کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: بەرامبەر بە شەڕی ڕێژیمی ئێران دژی ژنان ناڕەزایەتی دەرببڕن

12:19 - 20 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دوایین بەیاننامەی خۆیدا "شەڕ دژ بە ژنان"ی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەهۆی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە کە پێویستە بەردەوام داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بکرێت کۆتایی بە زوڵم و سەرکوتی ژنان بێنن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی "کردەوەی بەپەلە"دا نامەیەکی ڕوو بە غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، بڵاو کردووەتەوە و چەندین حاڵەتی سەرکوتکردنی دڕندانەی دژ بە ژنان و کچانی خستۆتە ڕوو و بە "شەڕی دەسەڵاتدارانی ئێران دژی ژنان" بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ناو بردووە.

نامەکە کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە دەستپێکردنی گەڵاڵەی نوور و جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شوێنە گشتییەکانی شارەکانی ئێران دەکات کە دەیانهەوێت ژنان بە ناچاری حجابی زۆرەملێ قەبووڵ بکەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتوویەتی لە مانگی ڕابردووەوە ڕێوشوێنە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە فەزای گشتیدا چڕتر بووەتەوە و دەیەوێت بە هەر ڕێگایەکەوە وەکوو لێدان، توندوتیژی سێکسی، شۆکی کارەبایی، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و هەموو جۆرەکانی دیکەی ئازاردان" مافی پۆشینی ژنان پێشێل بکات.

 ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت ژنان و کچان لە ئێران دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، ڕووبەڕووی پێشێلکردنی دووبارەی مافە مرۆییەکانیان بوونەتەوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە هەموو لایەک کردووە نامە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەوانە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی و مۆحسێنی ئێژەیی بنووسن و سەربارەت بەم سەرکوتکردنە ناڕەزایەتی نیشان بدەن.

لە بەیاننامەکەی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتووە، پێویستە داوای ئازادیی ڕادەربڕین و ئایین و بیروڕا بکرێ و هاوکات هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سەرجەم پەیڕەو و یاساکانی حیجابی زۆرەملێ و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو هێزانە بکرێت کە ئەرکی جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێیان بەڕێوە دەبەن.