کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیکردنی نوێنەرانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتکردنی ژنان

11:42 - 10 بانەمەڕ 2724

لانیکەم ١٦٠ نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرکوتی ژنان و کچان لە سەر شەقامەکاندا لەلایەن هێزەکانی ئینتزامییەوە دەربڕی.

عەلی کەریمی فیرووزجایی ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەریی مەجلیسی کۆامری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بانەمەڕ، دەقیی بەیاننامەکەی لە مەجلیسدا خوێندەوە و ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا بەیاننامەکە لەلایەن ١٦٠ نوێنەری مەجلیسەوە واژۆ کراوە و ڕێژەی واژۆکان زیاتریش دەبێت.

ئەم کەسانە داوایان لە دامەزراوەکانی دیکەی ڕێژیم کردووە تاکوو لە گەڵاڵەی ''نوور'' بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حیجابی ژنان، پشتیوانیی بکەن.

پشتیوانیکردنی بە ناو نوێنەرانی خەڵک لەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە هێشتا گەڵاڵەی ناسراو بە "حیجاب و عفاف" لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەند نەکراوە و ئەم کەسانە تەنانەت پێش پەسەندکردنی گەڵاڵەکە ڕەزامەندیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەڵاڵەیەکی دیکە کە فەرماندەیی هێزەکانی ئینتزامی بۆ خۆی دەری کردووە و دەستی کردووە بە سەرکوتی ژنان، دەربڕیوە.

خەرمانانی ساڵی ڕابردوو مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکیان پەسەند کرد کە بە شێوەی تاقیکاری بۆ ماوەی ٣ ساڵ یاسای حیجابی زۆرەملێ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەم گەڵاڵە هێشتا لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەند نەکراوە.

گەڵاڵەی ئاماژەپێکراو ژمارەیەک سزای قورستر لەوانە بەندیخانە و سزای نەختیی بۆ ژنان و کچانێک کە ئامادە نین بچنە ژێر باری حیجابی زۆرەملێ ئامادە کردووە تاکوو ژنان و کچانی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک بخاتە پەراوێزەوە.

شایانی باسە کە فەرماندەیی ‌یزەکانی ئینتزامی کە دامەزراوەیەکی جێبەجێکەرە و نەک یاسادانەر بە پەسەندکردنی گەڵاڵەی نوور لە سەرکوتی ژنان و کچان لە شەقامەکاندا دەستپێشخەریی کردووە و وەک دامەزراوەیەکی یاسادانەر بەرەوڕووی حیجابی ژنان بووەتەوە.