کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی تەندروستیی عوسمان ئیسماعیلی لە بەندیخانەی سنە ناجێگیره‌

16:50 - 9 بانەمەڕ 2724

به‌پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاریی کورد کە گیرۆدەی نەخۆشیی فتق و تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخەیە، بە هۆی ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و مۆڵەتی پشووی دەرمانی بێبەش کراوە.

پزیشکی جێ متمانەی پزیشکیی دادی پارێزگای سنه‌ دوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەم بەندکراوە سیاسییە تەمەن ٦٤ ساڵەیە ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری مانەوەی عوسمان ئیسماعیلی لە بەندیخانەدا، مەترسیی لەدەستدانی توانای جووڵەی قاچەکانی لە ئارادایە.

 بەپێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ بە مەبەستی دەسپێکردنی قۆناغەکانی دەرمان لە بەندیخانەی سەقزەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا، بەڵام جیا لە چەند پشکنینی سادە هیچ هەنگاوێکی تر بۆ دەسپێکردنی پرۆسەی دەرمانەکەی هەڵنەگیراوە.

هه‌روه‌ها لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا به‌ بڕیاری لقی دووهەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادگای سەقز ناوبراویان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرمان ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرد، بەڵام بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە بە بیانووی ناتەواوبوونی دۆسییەکەی ئامادە نەبوون وەری بگرن و هەر بۆیە سەرلەنوێ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی سەقز.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە نامەیەکدا بۆ لقی چوارەمی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سەقز ڕایگەیاندووە کە عوسمان ئیسماعیلی چەندین نەخۆشیی جیاوازی لەگەڵە و لەبەر ئەوەی دۆخی جەستەیی بە جۆرێک نییە بتوانێ لە بەندیخانەدا بمێنێتەوە، پێویستە مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ بدرێت، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات داواکارییەکەی قبووڵ نەکردووە.

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا  لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەتبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

بەپێی سزای سه‌پێندراو، عوسمان ئیسماعیلی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامەتی لە یه‌كێک له‌ حیزبه‌ كوردستانییەکان، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە ڕێژیم لە ڕێگای بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ‌بە خاكسپاردنی ژینا ئەمینیدا، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ڕاگەیاندنی سزاكه‌ی بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە دادنامەکە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە سزاکەی بۆ ١٦ مانگ بەندکران گۆڕدراوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرا.