کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦ ساڵ هێشتا قەرەبووی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان نەکراوەتەوە

01:23 - 10 بانەمەڕ 2724

پارێزگاری کرماشان سەبارەت بە مانەوەی ئاسەواری بوومەلەرزەکەی کرماشان ڕایگەیاند کە ڕاگەیاندنی ناوەختی کۆتاییهاتنی پرۆژەی نۆژەنکردەوە لەم پارێزگایە، وای کردووە کە پاش زیاتر لە ٦ ساڵ هێشتا ئاسەوارەکانی ئەم بوولەرزەیە ماونەتەوە و کێشەی خەڵک چارەسەر نەکراوە.

محەممەدتەیب سەحرایی، لە کۆبوونەوەیەکی کۆنتڕۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی کارگێڕیی قەیرانی ڕێژیم و بەرپرسی مانگی سوور ڕایگەیاند: پاش بوومەلەرزەکەی ساڵی ٩٦ی کرماشان، دەمانتوانی هەندێ کار بکەین، بەڵام ڕاگەیاندنی ناوەختی کۆتاییهاتنی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان وای کرد کە ئێستاش دەیان باڵەخانەی دەوڵەتی و خەڵكی، تەنانەت پەروەردە و بارهێنان و مزگەوت و قوتابخانەکان بە تەواوەتی نۆژەن نەکراونەتەوە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، ئەم بینایانە ٦٠ تا ٨٠ لەسەدی کارەکانیان تەواو بووە و بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە بینای پەروەردە و بارهێنانی سەلاسی باوەجانی کردووە و ڕایگەیاندووە: ئەم بینایە هیچ کارێکی بۆ نەکراوە و ئەگەر کەسێک بیبینێ پێی وایە بە تازەیی ڕووخاوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، هێڵی ئاسنی ئەم پارێزگایە بۆ خزمەتگوزاری بە خەڵک پێویستی بە هەزار میلیارد تمەن بوودجە هەیە کە تاکوو ئێستا دابین نەکراوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بە دۆخی سروشتیی کرماشان کردووە کە دەتوانێ بەستێنی ڕووداوگەلێکی وەک بوومەلەرزە، لافاو، ئاگرکەوتنەوەی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕووداوەکانی دیکە بێ، هەر بۆیە دەبێ ڕێگەچارەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بە وەخت و دروست بۆ ئەم ڕووداوانە بدۆزرێتەوە.

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ی هەتاویدا، بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای کرماشانی هەژاند و جیا لە گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان، ماڵ و حاڵی خەڵک بەتەواوەتی لەنێو چوو.

لە ماوەی نزیک بە ٧ ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیم کەمترین سەرنجی ئەم پارێزگایە و ئەو شارانەیان داوە کە بوونە ئامانجی بوومەلەرزەکە و تاکوو ئێستا بە تەواوەتی قەرەبووی زیانەکانی ئەەم ڕووداوە نەکراوەتەوە.