کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی بە دژی سەرکوتی ژنان

11:00 - 10 بانەمەڕ 2724

خوێندکارانی زانکۆی " بەهەشتی"ی تاران بە دژی سەرکوتی ژنان و کچان لە شەقامەکاندا و هەروەها پشتیوانیکردن لە خوێندکاری دەسبەسەرکراو، دینا قاڵیباف بەیاننامەیەکیان دەرکرد.

لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک لە کوشتنی ژینا ئەمینی هاتووە "هەموو ڕۆژێک کچانێک دەبینین کە بە بێ گوێدانە دڕندایەتییەکان و سەرکوتی بەربڵاوی ڕێژیمی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە ژیان و سەرکێشیکردن کۆڵەکەکانی ستەمکارییان وەلەرزە خستووە".

بەیاننامەکە زیادی کردووە کە دیوارکێشان و توندوتیژیی پۆلیس و داگیرکردنی شوێنەکان نە تەنیا نابێتە هۆی داگیرکردنی مێشکەکان بەڵکوو خۆڕاگری و خەباتی ڕۆژانە بەهێزتر دەکات.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی و بۆ پشتیوانیکردن لە دینا قاڵیباف هاتووە کە "تاوانی ئەو تەنیا باسکردن لە داماوی، دەستەوەستان، سەرکوت و هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە ساڵی ڕابردوو ڕێگەتان لە بەشداریکردنی لە تاقیکارییەکان گرت تاکوو لە زانکۆ دەری بکەن.".

خوێندکاران ڕوو لە سەرکوتکەرانی بچووک و گەورەی نێو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر دەست لە بە مەیدانی شەڕکردنی زانکۆکان هەڵنەگرن ئەوە بۆ پشتیوانیکردن لە خوشکان و براکانیان، ئەوانیش دێنە مەیدان.

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەدا هاتووە کە خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی داواکارن تاکوو هەموو خوێندکارە بەندکراوەکانی وڵات ئازاد بکرێن و هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی زانکۆکان هەموو هەوڵێک ئەدەن و خۆڕاگری دەکەن.

 

دینا قالیباف خوێندکاری بەشی کارناسیی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەهەشتیی تارانە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

 

ناوبراو ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە پاش دانانی پۆستێک لە هەژماری ئیکسی خۆیدا سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی لە یەکێک لە وێستگەکانی مێترۆی تاران و گێچەڵی سێکسی پێکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کرا و پاش چەند ڕۆژ ئەشکەنجە کران لە "ئاگاهیی شاپوور"ی تاران ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراوە.