کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزەکانی مافی مرۆڤی ١١ وڵاتی ئورووپایی سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحییان مەحکووم کرد

10:52 - 20 بانەمەڕ 2724

باڵوێزکانی مافی مرۆڤی ١١ وڵاتی ئورووپایی، حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی،  گۆرانیبێژ و ڕەپێری  ناسراو لە ئێرانیان مەحکووم کرد.

هیلێل نوێر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس، بەیاننامەی هاوبەشی باڵیۆزی مافی مرۆڤی ١١وڵاتی ئورووپای کە سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی مەحکووم کردووە، ڕاگەیاند.

هیلیل نوێر بە ئاماژەی بەوە کرد کە تووماج ساڵحی یەکێک لەو دەنگە بەهێزانەیە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کرد و داوای ئازادی و مافی ژنان و کچان لە ئێران دەکات.

ناوبراو داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد تاکوو بە بەڵینییەکانی خۆی وەک ئازادیی ڕادەربڕین کە لە پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان هاتووە و  ئێران یەکێک لە وڵاتانی ئەندامە، پێبەند بێت.

باڵوێزی ئەم ١١ وڵاتەی ئورووپا جەخت لەوە دەکەنەوە کە سزادانی تووماج ساڵحی لە دۆخێکدا بە سەریدا سەپاوە کە سنووردارکردنی توندی ئازادیی هونەری و جۆرەکانی تری ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێران بەردەوامە و ڕێژیم لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و سەرکوتکردنی دژبەران کەڵک وەردەگرێت.

لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە بە زۆرێک لە دەنگەکان لە سەرانسەری جیهاندا کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی تووماج ساڵحی و زیندانییانی سیاسیی دیکە و خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە لە ئێران دەکەن، پەیوەست دەبین.

 لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا باڵوێزی ئەم ١١ وڵاتە وێڕای ڕاگەیاندنی دژایەتیی خۆیان بۆ سزای لەسێدارەدان، داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەن کە ئەم ئامرازە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن بەکار نەهێنێت.

ئەم ١١ باڵوێزە نوێنەرانی وڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا، سوید، نۆروێژ، فینلاند، هۆلەند، ئیسپانیا، ئێستۆنی، لیتوانی و لۆکزامبۆرگ لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم بەیاننامەیان واژۆ کردووە.