نییە و لە بەشێک لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ساڵانی دەیەی هەشتاوە دەست بە دروستکردنی دیوار کراوە.

لە زاخی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە درێژایی ٥٠ بۆ ١٣٠ کیلۆمەتر دیوارێک دروست کراوە کە کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی دیوارەکەدا هەڵەی کرد و لە جیاتی ناوچەی سنووری دیوارێکی لە ناوخۆی وڵات دروست کرد.

لە ئەنجامی ئەم دیوار دروستکردنە زیاتر لە دوو هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی کەوتۆتە دەستی تاڵیبان کە ئەم پرسە بووە هۆی ناکۆکی سەربازی لە نێوان تاڵیبان و سپای پاسداران و پاسەوانانی سنووری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

پڕوپاگەندەی ڕێژیم بۆ دروستکردنی دیوار و پاراستنی سنوورەکان لەکاتێکدایە کە لە نێوخۆ پۆتانسیەلی هەموو چەشنە نائارامی و ناڕەزایەتییەک هەیە و ڕێژیم لە ڕاستیدا بە دروستکردنی دیواری لەم چەشنە دەیەوێ پێش بە ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بگرێ و لە ئەگەری هەر خۆپیشاندانێکدا لە سنوورەکانی دڵنیا ببێتەوە.