کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە نیکا شاکەرەمی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و کوژراوە

12:43 - 11 بانەمەڕ 2724

بی بی سی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا ڕایگەیاند کە بەڵگەنامەیەکی دەست کەوتووە کە دەریدەخات نیکا شاکرمی، تەمەن ١٦ ساڵان، لە پاییزی ساڵی ١٤٠١ و لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستدرێژی سێکسیی کراوەتە سەر و کوژراوە .

ئەم تۆڕە کە سەر بە حکوومەتی بریتانیایە، باس لەوە دەکات کە هۆکاری بانگەشەکەی، ڕاپۆرتێکی زۆر نهێنی لە دانیشتنی دۆسیەی نیکا شاکەرەمییە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، کە ناوی بکوژەکان و فەرماندە باڵاکان لەخۆ دەگرێت کە ویستوویانە خۆیان لە ڕاستيه‌كە بشارنەوە .

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نیکا شاکەرەمی، بە پێچەوانەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆتایی بە ژیانی خۆی نەهێنا، بەڵکوو دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن سێ کەسی سەر بە هێزەکانی ڕێژیمەوە، ئازار درا و سەرەڕای ئەوەی دەست و قاچی بەسترابوو و بە باتووم لێی درا، بەرگرییەکی زۆری لە خۆی نیشان داوە.

بی‌بی‌سی جیهانی بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەر دەستیدایە وتوویەتی، ئارەش کەلهوور، سادق مونجەزی، بێهروز سادقی لە مەئمورانی دەسبەسەرکردنی نیکا بوون و مورتەزا جەلیل سەرپەرەستی ئەو گرووپە بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزکانی ڕێژیم لە کاتی گواستنەوەی نیکا شاکەرەمی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ناوبراو، دوای ئەوەی نیکا بەرەنگارییان بووەتەوە، بە باتووم  لێیان داوە و کوشتوویانە، دواتر بە فەرمانی " نەعیم ١٦" بە ناسنامەی سەردارمحەممەد زەمانی لە شەقامێکی بێدەنگ لەسەر ڕێگای یادگار ئیمام لە تاران تەرمەکەیان فڕی داوە.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تلویزیۆنی دەوڵەتی لە گێڕانەوەکاندا ئیدعای ئەوە دەکەن کە نیکا شاکەرمی لەسەر بانی بینایەکەوە خۆی خستووەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.