کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنییەتی و چاوەدێریی بەسەر زانکۆی کوردستان هەروا توندتر دەبێتەوە

20:26 - 19 بانەمەڕ 2724

لە دوای شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕێوشوێنە ئەمنییەتی و چاوەدێرییەکان بە سەر زانکۆی کوردستان لە سنە هەروا توندتر دەبێتەوە و خوێندکاران لەو زانکۆیە بە وردی خراونەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بۆ ماڵپەڕی ''کوردستان میدیا'' نێردراوە، لە هەر شوێنێکی زانکۆ وەکوو دانشکەدەکان،خەوتنگەکان، پارکەکان و شوێنە گشتییەکانی نێو زانکۆ و کافە و خواردنگەکان دوربینی چاوەدێری بۆ دانراوە و بە توندی خوێندکاران کۆنترۆڵ دەکرێن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێگە نادرێ خوێندکارەکان بە شێوەی چەند کەسی تەنانەت بۆ تێپەڕکردنی کات یان بەرنامەیەکی مووسیقی لە هێندێک شوێن کۆ ببنەوە. هەر بەرنامەیەکی نێوخۆی زانکۆ کە پێڕەوی بڕیارەکانی زانکۆ نەبێ قەدەغە کراوە و ڕێگەی بەڕێوەچوونی کار و چالاکی تەنانەت خوێندکاریش نادرێت.

لە پێوەندی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ، گوشارێکی زۆریان بۆ کچان هێناوە و لە هێندێک حاڵەتدا ڕێگەی هاتنە ژوور بۆ زانکۆیان پێ نادرێت و لە ئەگەری هەر سەرپێچییەک بانگی حەراسەت دەکرێن.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە لە دوای شۆڕشی ژینا هاتوچۆ بۆ نێو زانکۆی کوردستان زۆر ئەستەم کراوە و بە سەختی ڕێگە بە کەس و میوانی خوێندکاری زانکۆی دیکە بۆ زانکۆ یان خەوتنگە دەدرێت.

هەروەها باس لەوە کراوە ئەو دۆخە ئەمنییەتی و چاوەدێرییە توندە کە بەسەر زانکۆدا سەپاوە، کاریگەری زۆری لەسەر خوێندکاران داناوە و کەشێکی ناوخۆش و نالەبار بۆ دڕێژەدان بە خوێندن هاتووەتە ئاراوە.